شاری به‌سڕه، كانگاى سامانی سروشتى و یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین شاره‌كانى دنیا كه جگه له داهاتى نه‌وت، ده‌وڵه‌مه‌ندیشه به داهاتى خورما و به‌نده‌ره‌كانى.
به‌سڕه له رووى مێژووه‌وه
شاری به‌سڕه ده‌كه‌وێته سه‌ر رووباری شه‌تولعه‌ره‌ب له باشووری عێراق، هاوسنووره له‌گه‌ڵ وڵاتانى سعوودیه، كوه‌یت و ئێران، تاكه ده‌روازه‌ى ئاویی عێراقه له‌گه‌ڵ دنیا له به‌نده‌ری ئوم قه‌سڕ. له ئاستى ناوخۆی عێراقیش هاوسنووره له‌گه‌ڵ شاره‌كانى زیقار، میسان و موسه‌ننا.
ساڵى 636ی زایین بناغه‌ی دروستكردنى به‌سڕه لێدرا، به سێیه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگاى عێراق دواى به‌غدا و مووسڵ داده‌ندرێت و ژماره‌ى دانیشتووانى دوو ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌سه، به رووبه‌رى 67 كم ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌ریای كه‌نداوى عه‌ره‌بی و رووبه‌ری پارێزگایه‌كه 19 هه‌زار و 70 كم چوارگۆشه‌یه.
پێش هاتنى ئیسلام، به‌سڕه به ناوى “خه‌ریبه” ناسرابوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى شارۆكه‌یه‌كى كۆن له‌و ناوه هه‌بووه به ناوى خه‌ربه، به‌ڵام دواى هاتنى ئیسلام و بڵاوبوونه‌وه‌ى عه‌ره‌ب له ناوچه‌كه‌دا چه‌ندان ناسناوی لێنراوه، له‌وانه: گه‌نجینه‌ى عه‌ره‌ب، دایكى عێراق، چاوى دنیا، فه‌یحا. به‌ڵام به‌سڕه وه‌ك ده‌ڵێن، به‌و خاكه ده‌وترێت كه پڕ ورده‌به‌رد بێت، یان له‌به‌ر به‌رزى شوێنه‌كه‌یه‌تى كه ده‌توانێ چوارده‌وره‌كه‌ى ببینێت..
پێش هاتنى ئیسلام، فارس و یۆنانییه‌كان له به‌سڕه ژیاون، پاشان ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنى داگیری كردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌بوبه‌كر صدیق خه‌لیفه‌ى یه‌كه‌می ئیسلام، به‌و شاره‌دا تێپه‌ڕیوه و بازرگانى كردووه. دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئیسلام، له سه‌رده‌می خه‌لیفه عومه‌ر ئیسلام گه‌یشتووه‌ته به‌سڕه و شارێكیان لێی دروست كردووه.
نه‌وت و سه‌رچاوه‌ى سروشتى
عێراق خاوه‌نى سه‌رچاوه‌یه‌كى زۆری سروشتییه به‌تایبه‌ت نه‌وت، شارى به‌سڕه به‌ته‌نیا 15 كێڵگه‌ى نه‌وتى لێیه كه ئێسته 10یان به‌رهه‌می رۆژانه‌ى هه‌یه. یه‌ده‌گی نه‌وتى به‌سڕه ده‌گات به 65 ملیار به‌رمیل و ده‌كاته نزیكه‌ى 60%ى یه‌ده‌گی نه‌وتى عێراق.
كێڵگه‌ی رومێله ناسراوترین ناوچه‌ی نه‌وتییه له عێراق به‌شێكى ده‌كه‌وێته كوه‌یت، به‌ڵام به‌شه گه‌وره‌كه‌ى له خاكی عێراقدایه و 663 بیره نه‌وتی تێدایه كه به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى هه‌یه و نه‌وته‌كه‌یشی له باشترین جۆری نه‌وتى دنیایه.
كێڵگه‌ى مه‌جنون، ئه‌ویش هیچی كه‌متر نییه له رومێله و به‌هۆى هه‌بوونى نه‌وتی زۆر ناوى لێنراوه مه‌جنون، یه‌كێكه له كێڵگه هه‌ره زه‌به‌لاحه‌كان و توانای به‌رهه‌مهێنانى رۆژانه‌ى ده‌گات به 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، به‌ڵام ئێسته ته‌نیا 100 هه‌زاری لێ به‌رهه‌م دێت.
كێڵگه‌ى رۆژئاوای قوڕنه، یه‌كێكى تره له كیڵگه به‌ناوبانگه‌كانى به‌سڕه، له بنه‌ڕه‌تدا درێژبوونه‌وه‌ى كێڵگه‌ى رومێله‌یه به‌لاى باكور و یه‌ده‌گی نه‌وته‌كه‌ى ده‌گات به 24 ملیار به‌رمیل نه‌وته.
به‌گوێره‌ى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه ساڵى 2015 بڵاوكراوه‌ته‌وه، یه‌ده‌گی نه‌وتى به‌سڕه له یه‌ده‌گی زۆر له وڵاتانى ئه‌ندامى ئۆپیك زیاتره، ئه‌مه جگه له تواناى به‌رهه‌می رۆژانه‌ى كه 65%ى به‌رهه‌می عێراق پێك دێنێ.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌و شاره، كه‌میی تێچوویه‌تى كه كه‌مترین تێچووی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستى دنیا، ئه‌مه جگه له كێڵگه گازییه‌كانی كه زۆر نزیكن له‌سه‌ر رووى زه‌وی و خاوه‌نى بڕێكى گه‌وره‌ى یه‌ده‌گی گازی سروشتین.
كاردانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندی شاره‌كه به‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵكه‌وه
ئه‌گه‌رچی شارێكى ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، به‌ڵام دانیشتوانی له ره‌وشێكى هه‌ژاری خراپ‌دا ده‌ژین. به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه ساڵى 2014 ده‌رچووه، رێژه‌ى هه‌ژاری له به‌سڕه زۆر زیاتره له 16%. ئه‌مه جگه له بێكاری كه به‌گوێره‌ى راپۆرتی لیژنه‌ى پلاندانان و چاودێری له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگای به‌سڕه، له مانگی ئایاری ئه‌مساڵ 2017 بڵاوكراوه‌ته‌وه و تیایدا هاتووه كه 48%ی ده‌رچووانى زانكۆ له به‌سڕه بێكارن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى هه‌زاران خه‌ڵكى شاره‌كه كاریان نییه، ئه‌گه‌رچی خاوه‌نى گه‌وره‌ترین ده‌روازه‌ى ئاوی و وشكانین له‌گه‌ڵ سعوودیه، كوه‌یت و ئێران، هاوكات ده‌یان كۆمپانیاى زه‌به‌لاح له بواری به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له شاره‌كه كار ده‌كه‌ن، له‌وانه: شێڵ، بی پی و لۆك ئۆیل و چه‌ندانى تر.
جگه له به‌رزی رێژه‌ى بێكاری، به‌سڕه گرفتى له خزمه‌تگوزاریش هه‌یه له كاتێدا شه‌توڵعه‌ره‌بی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام دانیشتووانى كێشه‌ى كه‌مى ئاوی خواردنه‌وه‌یان هه‌یه، شه‌وانیان له بێ كاره‌بایی بووه‌ته تاریكستان، ئه‌مه‌ش وای كردووه به به‌رده‌وام خه‌ڵكه‌كه‌ى خۆپێشاندان بكه‌ن و داواى خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان بكه‌ن.
ئه‌گه‌رچى به‌سڕه دووره له ململانێی مه‌زه‌وی و تایفی و شه‌ڕی داعش، به‌ڵام ره‌وشى ته‌ناهی شاره‌كه هێنده خراپه كڕینى چه‌ك ئاسانتره له كڕینى كۆكا كۆلا و زوو زوو پێكدادانى چه‌كداری روو ده‌دات و هاووڵاتییانى شاره‌كه هه‌موویان بوون به چه‌كدار. وه‌ك فه‌رید شه‌علان سه‌رۆكى لیژنه‌ى عه‌شایه‌ر له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى به‌سڕه ده‌ڵێ “به‌هۆی ململانێی عه‌شایه‌ری و بازرگانیكردن به ماده‌ی هۆشبه‌ر و ده‌ستبه‌رسه‌رداگرتنى مه‌رزه سنوورییه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ته و مافیاكانه‌وه، ره‌وشی ته‌ناهی شاره‌كه نزیك ببێته‌وه له داڕووخان”.
ماده‌ى هۆشبه‌ر هه‌ڕه‌شه گه‌وره‌كان
به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌سڕه هاوسنووره له‌گه‌ڵ سعوودیه، كوه‌یت و ئێران، بووه‌ته ناوچه‌یه‌كى گرنگ و ستراتیجی بۆ مافیا و بازرگانانی ماده‌ى هۆشبه‌ر. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر داهاتووى گه‌نجانی شاره‌كه دروست كردووه به جۆرێك مێرمناڵ و هه‌رزه‌كار تا ده‌گات به قوتابیانى قۆناغی سه‌ره‌تایش بوون به به‌ركاهێنه‌ری ماده‌ى هۆشبه‌ر، ئه‌مه وای كردووه به‌سڕه له شاری ته‌رانزێتى گواستنه‌وه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر بۆ كه‌نداوی عه‌ره‌بی و باكوری ئه‌فریقیا و ئه‌وروپا، بۆ شارێكى به‌كاربه‌ری ماده‌ى هۆشبه‌ر بگۆڕێ.
شارێك ده‌وڵه‌مه‌نتر له وڵاتانى دراوسێی
به‌سڕه، ته‌نیا به سه‌رچاوه‌ى نه‌وتییه‌كه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندتره له به‌حره‌ین و كوه‌یت، نزیكه له‌وه‌ى بگات به ئیمارات. به‌رپرسانى به‌حره‌ین ئاشكرای ده‌كه‌ن كه یه‌ده‌گی نه‌وتى وڵاته‌كه‌یان ملیارێك و 500 ملیۆن به‌رمیل نه‌وته.
ئه‌گه‌رچى وا زانراوه كه كوه‌یت خاوه‌نى 99 ملیار به‌رمیل نه‌وتى یه‌ده‌گه ، به‌ڵام به‌گوێره‌ى هه‌ندێ زانیاری كه له‌ناو كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى كوه‌یت (KOC) ده‌ست كه‌وتووه، ده‌ركه‌وتووه یه‌ده‌گی كوه‌یت 48 ملیار به‌رمیل نه‌وته. ئه‌مه‌ش له گۆڤاری (petroleum intelligence weekly piw)ی تایبه‌تمه‌ند به بڵاوكردنه‌وه‌ى توێژینه‌وه له بواری نه‌وت له 20ی كانوونى دووه‌می ساڵى 2006 ئاشكرا كراوه.
به‌ڵام به‌گوێره‌ى دوا توێژینه‌وه كه ئۆپیك رای گه‌یاندووه له ساڵى 2012، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه یه‌ده‌گی نه‌وتى ئیمارات 97 ملیار و 800 ملیۆن به‌رمیل نه‌وته و به‌سڕه خاوه‌نى 65 ملیار به‌رمیل نه‌وته.