زیاتر لە سێ ساڵە قەیرانی دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە وکاریگەری لەسەر تەواوی چینەکانی کۆمەڵگە دروستکردوە، ژنانیش بێبەش نین لەو قەیرانە، و بۆدابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لە کارکردن کردوە لەناو بازاڕدا .
پێشتر ئەوەی دەبینرا لە بازاڕدا زۆربەی پیاوبوون دەشتوانین بڵێین تەنها پیاوان بون، بەڵام لەم سێ ساڵەدا ژنان بازاڕی کاریان ئاوەدان کردۆتەوە کە بەشێکیان لە ڕێگەی کاری دەستی خۆیانەوەیە.
لە ئێستادا ژنان شانبەشانی پیاوان لە کەرتەکانی وەبەرهێنان و بیناسازیی و ئارایشتگەکانی جوانکاری کاردەکەن، و لەو رێگەیەوە بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن .
یەکێک لەو ئافرەتانەی کە سەرقاڵی کاری دەستییەو ڕۆژانە فرۆشێکی زۆری هەیە، خاتوو شانۆ ئیسماعیلە ئەو وتی: لەگەڵ خوشکەکەم بە ناوی شناو ئیسماعیل سەرەتا وەک حەزێک بۆ کارەکە دواتر بۆ بژێوی ژیان دەستمان بەکارکردن کرد، ئێمە سەرقاڵی ئیشی دەستین وەک چنین و دروستکردنی کەلوپەلى تایبەت بە منداڵانی تازە لەدایک بو یاخود بۆ ئاهەنگی رۆژی لەدایکبونی مندالان.

وتیشی: خەڵکانێکی زۆر پێشوازی لەو کارەیان دەکەن و شتەکانیان دەکڕن.
ئەم دوو خوشکە لە فەیسبوک و ئینستاگرام بە ناوی (ئیشی دەستی ژیلان) پەیجى تایبەت بەخۆیان هەیە ، ئیشەکانیان دەخەنە ڕوو ولەو ڕیگەیەوەش کڕیاری زیاتر بۆ بەرهەمەکانیان دەستەبەر دەکەن.

خاتوو هیرۆ کە ئەویش ژنێکى ئازایە ولە زۆر شوین کارى کردوە باسی خۆى دەکات ودەڵێت: من لەدایکبووى 1984 م خاوەنى سى منداڵم ، من کارى چنین دەزانم بۆ ماوەیەک لەماڵەوە ئەو کارەم دەکرد بۆ خزم وبرادەر ودراوسێ، بەڵام ئەو کات فەیس بوک وانستغرام وئەو شتانە نەبوون و بە زەحمەت بازاڕم بۆ شتەکانم دەدۆزییەوە، بۆیە بریاڕم دا لەدەرەوەى ماڵەوە کاربکەم وهاوکارى مێردەکەم بکەم، ماوەیەک لە حانوتى قوتابخانەیەک کارمان دەکرد پێکەوە، بەڵام ئێستا بۆ خۆم لە کافتریاى یەکێک لە دەزگا رۆژنامەوانییەکان کار دەکەم وشەوانیش خواردن بۆ مێردەکەم دروست دەکەم بۆ حانوتى قوتابخانەکە، وهەندى جاریش لەسەر داواى خوشک وبرادەرو وکەسە نزیکەکانم شتیان بۆ دەچنم.

من هەست بە شانازى دەکەم بەوەى کاردەکەم شان بە شانى مێردەکەم ،دڵخۆشیشم لەم دەزگایەى کاریشى لێدەکەم ژنان دەبینم هەموو خاوەن کارن ووەکو من بۆ بژێوییەکى باشتر بۆ خۆیان ومال ومنداڵیان کار دەکەن.
ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە کە ئیتر ژنان ئەبێت ئاڕاستەی کارکردنیان لەو قاڵبە رزگار بکەن، کە کەی قەیران وناچاری ژیان تەنگی پێهەڵچنین، ئیتر ئەوان دەست بە کارکردن بکەن.
ژنان پێویستە بیر لەوەبکەنەوە کەکارکردن پێویستییەکی ژیانەودەبێت پشت بەداهات و توانای خۆیان ببەستن نەک لەبەر ئەوەی ئێستا قەیرانی داراییەو کارکردن بەڕەوا ببینن، کەبارودۆخەکە ئاسایی بووەوە ئیتر ئەوانیش بێخەم لێی دانیشن، چاوەڕوانی پیاو یان برا بن بیانژێنن.