سێ نوێنەری كوردی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئەنجوومەنی شورا داوایان كردووە تاكوو سنوورەكانی ڕۆژئاوای ئێران بكرێتەوەو داوای هۆكاری داخستنەكەشیان لە سەرۆك كۆمار كردووە.
عەبدولكەریم حوسێن زادە نوێنەری شنۆو نەغەدە، جەلال مەحمود زادە نوێنەری مەهابادو ڕەسوڵ خزری نوێنەری خەڵكی پیرانشار لە میانەی بەرز كردنەوەی نووسراوێك داوایان لە دەوڵەت كردووە تاكوو سنوورەكانی ڕۆژئاوای ئێران بكاتەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: بازرگانی كەل و پەلەكان سەرەڕای هەموو كەم كۆڕییەكان لە ساڵانی پێشوو لە سنوورە فەرمی و كۆڵبەرییەكان لە ساڵانی ڕابردوو ئەنجام دەبوو. ئەمە ببووە هۆی دابینكردنی كاری زۆر بۆ خەڵكی ناوچەكەو ساڵانە بە سەدان تۆن كەل و پەلی ئێرانی هەناردە دەكرا، ئێستە بە بیانۆی ڕیفراندۆم ئەم سنوورانە داخراوە.
لە درێژەدا هاتووە: ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی بێكار بوونی ژمارەیەكی زۆر لاو كە لەم بازارە سنووریانە ئیش دەكەن، ئەمە لە حاڵێك دایە كە وڵاتی توركیا سەرەڕای دژایەتی زۆری ڕیفراندۆم هەرگیز سنوورەكانی بەسەر كاری بازرگانیدا دانەخستووە.
ئەم وڵاتە لەم دەرفەتە زیاترین سوودی بردووەو جێگەی كەل و پەلی ئێرانی بە تەواوی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان پڕ كردۆتەوەو كێشەی زۆرش بۆ خەڵكی ناوچەكەو سنوورەكانی ئەم وڵاتە دروست كردووە.