سلێمانی خوازیارە بەپێشەنگی بمێنێتەوە

ئاراس عەبدولکەریم مەعروف

ئەم رۆژانە ٢٣٨ ساڵ بەسەر دروستکردنی سلێمانیدا تێدەپەڕێت، شارێک کە بەدەستی کورد خۆی‌و بەمەبەستی کردنی بەپایتەخت دروستکراوەو لەوەتەی هەیە لەچەندین بواری گرنگدا پێشەنگ‌و داهێنەر بووەو خوازیاریشە هەر بەپێشەنگی بمێنێتەوە.

راستییەک کە ناکرێ دۆست‌و دوژمن چاوپۆشی لێبکەن ئەوەیە سلێمانی هەر لەسەرەتای دروستکردنیەوە خەڵکێکی کردەو کارامەو دەستڕەنگین لەسەر داوای میرەکانی بابان رویانتێکردوەو لەماوەیەکی کەمدا بووەتە مەڵبەندی ئەدەب‌و کلتورو داهێنانی شارستانی‌و خوێندەواری‌و ئاستێکی بەرزی پیشەگەری‌و لەمێژووی کوردستاندا ئەم شارە درەوشاوەتەوە.

 زۆرن ژمارەی ئەو مرۆڤە گەورانەی لەم شارەدا هەڵکەوتن‌و گەشەیان بەزمانی كوردی داو ئەدەب‌و مێژووی كوردییان بەزیندوێتی هێشتەوەو بوونە پێشەنگی نوێکردنەوەی شیعری کوردی‌و دەرکردنی یەکەم رۆژنامەی کوردی‌‌، یەکەم رۆمانی هاوچەرخی کوردی‌، یەکەم کورتە چیرۆکی کوردی، یەکەم گروپی شانۆیی کوردی‌، یەکەم حیزبی سیاسی کوردی‌، یەکەم تەقەی شۆڕش‌و راپەڕینی کورد، کردنەوەی یەكەمین قوتابخانەی كچان‌ لەکوردستان‌و یەکەمین زانکۆو یەكەمین یانەی وەرزشی‌و یەکەمین كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان‌و هێنانی یەکەم ئامێری موزیكی كەمان‌و دامەزراندنی یەکەم تیپی هونەریی کوردی، لەسەر دەستی خەڵکی ئەم شارە کرا بەواقیعێکی بەردەست.

یەکەمین گروپی خوێندکار کە لەباشوری کوردستانەوە بۆ خوێندن روویان کردە ئەستەنبولی پایتەختی عوسمانییەکان لەسەدەی نۆزدەهەم‌و سەرەتای سەدەی بیستەمدا گەنجانی سلێمانی بوون، بەدرێژایی سەردەمی پاشایەتیش ئەوەی نوێنەرایەتی کوردی کرد لەپایتەختی عێراقداو وەک پێگەی بەهێزی کورد لەحکومەتی ناوەندی بەغدا دەرکەوتن، خەڵکی کارامەو بەئەمەکی ئەم شارە زیندووە بوون.

سلێمانی لەمێژووی خۆیدا، لەچەندین بواری گرنگی دیکەی ژیان‌و خەباتی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابوریدا هەمیشە رادیکاڵ‌و نوێخوازو داهێنەرو دەستپێشخەر‌و ڕەچەشکێن بووەو کەس نەیتوانیوە پەراویزی بخاو نادیدەی بگرێت، شارێک بەم رابردووە بە‌هێزەوە حەیف نییە لەئایندەشدا بەپێشەنگی نەمێنێتەوە؟!

سلێمانی ئەگەر بەهۆی چەندین فاکتەری جیاوازەوە لەڕووی ئاوەدانی‌و شەقام‌و رێگەوبان‌و تەنانەت ئابوریشەوە بەراورد بەپێشترو بەشارەکانی تر پاشەکشەی کردبێت، ئەوا لەڕووی کلتوری‌و داهێنانی ئەدەبی‌و رۆشنبیرییەوە هێشتا پێشەنگی خۆی لەدەست نەداوەو تا ئێستا سلێمانی لەڕووی کلتورییەوە بەئەندازەیەک بەهێزەو ئەوەندە توانای مرۆیی زۆرو زەبەندە کە دامەزراوەو دامودەزگای شارەکانی دیکە بۆ مانەوەو بەردەوام بوونی خۆیان، پشتی پێدەبەستن.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سلێمانی دەتوانێت هەر بەپێشەنگی بمێنێتەوە؟

بەدڵنیایی سلێمانی خاوەنی پاشخانێکی ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و کلتوری ئەوەندە بەهێزو نوێخوازو یاخی‌و رەچەشکێنە، کە لەبەرهەمهێنانی کلتورو دەقی ئەدەبی ناوازەو روناکبیریی‌و نوێگەریدا پەکی ناکەوێت.

بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش سلێمانی پێویستی بەسەرلەنوێ رێکخستنەوەیە، رێکخستنەوەی هەموو بوارەکانی ژیان، بەتایبەتی لەم رۆژگارەدا کە جیهانگیریی‌‌و تۆڕەکانی سۆشیال میدیاو کێشمەکێشە سیاسییەکانی ناوخۆو دەرەکی‌و شەپۆلەکانی ئاوارەبوونی مرۆیی بەوپەڕی هێزو بێڕه‌حمییەوە خۆیان‌ فڕێداوه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌‌و خه‌ریكه‌ هه‌موو جوانییه‌كانی‌ ده‌هاڕن، وا دەخوازێ بەرپرسانی ئەم شارەو ئەوانەی خۆیان بەخاوەنی دەزانن لەئاست پێویستییەکانی ئەم قۆناغەدا بن‌و به‌وریایی‌‌و به‌رپرسانه‌ کار بۆ بەردەوام بوونی پێشەنگی سلێمانی‌و گەشەدان بەتوانا مرۆییەکانی بکەن.