ھەوڵەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی بازرگانی تایبەت بەشاری سلێمانی بەردەوامە و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “دوای ئەوەی لەگەڵ شارەوانی سلێمانی بڕیارماندا بە سەرپەرشی ھەردولا کۆگاکان دروستبکرێت بۆیە لە ئێستادا دروستکردنی کارە سەرەتاییەکانیان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
ڕاشیگەیاند “شارەوانی سلێمانی دوای ئەوەی تەندەری کارکردنی ڕاگەیاند لە ئێستادا دروستکردنی شەقام و کۆڵانی ناو پرۆژەکە و ڕاگری دەوری پرۆژەکەی ناوچەی شاری بازرگانی سلێمانی ٢٠٢٠ درا بە کۆمپانیای کەوانە دۆڵ کە لەماوەی ٣٠٠ ڕۆژدا کارەکانی تەواو بکات”
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا لەکاتی ئەو کارانەو دوای چەند مانگێک دەتونین دەست بکەین بەدابەشکردنی زەویەکانی بەسەر بازرگانان.
سیروان محەمەد ڕاشیگەیاند “دروستکردنی ئەو ناوچە بازرگانیە گرنگیەکی گەورەی ھەیە بۆشاری سلێمانی و بازرگانان دەتوانن بەشێوەی مۆدیرن و پێشکەوت و کۆگای بازرگانی دروستبکەن و کاری تیادا بکەن وە یەکەم ناوچەی بازرگانی دەبێت لەسەر ئاستی عێراق بەوپەری پێش کەوتنەوە دروست دەکرێت”.
دەستپێکردنی کارکردن لە گەنجینەکانی سلێمانیدا لە ٢٠١٧/١٠/٢٩ ڕۆژی یەکشەمەوە دەبێت و بەپێی گرێبەستی کارکردنەکە دەبێت لەماوەی ٣٠٠ ڕۆژداکارەکان تەواوبکرێت.
گەنجینەکانی شاری سلێمانی دەکەوێتە ناوچەی ٢٠٢٠ لەسەر ڕێگای عەربەس سلێمانی خۆی لە ٩٥٠ گەنجینە دەبینێتەوە بەپێی چەند مەرجێک دەدرێت بە بازرگانان لەبوارە جیاوازەکاندا.