– “خۆراك به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌هێنرێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه پاشان جلوبه‌رگ”
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م له‌باره‌ی جووڵه‌ی بازرگانی له هه‌رێمی كوردستان و ورده‌كارییه‌كانییه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت “له راستیدا هه‌رێمی كوردستان و عێراق به زۆری پابه‌نده به چالاكی بازرگانییه‌وه، واته عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌ت ئه‌و جۆره پیشه‌سازییه‌ی نییه كه ته‌نها پشت به به‌رهه‌می ناوخۆ ببه‌ستێت، به‌ڵكو 95 له‌سه‌دی كاڵا و پێداویستییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه دێن، ئه‌وه‌شی زیاتر رێژه‌یه‌كی زیاتری له هێنانی ئه‌و كاڵایانه به‌ركه‌وتووه ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل-ه كه له‌گه‌ڵ توركیایه. له‌م ده‌روازه‌یه ساڵانه له نێوان 8 بۆ 10 ملیار دۆلار شمه‌ك و كاڵا دێيته ناو هه‌رێمی كوردستان و عێراق”.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت “سه‌باره‌ت به ئێرانیش ده‌توانیین بڵێین نزیك به نیوه‌ی ئه‌و بڕه واته له نێوان 4 بۆ 5 ملیار دۆلار ساڵانه شمه‌ك له‌و وڵاته‌وه هاورده ده‌كرێت، ئه‌وانیش له ده‌روازه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران، باشماخ، په‌روێزخان و سه‌یرانبه‌ن و ئه‌و ده‌روازانه‌ی فه‌رمیین دێنه ژووره‌وه، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی هه‌ندێك كاڵا ده‌هێنرێته هه‌رێمه‌وه، به‌ڵام به‌گشتی نیوه زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانی هه‌رێم له رێگه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل-ه‌وه ده‌بێت كه رێژه‌ی 52 له‌سه‌دی ئه‌و ئاڵوگۆڕه ده‌كات”.
وتیشی: “ئه‌گه‌ر بێت و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵی 2014، ئەوا به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی كه‌م بوویه‌وه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له ساڵی 2017، به هۆی رزگاركردنی سێ له‌سه‌ر یه‌كی خاكی عێراق كه پێشتر به‌ده‌ستی داعشه‌وه بوون ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادی كرد و ئێستا ئاڵوگۆڕێكی بازرگانیی زۆر هه‌یه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و مووسڵ و دیاله و تكریت و ناوچه‌كانی دیكه‌ی نزیك بە هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانیش”.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد ئاڵوگۆڕی بازرگانی به كێرڤێكی زۆر باش به‌رز ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌ش به هۆی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه له‌ده‌ستی داعش.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له‌و شمه‌كانه ده‌كات كه به‌زۆرینه له ده‌روازه سنوورییه‌كانه‌وه دەهێنرێنه ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه و روونی ده‌كاته‌وه “ئه‌و جۆره كاڵایانه‌ی دەهێنرێنە ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه به پله‌ی یه‌كه‌م خۆراكه، چونكه تا ئێستاش هه‌رێمی كوردستان ئابڵوقه‌یه‌كی ئابووریی له‌سه‌ره، بۆیه هاووڵاتی پتر ئه‌و شتانه ده‌كرێت كه پێویستی رۆژانه‌یه و به‌تایبه‌ت خۆراك به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشتر كه خه‌ڵك زیاتر به‌ره‌و كه‌مالیات ده‌چوون، پاشان جلوبه‌رگ به پله‌ی دوو و پاشان كه‌ره‌سته‌ی ئه‌لیكترۆنی و دواتر كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی و دواتریش كه‌ره‌سته‌ی پیشه‌سازی دێت”.
