تا ئێستا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامی نەبووە و پرسی بوودجە و مووچە گەیشتۆتە بنبەست

دوای پێکھێنانی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق بۆ چەندین جار سەرانی بەغدای کرد و لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدڕالیی لەبارەی پرسی بوودجە، مووچە و ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز کۆبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان ھەردوولا ئەنجامیان نەبووە.

لە دوای ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، چەندین کێشە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کەڵەکەبوون کە بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکان ناو دەبرێن، پرسی بوودجە و مووچە، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غازی فیدڕالیی و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا ھیچکام لە حکوومەتەکانی عێراق بە حکوومەتی ئێستایشەوە نەیانتوانیووە چارەسەری بکەن.

ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بوودجە و مووچە زیاتر لە ساڵی ٢٠١٤دا زەقبووەوە، کاتێک نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوەکاتی عێراق بوو، بەشە بوودجەی ھەرێم لە بەشە “بوودجەی فیدڕالیی” بڕی و بەمشێوەیە کێشەی بوودجە لە نێوان ھەولێر و بەغدا دروست بوو کە تا ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

ئەو کات نوری مالیکی، بەھۆی ڕاگەیاندنی پلانی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە، ناردنی پشکی ھەرێمی لە بوودجە ڕاگرت.

دواتر لە ساڵی ٢٠١٩دا، حکوومەتی پێشووی عێراق، بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی و حکوومەتی ھەرێم گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ڕێککەوتنەکە حکوومەتی عێراق لەبەرامبەر ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لەلایەن ھەرێمەوە بە بەغدا، ٤٥٣ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێم کرا و دواتر ئەو بڕە پارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا و دوای پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ڕاگیرا.

ھاوکات لە ساڵی ٢٠٢٠دا، حکوومەتی عێراق تەنھا سێ جار مووچەی مووچەخۆرانی ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان-عێراق کرد کە یەکەمیان لە مانگی ئادار بوو بە بڕی ٤٥٣ ملیار دینار، دواتر ئەم بڕە پارەیە کەمکرایەوە بۆ ٤٠٠ ملیار دینار و دووەمجاریش ٣٢٠ ملیار دینار و دوایین جاریش بڕی ٣٠٠ ملیار دیناری ڕەوانە کرد.

پاشان دوای ئەوەی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ ی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا، بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستھێنانی ٣١ کورسی لەسەر ئاستی ھەرێم بووە براوەی یەکەم و ڕەوتی سەدریش بە بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی لەسەر ئاستی عێراق بووە براوەی یەکەم.

بەڵام موقتەدا سەدر بەھۆی ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ شکستی ھێنا لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢دا کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسیی ڕاگەیاند.

دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێککەوتنێکی پێشوەختە لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعە) و بەشێک لە لایەنەکانی (سوننە) لە پێکھێنانی کابینەی محەمەد شیاع سوودانی بەشداربوون و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە، چارەسەرکردنی پرسی بوودجە و مووچەیە لەنێوان ھەولێر و بەغدا.

ــ پرسی بوودجە و مووچە، ناکۆکی سەرەکی نێوان ھەولێر و بەغدایە

ساڵانێکی زۆرە بەردەوام کێشەی ئابووریی، بە تایبەتی پرسی بوودجە و مووچە، بووەتە گرفتی گەورە و ناکۆکی سەرەکی نێوان ھەولێر و بەغدا.

وەک ئەوەی ئێستا لێکدەدرێتەوە، کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی بەروارد بە کابینەکانی پێشوو بەرامبەر بە ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان- عێراق دەستی بەهێزترە، چونکە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی بۆ دەرەوە ڕاگرتووە کە ئەم پرسە لە ھیچکام لە کابینەکانی پێشووی حکوومەتی عێراق ڕووینەدا بوو.

ئەوەیش لە کاتێدایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان- عێراق، وەک داھاتی سەرەکی لە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی، پشتی بە داھاتی فرۆشتنی نەوت بەستبوو.

ھەروەھا بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم ئاماژە بەوە دەکەن، بوودجەی گشتیی عێراق کە بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کراوە، نا حەقی و نا عەدالەتی زۆری بەرامبەر بە شایستە داراییەکانی ھەرێم تیادایە.

