كۆمپانیای گازپرۆم بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی گەرمیان گەیاندە ئاستێكی پێوانەیی


كۆمپانیای گازپرۆم نەفت رایگەیاند ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی سەرقەڵا كە بە كێڵگەی گەرمیان ناسراوە، بەرزكردووەتەوە بۆ ئاستێكی پێوانەیی.

گازپرۆم نەفت رایگەیاند لە ساڵی 2011ـوە كە دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت كردووە لەو كێڵگەیەدا، تاوەكو ئێستا بڕی دوو ملیۆن تۆن نەوتیان بەرهەمهێناوە (هەر تۆنێك نەوت دەكاتە نزیكەی حەوت بەرمیل).

كۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە ساڵی 2011 نەوتی بەرهەمهێنا و لە ساڵی 2015 دەستی بە گواستنەوەی نەوتی خاو كرد لە كێڵگەكەیەوە.

مانگی رابردووش بیری ژمارەی دووی كێڵگەی سەرقەڵا دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت كرد، هەروەها بەهۆی پلانێكی كۆمپانیاكە بۆ هەڵكۆڵینی بیری ژمارە سێ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكەدا بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە 35 هەزار بەرمیل. بیری ژمارە سێی كێڵگەی سەرقەڵا توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.

سێرگەی پێترۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گازپرۆم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەو بارەیەوە رایگەیاند بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن تۆن لە سەرقەڵا دەستكەوتێكی گرنگە لە پەرەپێدانی ئەو كێڵگە بەنرخە. لە ماوەی چوارساڵی كاركردنماندا لەو كێڵگەیە، ژێرخانی مۆدێرن و پێشكەوتوومان دامەزراندووە. وەك ڕووداو بڵاویكردووەتەوە.

مەبەستی پێترۆڤ، لە دانانی ژێرخانی پێشكەوتوو لە كێڵگەی سەرقەڵا، دانانی دوو وێستگەی جیاكردنەوەیە هەریەكیان بە توانای 17 هەزار بەرمیل. گازپرۆم نەفت هەروەها وێستگەی باركردن و گواستنەوەی نەوتی نۆژەنكردووەتەوە.

گازپرۆم ئەمساڵ پلانی هەیە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، یەكەیەكی پشتیوانی ئاو لە كێڵگەكەدا دابمەزرێنێت كە توانای گواستنەوەی رۆژانە پێنج هەزار بەرمیل ئاوی هەیە بۆ ناو بیرە نەوتەكان.

هەریەكە لە كۆمپانیاكانی گازپرۆم نەفت و وێسترن زاگرۆس لە كێڵگەی سەرقەڵا، خاوەنی رێژەی 40%ـی پشكەكانن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش خاوەنی 20%ـیانە.