جلوبه‌رگی مرۆڤ به شێوه‌یه‌كی بێئاگایانه ئاماژه بۆ ده‌وروبه‌ر ده‌نێرێت. چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ده‌روونناسی ره‌نگه‌كان ده‌ریانخستووه كه هه‌ندێك له ره‌نگه‌كان له‌كاتی وتووێژ بۆ وه‌رگرتنی كار، بۆنه‌كان و ئاهه‌نگه‌كان، له‌وانی تر باشترن.
وتووێژێكی ترسناك بۆ وه‌رگرتنی كار
گه‌ر قه‌راره به مه‌به‌ستی دامه‌زراندن وتووێژێت له‌گه‌ڵدا بكرێت، ده‌بێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئارامی خۆت بپارێزیت و وێنه‌یه‌كی گشتی باش له‌خۆت و تواناكانت بخه‌یته‌ڕوو.
به‌م هۆیه‌وه پێویسته له دۆخێكی له‌وشێوه‌یه‌دا كه ده‌كه‌ویته‌به‌ر پرسیار له بابه‌تی تواناكان و لاوازییه‌كانت، جلی شین یان مۆر بپۆشه. هه‌روه‌ها ره‌نگی شین له‌ژێر سه‌رجه‌م سێبه‌ره‌كاندا مرۆڤ ئارام ده‌رده‌خات، كه‌وایه به‌دڵنیاییه‌وه كراس یان بلوزی شین باشترین بژارده‌یه.
هه‌روه‌ها ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له گۆڤاری Academy of Marketing Science بڵاوبوونه‌ته‌وه، ده‌ریانخستووه كه خه‌ڵك حه‌زده‌كه‌ن وه‌ك كه‌سانی لێهاتوو سه‌یری ئه‌وانه بكه‌ن كه جلوبه‌رگی شینیان پۆشیوه.
هاوكات ره‌نگی مۆر كارتی براوه‌ی وتووێژی دامه‌زراندنه. به‌وپێیه‌ی ئه‌م ره‌نگه یارمه‌تی مرۆڤ ده‌دات وه‌ك كه‌سێكی خاوه‌ن ئۆتۆریته، گه‌شه‌كردوو و به‌توانا ده‌ربكه‌وێت.
بۆ ئاهه‌نگێكی گه‌وره
كاتێك به جلی زه‌رد یان سه‌وز به‌شداری ئاهه‌نگێك ده‌كه‌یت، ئه‌وه ده‌بێت ئاماده‌ی وه‌رگرتنی لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بیت. ره‌نگی زه‌رد هاوكات دوو سیگنال به‌ڕێده‌كات، یه‌كێكیان تۆ وه‌ك كه‌سێكی شاد پێناسه ده‌كات و ئه‌وی تریان وه‌ك كه‌سێكی دڵپیس. ره‌نگی سه‌وزیش هه‌ر به‌مشێوه‌یه دوو سیگناڵی جیاوز ده‌نێرێت، یه‌كه‌میان تۆ وه‌ك كه‌سێكی به‌زه‌وق پێناسه ده‌كات و ئه‌وی تریان وه‌ك كه‌سێك كه ئیره‌یی به كه‌سانی تره‌وه ده‌بات.
له‌وانه‌یه باشتر بێت له ئاهه‌نگه‌كاندا جلی سپی بكه‌یته به‌رت كه گوزارشت له شادی، راستگۆیی و پاكی ده‌كات.