بەپێی یاسای بوودجە، پێویستە حکوومەتی عێراق مانگانە بڕی ٩٤٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی فیدڕالیی بۆ مانگی حوەزیرانی ٢٠٢٣، تەنھا ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ ھەرێم ناردبوو کە ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتیی حکوومەتی ھەرێمی لێکەوتەوە.

حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ مانگی تەممووز بنێرێت، کەچی ئێستا داھاتی ناوخۆی ھەرێم ٣٢٠ ملیار دینارە، بەوەیش حکوومەتی ھەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی، بڕی ١٢٠ ملیار دینار کورتھێنانی ھەیە و بۆیە ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیارە حکوومەتی فیدڕالیی بۆ حکوومەتی ھەرێم بینێرێت ئەوا بەشی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران ناکات.

تا ئێستا دیار نییە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق، چۆن ئەو کورتھێنانە لە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی پڕدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر پارەی دیکەی وەک داھات لەبەردەستدا نەبێت، ئەوا ڕەنگە حکوومەتی ھەرێم نەتوانێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش بکات، یان ئەگەری ھەیە وەک ساڵی ٢٠١٦ تا ساڵی ٢٠٢٠، بەشێوەی سیستەمی لێبڕین یان پاشکەوت، مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات.

لە ١٣ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدڕالیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و چوار ڕۆژ دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوینەرانی کرد کە قەبارەکەی بۆ ھەر ساڵێک ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینار بوو.

بەڵام لە میانی گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گۆڕانکاریی لە ژمارەیەک ماددە و بڕگەی نێو یاسای بوودجەی گشتیی کرا، یەکێک لەو گۆڕانکارییانە بریتی بوو لە دەستکاریکردنی قەبارەی بوودجە کە بۆ ھەر ساڵێک لە ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینار، زیاد کرا بو ١٩٨ تریلیۆن و ٩٧٥ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینار.

یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کە لە یەکی مانگی تەمووزی ڕابردووەوە کەوتە واری جێبەجێکردن بڕی ١٩٨ تریلیۆن و ٩٧٥ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە.

ھاوکات لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی نێو یاسای بوودجەی گشتییدا، گۆڕانکاریی لەو ماددانە کرد کە پەیوەندییان بە پشکی ھەرێمەوە هەبوو لەوانە حکوومەتی ھەرێم پابەندکرد کە ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، ھەروەھا بڕگەیەک لە ماددەی ١٤ی یاسای بوودجەدا جیگێرکرا کە بریتیی بوو لەوەی ئەگەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانی ھەرێم، لەدابەشکردنی بوودجە ناڕازی بوو، ئەوا بەشە بوودجەی ئەو پارێزگایە لە پشکی ھەرێم کەم دەکرێتەوە و حکوومەتی فیدڕالی ڕاستەوخۆ بەشە بوودجەی پارێزگاکە دەنێرێت، هاوکات حکوومەتی فیدڕالیی هاوبەشکرد لە بەڕێوەبردن و داهاتی دەروازە سنوورییەکانیيش.

دواجار لە ڕۆژی ١٢ی حوەزیراندا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی بەو گۆرانکارییانەوە پەسەند کرد.

ــ جیاوازی داھاتی نانەوتی نێوان ھەرێم و عێراق

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان- عێراق لە چوار پارێزگاکەی خۆی، دەتوانێت مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار لە داھاتی نانەوتی کۆبکاتەوە. لەبەرامبەردا حکوومەتی عێراق لە ١٥ پارێزگای خۆی، دەتوانێت مانگانە یەک تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار کۆبکاتەوە.

ــ جیاوازی ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێم و عێراق لە یاسای بوودجەی گشتییدا

لەناو یاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا، یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مووچەخۆری ھەرێم جێگیرکراوە کە لەو ژمارەیە ٦٥٨ ھەزار و ١٨٩یان فەرمانبەرن.

ھاوکات لەناو یاسای بوودجەی گشتییدا، نۆ ملیۆن مووچەخۆری عێراق جێگیرکراون کە لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و ٧٤ ھەزار و ٦٩٧یان فەرمانبەرن.

ــ جیاوازی داھاتە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق

ھەرێمی کوردستان-عێراق، شەش دەروازەی سنووریی بۆ بازرگانیکردن ھەیە کە ساڵانە دەتوانێت، لەڕێگای ئەو دەروازە سنوورییانەوە، یەک تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار وەک داھات کۆبکاتەوە.

