گومان لەوەدا نییە هەر ناوچەیەک ئارامی سیاسی تێدا بێت تا رادەیەکی زۆر ئارامی ئابووریی دەبێت جووڵەی ئابوری رێچکەو رارەوی ئارامی دەگرێت، بەمانایەکی تر ئارامی سیاسیو گەشەکردنی ئابووری پەیوەندییەکی راستەوانەیان هەیە تا ئارامیو سەقامگیری زیاتر بێت گەشەی ئابووری پێش دەکەوێت وە پێچەوانەکەشی تەواو راستە.
دیارە بەهۆی هەڵکەوتەی ناوچەی سلێمانیو ستراتیژیەتی ئابووری ناوچەکە جوڵەی بازرگانی لەناوچەکەدا بەهەبوونی ئاڵۆزی سیاسی و تەنگژە سیاسییەکان کۆمپانیا بازرگانییەکان ناچار دەبن کارەکانیان لەم ناوچەیەدا رابگرن، وەلێ بەبونی ئارامی سیاسی جوڵەی بازرگانی دەگەرێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، ئەمە بەدەر لەو قەیرانە ئابوورییەی سەرجەم کوردستانی گرتۆتەوە کە بەسێکی زۆری پەیوەندی بەناشارەزایی بەرێوەبردنی ئیدارییەوە هەیە، بەڵام نا سەقامگیری سیاسی هەرێمیش هێندەی تر بەرۆکی بەگەشەی ئابووری گرتووە، کاتێک هەر دەوڵەتێک نا سەقامگیری سیاسی هەبوو ئەوا گەشەی ئابووری دێتەخوارەو هەیکەلیەتی پایەی ئابووری دادەرمێنێت جا ئەگەر لەهەمانکاتیشدا خودی ووڵات قەیرانیشی هەبێت ئەوا کاریگەرییەکانی زۆر خێراو کەمەرشکێن دەبێت بۆ پایە ئابورییەکان.
دیارە ریکەوتنی دوو لایەنی سیاسی کە لەناوچەیەکی یان بەشێکی کوردستان باڵادەستی سیاسین وادەکات هێواش هێواش ئارامی ئابووری بگەرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم دوولایەنە لە ئێستادا دەیانەوێت چاکسازیئابووری ئەنجاممبدەنو کوردستان لەدوڕیانی دارمانی ئابووری رزگار بکەن کە وەک هەمیشە سەرەتای ئەم گۆڕانکارییە لە سلێمانییەوە سەرجاوە دەگرێت وا دەکات لە ساڵانی داهاتودا ئەم شارە ببێتە مەیدانی وەبەرهێنانو گەشەسەندنەوەی ئابووری پاشان شارەکانی تری کوردستان ئەم گەشە سەندنەوەیە روی تێدەکات.
ئەوەی لای چاودێرانی ئابووری گرنگە ئەو برگەو مادانەن کە لە رێکەوتنەکەدا سەبارەت بە سێکتەرەکانی ئابووری هاتوون لە رێکەوتنەکەدا، وە گرنگترین سێکتەری ئابوری لە ئەمرۆ بۆ کوردستان کە پشتی پێدەبەستێت بەرهەم هێنانی نەوتە و هەناردەکردنییەتی، دیارە جەخت کردنەوە لەسەر بە شەفاف کردنی ئەم سێکتەرە وا دەکات کە ئەمەش روویەکی تری گەشانەوەی ئابووری بێت بەتایبەت لەو ناوچانەی هەردوو هێز تێیدا باڵا دەستن کە ئەم ناوچانەش خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتو غازی سرووشتین هەروەها خاوەنی پاڵاوگەن بۆ ئیکتیفای بەرهەمە نەوتییەکان بۆ نێوخۆ لەهەمانکاتدا ئەم ناوچەیە گەورەترین ناوچەی کشتوکاڵی هەیەو بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەیەوە توانای دامەزراندنی چەندین کارگەی گەورەی تێدایە لەگەڵ چەندین ناوچەی گرنگی گەشتیاری، هەموو ئەمانە وادەکات لەکاتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێکكەوتنامەکە لەلایەن هەردوو پارتی سیاسییەوە لەچەند ساڵی داهاتوودا ئەگەر ئابوری سەربەخۆ بۆ ناوچەکە رابگەیەندرێت وەک سیستەمی لامەرکەزیەت کە بەشێکی زۆری ئەم سیستەمە پەیوەستە بەئابوورییەوە، ئەوا ئەم ناوچەیە دەبێتە بەهێزترین ناوچەی خاوەنن ئابووری بەهێزو هاونیشتیمانیانی ئەم ناوچەیە دەبنە خاوەن بەرزترین داهات لەکوردستاندا.
بەڵام لەکاتی جێ بەجێنەکردنی خاڵەکانی پەیوەست بەئابووریو سیستەمە ئابورییەکان، واتا رێکەوتنەکە تەنها بۆ راستکردنەوەی قۆناغێکی سیاسی بێت، ئەوا هیچ جیاوازییەک لەگەشەی ئابوری رووناداتو گەشە سەندنی ئابووری کاتی دەبێتو پاشان وەک ئێستا چالاکییە ئابورییەکان چەق بەستوو دەبن ئەگەر لەئێستاش خراپتر نەبێت!
ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەمرۆی کوردستان ئەوەیە ئەو خاڵ و مادانەی پەیوەندی بەئابوورییەوە هەیە لەم رێکەوتنەدا پۆلێن کردنییەتیو پاشان دانانی زەمینەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی دەکرێت بەزووترین کات جێ بەجێ بکرێت ئەویش لەئاشککرا کردنی ئاستی بەرهەم هێنانی راستەقینەی نەوت و غازی سرووشتی لەئێستادا لەم ناووچەیە و بۆ ئەوەی جۆرێک لەدڵناییی بگێردرێتەوە کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکان پاڵپشت بەسێکتەری نەوت دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، هەنگاوێکیش دەبێت بۆئەوەی بەخەڵک بوترێت کە توانای چاککردنی قەیرانەکان هەیە بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەکان دەنێرێت و ئەمجارە جیاوازە کە ئاسۆی چاکسازی ئابووری راستەقینەیە.
بەرای من ئەم رێکەوتنە دەبێتە وەرچەرخانێک یان شۆرشێکی سپی ئابوورییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیو بەرەو پێش چوونی جوڵە ئابوورییەکانو وەدەرخستنی ئابوری کوردستان لەچەقبەستویی هەر نا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەم دوو هێزە سیاسییە تەوژمێکی بەرەو پێش چوونی ئابوریی بەخۆیەوە دەبینێت .
نوسینی: ئارام قادر
شارەزای ژمێریاری نەوت