لە شارۆكەی دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی پاڵاوگەی “سوورقاشان” بە شێوەی ئەزموونی دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت كردووە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، حكوومەت نەوت بۆ پاڵاوگەكە دابین دەكات و لەبەرانبەردا پاڵاوگەكە نەوتی سپی بە حكوومەت دەداتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی سامانەسروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند “ئێستە پاڵاوگەی سوورقاوشان لە شارۆكەی دووكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستی بە كاركردن و پاڵاوتن كردووە و لە قۆناغی یەكەمیشدا گازوایل بەرهەم دەهێنێت.”
ئەو ڕوونی كردەوە: “پاڵاوگەكە كاریگەری باشی دەبێت بۆ سنوورەكە بە تایبەتی بۆ بەنزین و نەوتی سپی و غازی شلی ماڵان، پاڵاوگەكە لە توانای هەیە ڕۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.”
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن وتی: “ئەو پاڵاوگەیە بۆ بەرهەم هێنانی نەوتی سپی بەو شێوەیە، كە دەبێت حكوومەت نەوتی خاوی بۆ دابین بكات و لە بەرانبەردا ئەو پاڵاوگەیە نەوتی سپیەكە بە حكوومەت بداتەوە، بەڵام ئەگەر حكومەت نەوتی خاوی پێ بفرۆشێت ئەویش نەوتەكە دەخاتە بازاڕەوە.
” بە گشتی ئەو پاڵاوگەیە كاریگەری زۆر باشی دەبێت بۆ سنوورەكە، بە تایبەتی لە ڕووی نەوت و بەنزین، لە هەر حاڵەتێكدا نرخی نەوت بە شێوەی بەرچاو دادەبەزێت بەهۆی ئەو پاڵاوگەیەوە”.
شارۆكەی دوكان بە دووری 70 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی و جگە لە بوونی پاڵاوگەی نەوت بە شوێنێكی گەشتوگوزاریش دادەنرێت.