– “52 له‌سه‌دی شمه‌ك و پێداویستییه‌كان له توركیاوه هاورده ده‌كرێن و 40 له‌سه‌دیشیان له ئێرانه‌وه”
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م رایده‌گه‌یه‌نێت “داتا و زانیارییه‌كانی ئێمه كه به شێوه‌ی نزیكیین و گۆڕانكاریی به پێی مانگ و ساڵەكان و باروگوزه‌رانی خه‌ڵك ده‌گۆڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر رێژه‌ی 52 له‌سه‌دی شمه‌كه‌كان له توركیاوه هاورده بكرێن و رێژه‌ی هەشت له‌سه‌دیش بده‌ین به فڕۆكه‌خانه‌كان ئه‌وا رێژه‌ی 40 له‌سه‌دی ئه‌و شمه‌كانه‌ی دێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه له ئێرانه‌وه و له سنووره‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان و سه‌یرانبه‌ن و سنووره‌كانی دیكه‌وه دێن، 25 له‌سه‌دی كۆی ئه‌و شمه‌كانه‌شی هاورده‌ده‌كرێن بۆ پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه و 75 له‌سه‌دیش بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌ڕوات”.
هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت ژمارەیەک له ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان شێوه تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كیان له كاڵا و شمه‌كه‌كان وه‌رگرتووه، له‌وباره‌یه‌وه ئه‌دهه‌م ده‌ڵێت “به پێی به‌دواداچوون و زانیارییه‌كانی ئێمه ژمارەیەک له ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندێتییان وه‌رگرتووه، بۆ نموونه ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران زیاتر ئۆتۆمبیلی لێوه ده‌هێنرێته ژووره‌وه، چونكه قه‌باره‌ی ئۆتۆمبیل گه‌وره‌یه و بازرگان هه‌وڵ ده‌دات له رێگه‌یه‌كه‌وه بیهێنێت خه‌رجیی كه‌متر بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رجیی هێنانی كه‌لوپه‌ل له رێگه‌ی ده‌ریاییه‌وه كه‌متره، بۆیه ئۆتۆمبیل له رێگه‌ی به‌نده‌ر عه‌باس و دواتر بۆ ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران و دواتر بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ نموونه ده‌روازه‌ی باشماخ جگه‌ره و ئه‌لیكترۆنیاتی زیاتر لێوه ده‌هێنرێت، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی پێش داخستنی زیاتر ئاژه‌ڵی زیندوو له‌وێوه ده‌هێنران كه رێژه‌ی 75 له‌سه‌د بوو”.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م سه‌باره‌ت به ئیبراهیم خه‌لیلیش وتی: “به‌گشتی له رێگه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل-ه‌وه زیاتر خۆراك دێت و له ده‌روازه‌كانی ئێرانه‌وه كه‌متر خۆراك دێت و پێداویستیی دیكه دێت، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به خه‌رجیی ئه‌و كاڵایه‌ی ده‌گاته هه‌رێمی كوردستان، به پێی زانیارییه‌كانی ئێمه ساڵه‌كانیش جیاوازن له رووی هاورده‌كردنی شمه‌كه‌وه، هه‌روه‌ها نابێت ئه‌وه‌شمان بیربچێت ته‌نها شمه‌كی ئێرانی و توركی له ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته ناهێنرێنه هه‌رێمه‌وه، به‌ڵكو له ئه‌ورووپا و له شوێنی دیكه‌شه‌وه دێن، به‌تایبه‌ت له توركیا له رێگه‌ی بەندەری مێرسین-ه‌وه ده‌هێنرێن”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات ساڵانه نزیكه‌ی 18 ملیار دۆلار شمه‌ك و كاڵا ده‌هێنرێته عێراقه‌وه له سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت “ده‌توانیین بڵێین به‌گشتی ساڵانه نزیكه‌ی 18 ملیار دۆلار له سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێرانه‌وه شمه‌ك و كاڵا هاورده ده‌كرێت، رێژه‌ی 75 له‌سه‌دی ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌ڕوات و رێژه‌ی 25 له‌سه‌دی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. واته هه‌رێمی كوردستان وه‌كو سه‌نته‌رێكی بازرگانییه بۆ دابه‌شكردنی شمه‌ك و كاڵا به‌سه‌ر پارێزگاكانی عێراق”.
