وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان وەك قۆناغی دوەم بۆ چارەسەری زیانەكانی بومەلەرزەكەی ئەم دواییە، بڕی یەك ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان و بڕی 160 ملیۆن دیناریشی بۆ ئەو قوتابخانانە تەرخانكرد كە زیانیان بەركەوتوە.
وەزارەتی دارایی ئابوری هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ(سێشەممە) لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاوێنە نێردراوە رایگەیاند وەك قۆناغی دوەم بۆ چارەسەركردنی ئەو گیروگرفتانەی كە لەئەنجامی بومەلەرزە هاتۆتە ئاراوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن وەزارەتەكەیانەوە بڕی 160 ملیۆن دینار تەرخانكرا بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی كە لەسنوری پارێزگای (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و دەربەندیخان) لەئاكامی بومەلەرزەكە زەرەرو زیانیان بەركەوتوە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لەهەمانكاتدا بڕی یەك ملیار دیناریان بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان تەرخانكردوە.
پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاندبو كە وەك پێشینەی بەردەست بۆ راپەڕاندنی ئیشوكارە هەنوكەییەكانی بومەلەرزەكە، بڕی 300 ملیۆن دۆلاریان تەرخانكردوە.
رۆژی 12ی ئەم مانگە بومەلەرزەیەكی بەهێز هەرێمی كوردستانی هەژاند و لەسلێمانی و دەربەندیخان و هەڵەبجە و چەند ناوچەیەكی دیكە زیانی گیانی و مادی لێكەوتەوە.