بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبوومی پەلەوەری زیاد دەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت بەمەرجەكانی ڤێتەنەری و تەندروستی بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ 23ی تشرینی دووەمی 2017، لەدیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
لە دوای كۆبونەوەكەش رزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی: بەلەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی راگرتن لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، هەروەها بەرزنەبوونەوەی نرخی بەرهەمی پەلەوەر لەسەر هاووڵاتیان، لیژنەكە بڕیاری لەسەر بڕی بەرهەمی هاوردەكراو داوە بۆ مانگی 12.
وتیشی: بڕی بەروبومە هاوردەكراوەكان بریتییە لە 500 تۆن ماسی، 750 تۆن مریشك و 500 تۆن گۆشتی سورو 510 تۆن هێلكە، هەروەها رێگە بە هاوردەكردنی 6000 هەزار سەر ئاژەڵی گۆشت بۆ ئەم مانگە هاوردە دەكرێت.