ھاوکات حکوومەتی عێراق لە ١٥ پارێزگا، ٢٢ دەروازەی سنووریی بۆ بازرگانیکردن ھەیە کە ساڵانە دەتوانێت، لەڕێگای ئەو دەروازە سنوورییانەوە، یەک تریلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار کۆبکاتەوە کە ئەوەیش بەراورد بە داھاتی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم زۆر کەمە، چونکە ژمارەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەراورد بە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم زیاترن، بەڵام داھاتەکانیان کەمە.

پێشتر دەستەی دەستپاکی لە عێراق ڕایگەیاندبوو کە گەندەڵییەکی زۆر لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقدا دەکرێت.

ــ بەغدا چی لە ھەولێر دەوێت

دوای پێکھێنانی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چەندینجار سەرانی بەغدای کرد و لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدڕالیی لەبارەی پرسی بوودجە، مووچە و ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز کۆبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان ھەردوولا ئەنجامیان نەبووە.

لەئێستادا ھەولێر و بەغدا لەسەر ڕادەستکردنی سەرجەم داھاتە نانەوتییەکان لەلایەن ھەرێم بە حکوومەتی فیدڕالیی، ھەروەھا حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە ھەرێم کار دەکەن ناکۆکن و لەوباریەوە حکوومەتی عێراق داوا دەکات کە بەپێی گرێبەستی کۆمپانیا ناوخۆییەکان، حکوومەتی ھەرێم حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات، بەڵام حکوومەتی ھەرێم داوایکردووە، حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە ھەرێم کار دەکەن بەپێی تەندەرەکانی ڕێگەپێدان کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە کۆمپانیا بییانییەکانی داوە، خەرج بکرێت.

ھاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندەکانی چاودێری دارایی ھەردوو حکوومەتی فیدڕالیی و ھەرێمی کوردستان-عێراق بە مەبەستی وردبینی و پاکتاوکردنی حیساباتی مانگەکانی ڕابردوو کە خۆی لە قەرز، خەرجی و داھاتەکان دەبینێتەوە، لە ھەولێر و بەغدا کۆبوونەوە، دواتر ڕاپۆرتی کۆتایی لەوبارەیەوە ڕادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا.

پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەرمین مەعروف ڕایگەیاندبوو، حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕالیی، بە ھاوبەشی لیژنەیەکی تەکنیکیان، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو پرسانە پێکھێناوە.

شاندی حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاندووە کە لە ٢٥ی مانگی حوەزیرانەوە تا ئێستا، ڕۆژانە ٨٥ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی ‌ بەغدا کراوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا یەک دینار بەرامبەر بەو نەوتەی کە دراوەتە بەغدا، بۆ ھەرێم خەرج نەکراوە.

شاندەکە باسی لەوەیش کردووە، گرێبەستەکانی نەوتی ھەرێم بە بەراورد لەگەڵ بەغدا جیاوازە، حکوومەتی فیدڕالیی لەڕێگای کۆمپانیای نیشتمانییەوە، دۆسیەی نەوت بەڕێوەدەبات، بەڵام لە ھەرێم بە ڕێگەی کۆمپانیاوە ئەو کارە دەکرێت.

حکوومەتی ھەرێم دووپاتیکردووەتەوە کە پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا جێبەجێ کردووە، بۆیە ئێستا ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدڕالیی پشکی ھەرێم لە بوودجەدا نەنێرێت.

ھەروەھا حکوومەتی ھەرێم دەڵێت: “ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبنین ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات”.

ڕۆژی چواری ئەم مانگە وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان- عێراق، ئاوات جەناب نوری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئەنجامی دوایین کۆبوونەوە و گفتۆگۆکانی لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق لە بەغدا لەبارەی پرسی بوودجە و مووچە خستەڕوو و ڕایگەیاند لە ماوەکانی ڕابردوودا، زنجیرە کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدڕالیی ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامیان نەبووە.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، ئومێدێک لای کورد دروستبوو کە لە سایەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی-دا، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کە ساڵانێکی زۆرە بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەچوارچێوەی دەستووردا و بەگفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بەڵام ئێستا ئەو ئومێدە لای کورد کاڵبووەتەوە چونکە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق گەیشتووە بە بنبەست و، بە ئەستەم دەبیندرێت کە ھەردوولا بگەنە ڕێککەوتن.