جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی دەربارەی زۆریی بارینی بارانەوە رایگەیاند، “نزیکەی ٦٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ژێرئاو کەوتوون، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر رشت و جۆرێتی دانەوێڵە لە ھەرێمی کوردستان”.
باران بارینی زۆری ئەمساڵ لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان کاریگەری گەورەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ بەجێھێشتووە و رێژەیەکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان کە بە دانەوێڵە داچێندراون ژێرئاو کەوتوون. بەو پێیەش رزگار محەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی وتی، “جیاواز لە سی ساڵی رابردوو ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ھەزار و ٣٠٠ ملم باران باریوە و لە چەندین ناوچەی تر گەیشتووە زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ ملم، کاریگەری ئەو باران بارینە زۆرەش لایەنی ئیجابی و سلبی ھەبووە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، بەجۆرێک لایەنی سلبی ھەبووە لەسەر کەرتی دانەوێڵە بەتایبەتی و قۆناغی پێگەیشتنی دواخستووە و زیانی زۆر بەر بەشێکی ئەو زەوییانە کەوتووە کە گەنم و جۆیان تیادا کرابوو ، ئەو زەوییانەش بەشێکیان ژێرئاو کەوتون و بەشەکەی تریش رووبەڕووی نەخۆشی و زیان بوونەتەوە”.
هاوکات رزگار محەمەد خدر وتیشی، “جگە لە زیانەکانی سەر دانەوێڵە لە سەوزە و میوەش پێگەیشتنی بەشێکی بەرھەمەکانمان دوا کەوتووە و بە ھۆی باران بارینی زۆر و رەشەباوە زیانیان پێگەیشتووە و بەشێکی زۆری بەرەکانیان وەریون”.
شایەنی باسە جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، “نزیکەی ٦٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ژێرئاو کەوتون و بە زەوییە ژێرئاوەکان ناسراون، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر رشت و جۆرێتی دانەوێڵە لە ھەرێمی کوردستان”.
بەرپرسەکەی کشتوکاڵی سلێمانی لە ھەمانکاتدا ئاماژەی بەوەش کرد، باران بارینی زۆری ئەمساڵ لایەنی ئیجابیشی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ ھەبووە و لە قەیرانی وشکە ساڵی و کەمبوونەوەی مەترسی کەمکردنەوەی ئاوی رووبارەکان رزگاریان بووە، ھەروەھا ئەمساڵ دەشت و کێوەکان لەوەڕگایەکی زۆریان ھەیە و دەتوانن سوودی گەورەیان لێوەر بگرن بۆ ئاژەڵداری.
وریا عەلی جووتیارێکی دەشتی شارەزوورە و بەشی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکەی بووە بەژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە، ئەو کە لە نزیک زەوییەکەی وەستابوو ئاماژەی کرد بەوەی بەشی زۆری ئەو زەوییانەی دەشتی شارەزوور کە نزیکن لە ئاوی دەریاچەکەوە ئەمساڵ بە ھۆی زۆری باران بارین و ھەستانی ئاوی دەریاچەکەوە ژێر ئاوکەوتوون و زیانی گەورەیان بە جووتیاران گەیاندووە، بەجۆرێک تەنھا وریا خۆی ٥٠ دۆنم زەوی کە بە دانەوێڵە چاندبووی ژێرئاو کەوتووە.