بازاڕی قوماش و دوورینی جلوبەرگی ئافرەتان لەچاو ساڵانی رابردوودا، زۆر زیادی کردووە

بازاڕی جلوبەرگی کوردی ژنان تادێت روو لە زیادبوونە، بەپێوەری ئەوەی کە ژنان زۆرجار بۆ یەک بۆنە جلی کوردی بە دروستکردن دەدەن و لە مساڵیشدا هەریەک لە بۆنەکانی نەورۆز و جەژنی رەمەزان زۆر لەیەک نزیک بوونەتەوە، بازاڕی قوماش و دوورینی جلوبەرگی ئافرەتان لەچاو ساڵانی رابردوودا، زۆر زیادی کردووە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە نزیکبوونەوە لە جەژنەکانی بەهار و رەمەزان زیاتر جمەیان دێت.

شاهێن عەبدوڵڵا عەلی کە پیشەی پەرستارە و ٣٢ ساڵە ئاماژە بەوە دەکات کە بەگشتی خەڵک لە مانگی دووەوە دەکەوێتە ئامادەکاری بۆ جەژنی نەورۆز و بەو بۆنەیەوە جلی کوردی دەکڕێت و دەڵێت ”منیش جلم کڕیوە و هاتووم بۆ لای بەرگدروو بیدرووم”.

لەبارەی مۆدێلە باوەکانی دوورینی جلی کوردی و رەنگە زاڵەکان کە لەمساڵدا ژنان و کچان سەریان تێکردووە شاهێن عەبدوڵڵا دەڵێت “ئەمساڵ مۆدێلی جلی پرتەقاڵی و کەوای پوولەکەیە، ئەو جلانەی لە کۆندا باوی هەبووە، مۆدی پوولەکە و کراسی نقێم و گشت رەنگەکان، ئەوەیش بەپێی ئارەزووی خەڵک خۆیەتی. ئێستا من کەوای پوولەکەم کردووە لەگەڵ کراسی سەوزدا. کراسی کوردی کۆنەکانی جوانترە. من خۆم زۆر حەزم لە جلە کۆنەکانە. دایکم چ جلێکی کۆنی مابێت هەر ئەوانە بەکاردەهێنم. ئەمساڵیش ژنان هەموو جلە مۆدێل کۆنەکان دەکەن، بەتایبەتی پوولەکە”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمساڵ جەژنەکانی نەورۆز و رەمەزان زۆر لەیەکەوە نزیک دەبن هەر بۆیە هاووڵاتییان بە دیقەتەوە جلە کوردییەکانیان هەڵدەبژێرن تاوەکو بتوانن زیاتر لەبەریان بکەن، لەوبارەیەوە شاهێن دەڵێت “لەبەرئەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز هاتووەتە پێشەوە. لە نەورۆزدا خەڵک زۆر بواری نابێت بچێتە دەرەوە، لەبەرئەوەی بە تیرێک دەدەین لە دوو نیشان، واتە جلەکان بۆ نەورۆز و جەژنی رەمەزانیش بەکاردەهێنین”.

هێرش حەمید بابەشێخی بەرگدروو، ٣٩ ساڵ وەک یەکێک لە بەرگردووەکانی سلێمانی کە تەنیا جلوبەرگی کوردی ئافرەتان دەدورێت دەڵێت “ئێمە خانەوەدایەکی بەرگدرووین. پوورم و دایکم و خاڵم بەرگدروو بوون و خۆیشم لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە خۆم خاوەنی کاری خۆمم”.

هێرش حەمید ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگی شوباتەوە، ئافرەتان سەردەکەنە کڕین و دوورینی جلوبەرگی کوردی و دەڵێت ”پیشەی ئێمە بەرگدرووینە. خەڵک ساڵانە لە مانگی دووەوە دەست دەکات بە کڕینی جلی کوردی، بەڵام چەند ساڵی پێشوو بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابووریی و کۆرۆناوە خەڵک لە کڕینی جلی کوردی کشابوونەوە، بەڵام ئەمساڵ بازاڕ باشترە و لە چاو ئەو ساڵانە خەڵک زیاتر جلی کوردی دەکڕێت”

هێرشی بەرگدروو لەبارەی ئەو رەنگاکەی کە ئێستا ئافرەتان بۆ ئەمساڵ زیاتر هەڵیان دەبژێرن، دەڵێت “هەڵبژاردنی رەنگ دەکەوێتە سەر ئارەزووی کەسەکان. گەنجەکان زیاتر حەزیان بە رەنگەکانی سەوز و پەمەیی و شین و کراسی رەنگاوڕەنگە. ئەوانەیشی تەمەنیان سەر کەوتووە بەپێی تەمەنی خۆیان رەنگەکانی رەش و نیللی و قاوەیی دەکەن”.

ئەو بەرگدرووە لەبارەی مۆدێلی جلوبەرگەکانەوە باس لەوە دەکات کە ئەمساڵ زیاتر مۆدێلی هێلەک و کراسە و خەڵک تێکەڵی دەکات و دەڵێت “ئەمساڵ کە بۆنەی نەورۆز و رەمەزان بەیەکەوەیە، خەڵکەکە وا بیر دەکەنەوە جلێک بکەن بتوانن بۆ هەردوو بۆنەکە لەبەری بکەن. بەهۆی قەیرانی دارایییەوە خەڵک ناتوانێت بۆ جەژنی نەورۆز جلێک و بۆ جەژنی رەمەزان جلێکی دیکە بکات. ئێستا دەیدەن بە بەرگدرووەکان، ئەگەر فریا بکەون بۆ نەورۆز لەبەری دەکەن، ئەگەریش فریا نەکەون بۆ جەژنی رەمەزان لەبەری دەکەن”.

هێرش حەمید نایشارێتەوە کە زۆربەی کچان و ژنان سەریان کردۆتەوە سەر شێوازەکانی جلوبەرگی کۆنی کوردی ئافرەتانە و لەوبارەیەوە دەڵێت “ئێستا خەڵک گەڕاوەتەوە بۆ مۆدێلی کراسە کۆنەکان کە جێگای دڵخۆشییە. کراسی فەقیانە و کراسی تیرۆژوو دەکەن و حەزیان لە جل و کراسی پانوپۆڕە. سوپاس بۆ خوا، جلەکانی ئێستا شێوازی کوردەوارییان پێوە دیارە، بەڵام چەند ساڵێک پێشووتر کە باسی جلی کوردی دەکرا، خەڵک وەک عەزی دەهاتە پێش چاوی، بەڵام ئەمساڵ خەڵک گەڕاوەتەوە سەر مۆدێلی جلی کۆنی کوردی، کەسانێکیش هەن حەزیان بە مۆدێلی کەوا و کراسی دهۆکی-یە، کەمەری کراسەکان چرچ دەکرێن. ستایلێکی جوانە و خەڵک زۆر بەکاری دەهێنێت”.