دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی تورکیا، بڕیارێکی دەرکرد

وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لە بڕیاری دادگەی پاریس دەکات کە لە بەرژەوەندیی بەغدا بڕیاریدا بەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق لە بەندەری جەیهانەوە لە لایەن تورکیا، نایاساییە.

دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی کە لە شاری پاریسی فەرەنسایە، دژی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی تورکیا، بڕیاری دەرکرد.

لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی عێراق سکاڵایەکی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی دژ بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە تۆمارکرد و تێیدا تورکیای بە پێشێلکردنی رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی نێوان ئەنقەرە و بەغدا تۆمەتبارکرد بەوەی رێگەی داوە لە هەرێمی کوردستانەوە نەوت بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق، هەناردەی دەرەوەی بکرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: “پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین کە پێنجشەممەی رابردوو 23ـی ئاداری 2023، لە بەرژەوەندیی عێراق لە لایەن دەستەی دادوەریی سەربە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس دەرکرا، ئەوەش لە چوارچێوەی سکاڵایێک کە کۆماری عێراق دژی کۆماری تورکیا تۆماریکردبوو لە بەرامبەر پێشێڵکردنی رێککەوتنی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کە لە ساڵی 1973 واژۆی لەسەرکراوە.”

ئەو رێککەوتنەی کە وەزارەتی نەوتی فیدرالی باسی دەکات، “تورکیا پابەند دەکات بە رێنماییەکانی لایەنی عێراقی سەبارەت بە ناردنی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە عێراقەوە بۆ هەموو ناوەندەکانی کۆگاکردن و رەوانەکردن.”

شەوی هەینی 24-3-2023، میدیا جیهانییەکان ئاشکرایان کرد کە حکومەتی تورکیا بڕیاری دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراق راگەیاندووە و تێیدا گوتویەتی “دادگەکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە” هەروەها گوتوویەتی “ئەنقەرە بڕیاری داوە چیدیکە بە بێ رەزامەندی و مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێگە بەو کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جیهانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێبکەون”.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2022، دادگەی فیدراڵیی عێراق هەناردەی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە و سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە نادەستووری ناوبرد.

دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە؛ لە ساڵی 1923 دامەزراوە و 100 دادوەری هەیە و نوێنەرایەتیی 90 وڵات دەکات. دادگەکە چارەسەری کێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.