ئەندامێکی ژووری بازرگانی سلێمانی بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیری بازرگانی عێراق کرد

رێکەوتی ۳/٦/۲٠۲٥ ئارام بابان، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی وەزیری بازرگانی عێراق کرد لە شاری بەغداد، کە تایبەت بوو بە تەرخان کردنی بڕێک پارە بۆ هاوکاری زیاتر کردنی هەناردەی بەرهەمی کارگەکان .
ئارام بابان، ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ د. ئەثیر داوود الغەریری، وەزیری بازرگانی عێراق، بابەتێکی گرنگی باسکرا، هاوکاریکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و داواکاری بۆ پشتگیریکردنی مادیی کارگە ناوخۆییەکان کە بەرهەمەکانیان بۆ دەرەوەی عێراق هەناردە دەکەن، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بڕی پێشنیارکراوی ئەم پشتگیرینە %١٩ی هەناردەکاران بگرێتەوە.
هەروەها، ئاماژەی بەوەشدا کە داوای لە وەزارەتەکە کرد ڕێگە بدرێت بە بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێم بگەنە بازاڕەکانی خوارووی عێراق، چونکە ماوەیەکە ڕێگری لە بازرگانی ئەم بەرهەمانە دەکرێت.
لە بەرامبەردا، د. ئەثیر داوود الغەریری، ڕایگەیاند کە لیژنەیەک پێکبهێندرێت دوای پشوی جەژنی قوربان، بۆ سەردانی کارگەکانی هەرێم و سلێمانی و نزیكبوونەوە لە کێشەکانیان. هەروەها، ئارام بابان وەک ئەندامێکی ئەم لیژنەیە دەستنیشانکراوە.