رۆڵی تەکنەلۆژیا لە بەرەو پێشچونی کاری بازرگانی کۆتا سمیناری کۆڕبەندی ئابوری سلێمانی بوو

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابوری سلێمانیدا کرد و سیمینارێکی تایبەت بە ڕۆڵی تەکنەلۆجیا لە بەرەو پێشبردنی کاری بازرگانی بەڕێوەبرد.

سمینارەکە، به‌ ئاماده‌بوونی، سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و نه‌وزاد غه‌فور، جێگری سه‌رۆك و ئازاد عه‌بدولكه‌ریم. ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوور به‌رێوه‌چوو، له‌ پانێڵه‌كه‌دا، د.سەلام عه‌بدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و د.بروس فێرگسۆن، سەرۆکی زانکۆی ئه‌مریكی سلێمانی – عێراق و میر کاوە، ڕاوێژکاری ئایتی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و هێرۆ محەمەد، خاوەنی کۆمپانیای بۆتان و ئەڤین قادر، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کلیک عێراق گفتوگۆ له‌باره‌ی ته‌وه‌ره‌كه‌ كرا.

د.بروس فێرگسۆن، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سمینارەکەدا ڕایگەیاند” زانکۆکەمان توانیویەتی ساڵانە کار بکات بۆ پێگەیاندنی کەسانی بەتوانا و شارەزا کە ڕۆڵیان هەبێت لە بەهێزکردنی بازاڕو کاری خاوەن کۆمپانیاکان و هەندێکیان بونەتە خاوەنی کاری خۆیان”.

راشیگەیاند” لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی پەیوەندیمان هەیە کاردەکەین بۆ ئەوەی خوێندکارەکانمان و کەسانەی دەرەوەش بێن دەستبکەن بە بیرۆکەی نوێ لەڕێگەی ئەو سیستمەی هەمانە دەست بکەن بە کاری خۆیان “.

ئاماژەی بەوەشدا” لەئێستادا قورسە مرۆڤ لە تەکنەلۆژیا جیابکەینەوە کە لە ئێستادا وا زیرەکی دەستکردیش دێتە ناومانەوە بۆیە ئێمە پەیوەندیمان هەیە لە گەڵ حکومەتی هەرێم و ژووری بازرگانی تابزانین لە داهاتودا چ کارێک بکەین بۆ زیاتر بەروپێشبردنی تەکنەلۆژیا”.

د.سەلام عه‌بدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە سمینارەکەدا ڕایگەیاند “تەکنەلۆژیا خۆی فەرز کردووە بەسەر هەمو جیهاندا بۆیە ئەوەش پێویستی بە یاسای تایبەت بەخۆیەتی بۆ ڕێکستنی کارەکانی ئەمەش دەبێت سیستەمێکی بانکی باش هەبێت چونکە زۆربەی ناردنی پارەی بازرگانی لەجیهاندا لەڕێگەی ئەلکترۆنیەوە دەکرێت بەڵام لە عێراقدا ئەوە بۆتە کێشە بۆ بازرگانان ، وە گواستنەوەی کاڵاکان کاتێک بازرگان دەیکڕێت یاسایەکی نوێیان بۆ دەربکرێت تا دەوڵەتیش ڕۆڵی بگێرێت لەوکارانەدا”.

میر كاوه‌، راوێژکاری ئایتی ژووری بازرگانی سلێمانی لە سمینارەکەدا ڕایگەیاند ”لە کوردستاندا ژمارەیەکی زۆر دەرچوی زانکۆ ھەیە بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دێنە بازاڕی کارەوە دەبین بەشەکان تێکەڵ بووە بۆ نمونە ئێمە چەند جۆرێک ئەندازیارمان ھەیە کە بەشەکانیان جیاوازە بەڵام ھەموویان ئیشی یەکتر دەکەن و بەشەکان تێکەڵ بووە، پێویستە بەشاکانی زانکۆ لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێت و بەشەکان جیابکرێتەوە ھەر کەسەو کاری خۆی بکات”.

ئاماژەی بەوەشدا “ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەمیشە ھەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنە ئەکادیمیەکان و ڕێکخراوە جیھانییەکان ئەو بۆشایەی لە نێوان لایەنی تیۆری و پراکتیکی ھەیە پڕیبکەینەوە، ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەزمونێکی زۆرمان ھەیە لەلایەنی پاراکتیکی ئەو پسپۆڕیانەی کە خودی بازاڕ پێویستی پێیەتی ھەوڵمانداوە ئەمە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنین تاکو بتوانین ڕاھێنان بەو کەسانە بکەین کە لە دەمەزراوەکاندا کاردەکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەمیشە پێشەنگ بووە لە بەکارھێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم، لە ساڵی ٢٠١٥دا سیستەمی یەک پەنجەرەی بەسەرکەوتووی جێبەجێکرد، ھەمیشە ھەوڵیداوە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم بەکاربھێنێت بۆ نمونە، لە ئێستادا خەریکی پڕۆژەیەکین بەناوی (ڕۆژشن) کە بۆ ھەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەست دەبێت، لە ڕێگای ئەم ئەپڵیکەیشنەوە، ھاوڵاتیان و خاوەنکاران و بازرگانان بە یەک دەگەن، ئەو کەسانە کە تازە دەست دەکەن بە کاری بازرگانانی ناساندنی بەرھەمەکانیان بە ھاوڵاتیان کارێکی سەختە لە سەرەتادا ھەوڵدەدەن لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بەرھەمەکانیان بناسێن بەڵام ئەمە زۆرجار ئەنجامی باشی نابێت، ئێمە ھەوڵمانداوە پلاتفرمێکیان بۆ دابین بکەین بە داونڵۆد کرادنی ئەپڵیکەیشنەکە بازرگان دەتوانێت کاڵاکانی نمایش بکات و وێنە و ڤیدیۆی بەرھەمەکانی لە ئەپڵی کەیشنەکەدا دابنێت.

دووهه‌مین كۆڕبه‌ندی ئابووری سلێمانی ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام كه‌ چه‌ندین پانێڵی تێدا به‌رێوه‌چوو ئه‌مرۆ كۆتا رۆژی كۆڕبه‌نده‌كه‌ بوو، كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا.

/