– “له داخستنی سنووره‌كان ئێران زه‌ره‌ری به‌ركه‌وت”
له‌باره‌ی داخستنی ئێران بۆ سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م رایده‌گه‌یه‌نێت ئێران زیانی به‌ركه‌وتووه و هه‌رێمی كوردستانیش زیانی هه‌بووه. له‌وباره‌یه‌وه ناوبراو ده‌ڵێت “ئاسانكاریی له سنووره‌كان واده‌كات كه بازرگان روو له‌و سنوورانه بكات كه ئاسانكاریی تێدا ده‌كه‌ن، كاتێك ئێران دوو دەروازەی سنووری داخست و ته‌نها دەروازەیەکی واڵاكردووه ئه‌مه وایكردووه قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی كه‌م بێته‌وه، به‌مه‌ش ئێران زه‌ره‌ری كردووه، چونكه ئێستا بازرگانه‌كان له رێگه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل شمه‌ك ده‌هێنن”.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت ئێستا مۆڵه‌ته‌كان بۆ هێنانی كاڵا و شمه‌ك له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل-ه‌وه زیاتر بووه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان روونی ده‌كاته‌وه “به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ی ئێمه له وه‌زاره‌تی بازرگانی ده‌یده‌ین زۆرینه‌ی بۆ ده‌روازه‌ی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل-ه و دواتر باشماخ دێت، ئێران هێشتا دوو ده‌روازه‌ی سنووریی به رووی هه‌رێمی كوردستاندا داخستووه له سێ ده‌روازه، هه‌روه‌ها بۆ هه‌رێمی كوردستانیش زه‌ره‌ری هه‌بووه، چونكه ئێمه‌ش رسومات و گومرك له ده‌روازه سنوورییه‌كان وه‌رده‌گرین وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێم، نابێت ئه‌وه‌ش له بیربكه‌ین كه له ئێران چه‌ندین كارگه هه‌ن ته‌نها به‌رهه‌مه‌كانییان بۆ هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه ئه‌وان زۆر زه‌ره‌ریان كردووه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌مان شت ده‌بێت بۆ توركیاش”.
– “كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی دیكه له نێوان عێراق و توركیا زه‌ره‌ری بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه”
له كۆتایی قسه‌كانیدا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێم، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م تیشك ده‌خاته سه‌ر ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیا و ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی دیكه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت “قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌روازه‌یه‌كی دیكه بكرێته‌وه له نێوان عێراق و توركیا، ئه‌ویش ده‌روازه‌ی ئۆڤه‌چۆییه له سێ گۆشه‌ی عێراق، سووریا، توركیا كه له‌وێوه بۆ ته‌له‌عفه‌ر و ئه‌وانه ده‌ڕوات و دواتر بۆ مووسڵ و ئینجا به‌غدا، ئه‌وه‌ش زه‌ره‌ر له هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، چونك ئه‌گه‌ر بكرێته‌وه ئه‌وا ته‌نها رێژه‌ی 25 له‌سه‌دی پێداویستییه‌كان دێنه هه‌رێمه‌وه و 75 له‌سه‌دی ئه‌و شمه‌كانه‌ی دیكه ده‌چنه رێگه‌كه‌ی دیكه، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌و رێگه‌یه ئاسایش نییه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ئیبراهیم خه‌لیل هه‌یه”.
سه‌باره‌ت به زیادكردنی رێگه‌یه‌كی دیكه و كردنه‌وه‌ی پردێكی دیكه له خابوور به رووی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ڵێت “زیادكردنی رێگه‌ی دیكه له خابوور ئه‌و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و بۆ ئه‌وه‌یه هاتوچۆی ئاسانتر بێت و ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانه، به‌ڵام ئه‌وی تر له زه‌ره‌ری هه‌رێمی كوردستان و قازانجی عێراقه، ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی كه له رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دێن ئیتر كه‌م ده‌بێته‌وه”.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی چالاكییه بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا دوای رووداوه‌كانی كه‌ركووك و بڕینی رێگه‌ی هه‌ولێر-كه‌ركووك، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م ده‌ڵێت “به هۆی رووداوه‌كانی كه‌ركووك چالاكی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق كاریگه‌ر بووه به رووه نێگه‌تیڤییه‌كه‌ی، به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌یبینین رێگه‌كان كراوه‌نیین، چه‌ند رۆژێكه رێگه‌ی پردی به‌غدا گیراوه، رێگه‌ی دیكه ده‌گیرێت و ده‌كرێته‌وه، بۆیه له ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چالاكی بازرگانی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌بووه”.