بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق فازڵ نه‌بی رایده‌گه‌یه‌نێت كه، كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستانییان كردووەتە 12,67 له‌سه‌د، نایاسایی و ناڕاسته.
“له سێ بڕگه‌دا شه‌ش تریلیۆن دینارییان له‌به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌مكردووه‌ته‌وه”
وه‌زاره‌تی دارایی ره‌شنووسی بوودجه‌ی ساڵی 2019ی ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه، به‌گشتی پڕۆژه‌كه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
فازڵ نه‌بی: به‌داخه‌وه پڕۆژه بوودجه‌ی ساڵی 2018 و 2019 ته‌قریبه‌ن وه‌كو یه‌ك داڕێژراوه، پڕۆژه‌كه‌ی ساڵی 2019 بڕێك به وه‌ستایی تر داڕێژكراوه له‌وه‌ی 2018 كه ره‌نگه په‌له‌یان تێداكردبێت، به‌داخه‌وه هه‌ردوو پڕۆژه‌كه دوو خراپترین پڕۆژه بوودجه‌ن له مێژووی عێراقی نوێ به‌تایبه‌ت دژی هه‌رێمی كوردستان، له‌ساڵی 2007 تاوه‌كو ساڵی 2017 هه‌موو پڕۆژه بوودجهكان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ئاسایی و ده‌ستووری داڕێژراون و بێ ئه‌وه‌ی سته‌م له هیچ لایه‌نێك به‌و شێوه گه‌ورانه كرابێت، ره‌نگه هه‌ندێك شت بووبێت، به‌ڵام شتی زۆر بچووك بووه و جێی نیگه‌رانیی نه‌بووه بۆ هیچ لایه‌نێك، بۆ نموونه له ساڵانی 2013 بۆ سه‌ره‌وه به‌رده‌وام پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان 13 تریلیۆن دینار تا 14 تریلیۆن و پێنج سه‌د ملیار دینار بووه، به‌داخه‌وه له پڕۆژه بوودجه‌ی ساڵی 2018 پاش ئه‌وه‌ی ئێمه كه‌سمان له‌به‌غدا نه‌ماین و وه‌زاره‌تی دارایی كه‌وته ده‌ستی لایه‌نی دیكه و له ده‌ستی كورد نه‌مابوو، ئه‌وه بوو پڕۆژه بوودجه‌ی ساڵی 2018یان به‌و شێوه‌یه داڕشت به‌هه‌مان پڕەنسیپ داڕشتووه، ئێستا كه هاتوونه‌ته سه‌ر پڕۆژه‌ی ساڵی 2019ته‌قریبه‌ن به‌هه‌مان شێوه‌ی ساڵی پاڕ داڕێژكراوه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك شتی دیكه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گورز له هه‌رێمی كوردستان بوه‌شێنن، به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی رهشنووسهكهیان ئاماده‌كردووه یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانییان ئه‌وه‌یه كه چۆن گورزی زیاتر له‌هه‌رێمی كوردستان بوه‌شێنن.
سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان كه پێشتر رێژه 17 له‌سه‌د بووه پێشتر باسمانكردووه كه رێككه‌وتنی مه‌بده‌ئیی له‌سه‌ر بووه له‌سه‌رده‌می دكتۆر ئه‌یاد عه‌لاویی دا، پێشتریش وتوومه كه دكتۆر عه‌لاوی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانانیشی هه‌بووه، واتا ئه‌و رێككه‌وتنه ره‌نگه شێوه‌ی یاسایشی گرتبێت، ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه ده‌ڵێت پشكی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی 17 له‌سه‌د ده‌بێت له كۆی خه‌رجییه‌كان پاش ده‌رهێنانی خه‌رجیی سیادی و حاكیمه تا ئه‌و رۆژه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووان له عێراق ده‌كرێت و ئه‌وكات پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌و رێژه‌یه و ژماره‌یه دیاری ده‌كرێت، بۆیه ئێمه له‌ساڵانی عێراق سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌م له په‌رله‌مان و حكوومه‌تیش فشارمان له‌سه‌ر بووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه بكه‌ین به 13 له‌سه‌د، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌یش، ئێمه ئه‌و رێژه‌یه‌مان هه‌ر به 17 له‌سه‌د هێشتووه‌ته‌وه تا ساڵی 2017ش كه ئێمه دوا ساڵ بوو له به‌غدابووین.
ئێستا له پڕۆژه‌ی بوودجه‌ی ساڵی 2019 هه‌ر له‌خۆیانه‌وه پشكی هه‌رێمی كوردستانییان كردووه به 12,67 له‌سه‌د، واتا گورزێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان له ماوه‌ی ساڵی 2018 و 2019 له‌هه‌رێمی كوردستان داوه و ئه‌وه‌ش شتێكی نایاسایی و ناڕاسته و ده‌بێت به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه بڕۆین، چونكه هیچ سه‌رژمێرییه‌ك له‌عێراق نییه كه پشتی پێ ببه‌ستن، له به‌رامبه‌ریشدا له‌م دوو ساڵه‌دا خه‌رجییه سیادییه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زیادكردووه، به‌داخه‌وه هه‌ندێك بڕگه هه‌یە بچووكن و كاریگه‌رییان بچووكه، ره‌نگه به 20 تا 30 بڕگه‌ش كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان له‌یه‌ك بڕگه به‌ته‌نها گورزی گه‌وره‌یان له‌هه‌رێمی كوردستان داوه، له پڕۆژه بوودجه‌ی ساڵی 2018 و ئێستاش له 2019 شتێك هه‌یه به‌ناوی پڕۆژه‌كانی” عقود التراخیص”، له مێژه رێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌یه كه نابێت ئه‌م پڕۆژانه له خه‌رجییه سیادییه‌كاندا بێت، چونكه چۆن به‌غدا ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی هه‌یه، كه‌واتا پێویست ده‌كات ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌رجیی ئاسایی و ئه‌گه‌ر وابێت هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی 17 له‌سه‌ده‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گرێت، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌یشی کە بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخانكراوه كه‌م نییه، بڕه‌كه‌ی 12 تریلیۆن و نیوه، ئێستا خه‌رجیی سیادی به‌گشتی 46 تریلیۆن دیناره، ته‌نها یه‌ك بڕگه‌ی 12 تریلیۆن و نیوه، واته ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه 33 تریلیۆن و نیو ده‌بێت، ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌رێمی كوردستان بڵێین ئێمه سته‌ممان له ئێوه نه‌كردووه به‌ڵكو پشكی ئێوه‌مان داوه، یه‌ك شتییان زیادكردووه ئه‌وه‌یش پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانه کە له‌نێویاندا پڕۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه لێره‌دا بڕی 360 ملیار دیناریان بۆ هه‌رێمی كوردستان له كۆی 12 تریلیۆن و نیو ته‌رخانكردووه، ئه‌مه‌ش ده‌كاته سنووری 2,5 له‌سه‌د كه ئه‌مه گورزێكی دیكه‌یه له‌هه‌رێمی كوردستان دراوه.
