لە میانەی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە هەنار کە لە هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت، ئازاد عومەر جووتیاری نموونە و ناسراوی کوردستان و رێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاشکرای کرد، لە ئەڵمانیا و ژاپۆن و هۆڵەنداوە تۆوی باشترین هەنار و میوەی هێناوەتە کوردستان و دوای تاقیکردنەوە و بەرهەمهێنانیان توانیویەتی 10 تا 15 جۆری ناوازە لە بەرهەمەکە نمایش بکات.
ئەمە پێنجەم فێستیڤاڵە کە ئەو جووتیارە بەڕێوەی دەبات و لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار دەیان بەرهەمی تر نمایش کراون. لەم فێستیڤاڵەدا هەوڵی داوە هانی جووتیاران بدات بە چ شێوەیەک هەنارەکانی خۆیان بپارێزن بێ ئەوەی پێویستیان بە ساردخانە و شوێنی زۆر تایبەت بۆ پاراستنی هەنارەکانیان هەبێت. هاوکات وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی کشتوکاڵ، کۆمەڵێک جووتیار و ژنی دەستڕەنگینی بانگهێشت کردووە و ئامانجییەتی هەنار و بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بناسێنێت.
ئەو دهڵێت: “10 تا 15 بەرهەمی ناوازەی ئەڵمانیا و ژاپۆن و هۆڵەندام هێناوە کە تۆوەکانی گرانبەهان و من پشکنین و تاقیکردنەوەم بۆیان کردووە، دەرەنجامەکەشی باش بووە و ساڵی رابردووش تۆوی باشم بەسەر 100 جووتیاردا دابەش کرد.”
جوتیارەکە هیوای خواست خەڵک بەرهەمی ناوخۆ بەکار بهێنن و بە کڕینی بەرهەمی ناوخۆ پاڵپشتی لە جووتیارانی کوردستان بکەن. بە وتەی ئازاد عومەر، هەرێمی کوردستان خاوەنی بەروبوومێکە هیچ وڵاتێک نییەتی و هیواشی خواست حکوومەت زیاتر پشتی جووتیاران بگرێت و وەزارەتی کشتوکاڵیش رێگری لە هاوردەکردنی بەروبوومی دەرەکی بکات بۆ ئەوەی جووتیاران لە هەوڵەکانیان سارد نەبنەوە.
وەک زیاتر خستیەڕوو ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هەر کامێک بۆ بەرهەمێک گونجاون، دەکرێ بە رەچاوکردنی خاک و کەشوهەوای ئەو بەرهەمە بچێنرێت کە زیاتر وەڵام دەداتەوە و بۆ ژینگە و خاکی ناوچەکە دەگونجێت.
ئامانج و هیوای ئەو جووتیارە نموونەییە ئەوەیە رەفەی سوپەرمارکێتەکانی کوردستان لە جیاتی ئەوەی بە ئاوی میوە و قوتووبەندی دەرەکی پڕ بکرێتەوە، بە بەرهەمی بە پیشەسازیکراوی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە و لە کوردستان کارگەی جیاواز دابمەزرێن و بەرهەمی جووتیاران بکڕنەوە، دوای بە پیشەسازیکردنیان بە شێوەیەکی مۆدێڕن هاوشێوەی وڵاتانی تر بخرێنە مارکێتەکان.
ئەو پێی وایە دەبێ حکوومەت و هەموو لایەک گرنگی بە کشتوکاڵ بدەن، چونکە دەکرێ لە داهاتوودا هەر بە داهاتی کشتوکاڵ مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بکرێت و ناکرێ هەر پشت بە نەوت ببەسترێت، رۆژێک دێت ئەو سامانە تەواو دەبێت، بەڵام کشتوکاڵ متمانە پێکراوە و بە دامەزراندنی پڕۆژەی جیاواز دەکرێ ژمارەیەکی زۆری هەلی کار بۆ گەنجان دروست بکرێت.
ئازاد عومەر ئاماژەی بە داهێنانێکی خۆی کرد بۆ چۆنیەتی پاراستنی دارەکانی میوە لە لەناوچوون و گوتی، وەک چۆن نەشتەرگەری بۆ مرۆڤ دەکرێت و لە نەخۆشیی و مردن رزگار دەکرێ، هەر بەو شێوەیە نەشتەرگەری بۆ دار کردووە و لە کاتی گونجاودا ئەمە پێشان دەدات.
بە وتەی ئەو جووتیارە نموونەییە، زۆرجار دوای 10 ساڵ جۆرە کرمێک لە داری سێو دەدات و لە ناوی دەبات، بەڵام بەو نەشتەرگەرییە هەوڵی داوە تەمەنی دارەکە درێژ بکاتەوە.