پێش ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بابانییه‌كان بیر له دروستكردنی شاری سلێمانی بكه‌نه‌وه، ئیماره‌ته‌كه‌یان له گوندی (قه‌ڵاچوالان) بوو، له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونی ئیماره‌ته‌كه جموجوڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بنیاتنانی شارستانی له ناوچه‌كه‌دا ده‌ستیپێكرد، له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی بابان‌دا ململانێ و توندوتیژی له‌نێوان فارسه‌كان و عوسمانییه‌كاندا هه‌بوو، شوێنی جوگرافیای قه‌ڵاچوالانیش له‌به‌ر نزیكی له سنووری ئێرانه‌وه شوێنێك بوبووه مه‌ترسی شه‌ڕو پێكدادانی نێوان له‌شكری فارس و عوسمانییه‌كان، بۆیه هه‌ریه‌كه له “نادر شا‌و سوڵتان مه‌حمودی یه‌كه‌م” له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون ئیماره‌تی بابان به‌لای خۆیاندا رابكێشن.
كێشمه‌كێشی ناوخۆیش له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی بابانییه‌كان و ئیماره‌ته كوردییه‌كاندا بۆ كورسی و ده‌سته‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی دیكه مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه دروستكردبوو، ئه‌مه‌ش وایكرد مه‌حمود پاشای بابان ساڵی (1781)ی زاینی بیری له‌وه كرده‌وه ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی له قه‌ڵاچوالانه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ شوێنێكی تر، بۆیه سه‌رای حكومه‌تی له‌نزیك گوندی مه‌ڵكه‌ندی دروستكرد، دواتر ئیبراهیم پاشای بابان له ساڵی (1783)دا فه‌رمانڕه‌وایی ئیماره‌ته‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆو ده‌ستیكرد به دروستكردنی شاری سلێمانی تا له ساڵی (1784)دا له دروستكردنی شاری سلێمانی كۆتایی هات، له‌هه‌مان ساڵدا بابانییه‌كان پایته‌ختی ئیماره‌ته‌كه‌یان گواسته‌وه سلێمانی.
له ساڵنامه‌ی (1955)ی سلێمانیدا كه له رۆژنامه‌ی” ژین”دا بڵاوكراوه‌ته‌وه هاتووه: “ئیبراهیم پاشای بابان خۆی حوكمداری شاری قه‌ڵاچوالان بووه، له‌به‌ر ناخۆشی و ته‌نگی شوێنه‌كه و له‌ترسی هێرشی دوژمن به‌تایبه‌تی له نادر شای حوكمداری ئێران كه گه‌لێ جار ویستویه‌تی هه‌ڵمه‌ت به‌رێته سه‌ری ده‌ستبه‌سه‌ری بكات، به ناچاری شاروشوێنی هه‌ڵسوڕانی كاروباری وڵاته‌كه‌ی گواسته‌وه ئه‌م شوێنه كه ئێستا شاری سلێمانییه”.
شوێنی شاری سلێمانی
شاری سلێمانی ده‌كه‌وێته نێوان هێڵی پانی (34–36) پله له‌سه‌ر هێڵی كهمهرو هێڵی درێژی (45–46) پله له رۆژهه‌ڵاتی هێڵی گرینویجی گۆی زه‌وییه‌وه، واته ده‌كه‌وێته باشوری رۆژئاوای كیشوه‌ری ئاسیا‌و باكوری خۆرهه‌ڵاتی كوردستانی عیراقه‌وه.
سلێمانی له باكوری خۆرهه‌ڵاته‌وه به زینجیره شاخی ئه‌زمڕ كه (1702م) و گۆیژه (1524م) به‌رزن و قه‌یوان ده‌وره‌دراوه، له باشووره‌وه چیای به‌رانان كه (1373م) به‌رزه ده‌وره‌دراوه‌و له رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه ده‌شتی شاره‌زوور ده‌ستپێده‌كات كه درێژییه‌كه‌ی (45كم) و پانییه‌كه‌ی (15كم) له رۆژئاواشه‌وه شاخی تاسڵوجه كه (911م) به‌رزییه‌تی گه‌مارۆی داوه، شاره‌كه‌ش (853م) له ئاستی رووی ده‌ریاوه به‌رزه‌و ئاووهه‌واكه‌ی به ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه كاریگه‌ره‌و له زستاندا سارد‌و باراناوییه‌و هاوینیشی وشك و گه‌رم و بێبارانه، جیاوازییه‌كی زۆریش له‌نێوان پله‌كانی گه‌رمای شه‌و رۆژو وه‌رزه‌كانی ساڵیدا به‌دیده‌كرێت.
له یه‌كێك له ژماره‌كانی رۆژنامه‌ی ژین‌دا ساڵی 1955 به‌مجۆره باس له پێگه‌ی جوگرافیای شاری سلێمانی كراوه:
“شاری سلێمانی مه‌ركه‌زی لیوای سلێمانیه، له‌سه‌رویه‌وه شاخی گۆیژه‌و ئه‌زمڕ له خواریه‌وه روباری تانجهرۆو زنجیره شاخی گڵه‌زه‌رده ده‌وریداوه، پانایی روه‌كه‌ی (20) ملیۆن و (250) هه‌زار مه‌تره‌و ژماره‌ی دانیشتوانی ده‌گاته (60) هه‌زار كه‌س و خانووه‌كانی نزیكه‌ی (7) هه‌زاره، شه‌ش گه‌ڕه‌كی سه‌ره‌كی تیایه (كانی ئاسكان، گۆیژه، مه‌ڵكه‌ندی، سه‌رشه‌قام، چوارباخ، ده‌رگه‌زێن) گه‌ڕه‌كی جوله‌كانی جارانیش ئێستا خراوه‌ته‌سه‌ر گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قام”.
هه‌ر سه‌باره‌ت به شاری سلێمانی رۆژنامه‌كه نوسیویه‌تی “له‌ناو شاره‌كه‌دا نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌و دوو موستهوسهف و شوێنی پاراستنی ساوایان هه‌یه (40) مزگه‌وت و (6) ئوتێل و (35) لۆقنتهو كه‌بابخانه (5) چایخانه‌ی گه‌وره‌و بچوك، (13) ده‌لاكخانه، (10) حه‌مام، نزیكه‌ی (2) هه‌زار دوكان له‌گه‌ڵ (3) بانكی تیایه (بانكی زراعی، عه‌قاری، رافیده‌ین).