هه‌رچی گورزی سێهه‌مه ئه‌وه‌یه پاش ده‌رهێنانی خه‌رجیی سیادی و حاكیمه هاتوون له خۆیانه‌وه خه‌رجییه‌كی دیكه‌یان ده‌ركردووه و بڕگه‌یه‌كی دیكه‌یان زیادكردووه كه له ساڵانی پێشوو نه‌بووه، راسته پێشتر قه‌رزی بیانی بۆ پڕۆژه‌كان هه‌بووه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان 17 له‌سه‌دی وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌وان هاتوون چوار تریلیۆن و 235 ملیار دینارییان له كۆی خهرجییهكانییان ده‌ركردووه و دوای هاتوون حسابی هه‌رێمی كوردستانییان كردووه و ته‌نها 102 ملیارییان بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكردووه كه ناكاته 2,4 له‌سه‌د كه ده‌بوو رێژه‌ی 17 له‌سه‌د بێت.
ئه‌و سێ بڕگه‌یه‌ی باسمكردن سێ بڕگه‌ی زۆر سه‌ره‌كیین، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و سێ بڕگه‌یه چاك بكرێنه‌وه ئه‌وا پشكی هه‌رێمی كوردستان كه ئێستا به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باسمكرد 8 تریلیۆن و 900 ملیار دیناره ئه‌وا پشكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته 14 تریلیۆن و 850 ملیار دینار، واتا ته‌نها له سێ بڕگه گورزی 6 تریلیۆن له هه‌رێمی كوردستان دراوه، له‌كاتێكدا ئه‌و شتانه شتی نایاسایین، وه ئه‌گه‌ر ئێمه كه‌سی زانامان له‌به‌غدا هه‌بایه ده‌یانتوانی پێش له‌و شتانه بگرن، چونكه ئه‌و شتانه شتی نایاسایین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: چی تر له پڕۆژه‌كه‌دا به دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێت به حوكمی ئه‌وه‌ی پێشتر بریكاری وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی عێراق بوویت؟
فازڵ نه‌بی: ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بڕگه‌كانی دیكه به‌داخه‌وه به جیا له ساڵانی پێشوو له جیاتی هه‌رێمی كوردستان له پڕۆژه‌كه‌دا نووسیویانه پشكی پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك بێ ناوهێنانی هه‌ڵه‌بجه‌ش كه ئه‌مه له قورسایی سیاسی هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌كاته‌وه.
بڕگه‌یه‌كی دیكه دیسان شتییان لێ گۆڕیووه ئه‌ویش پشكی پێشمه‌رگه‌یه له مادده‌ی 10دا باسی پشكی پێشمه‌رگه ده‌كات كه ده‌ڵێت پشكه‌كه دیاریده‌كرێت به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووان له خه‌رجیی هێزه زه‌مینییه‌كانی سوپای عێراق كه لێره‌دا به‌ته‌نها له مووچه باسكراوه، به‌ڵام له ساڵانی پێشوو نه‌خێر له مووچه و مه‌شق و راهێنان و پڕچهككردنیش بوو، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه بۆ حه‌شدی شه‌عبی 2, تریلیۆن و 250 ملیار دینار دابنێین و زیاتر له 7 تریلیۆن و 500 ملیار دینارییان بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگریی دیاریكراوه.
سه‌رباری ئه‌وانه‌ش پابه‌ندبوونی دیكه‌ش خراوه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كرودستان، راسته ئێمه كێشه‌مان له‌و پابه‌ندانه نییه وه‌كو هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر یاسای بودجه هه‌مواربكرێته‌وه به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و ئیستیحقاقی هه‌رێمی كوردستان و رێككه‌وتنی پێشوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌ڵێت كه عێراق 3 ملیۆن و 880 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا ههناردهكات به نرخی 56 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، له‌نێویدا 250 هه‌زار به‌رمیلی هه‌رێمی كوردستان، له‌مادده‌ی 10دا ئه‌وه‌ی باسكراوه ئه‌وه‌یه ده‌بێت به‌لانی كه‌مه‌وه 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ست بكات، ئه‌گه‌ر هه‌رێم هه‌ر به‌رهه‌مێكی زیاده له‌و بڕه به‌رهه‌م بهێنێت ده‌بێت داهاته‌كانی راده‌ستی گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت بكاته‌وه، جگه له‌وه‌ی هه‌موو داهاتی سیادیش راده‌ست بكرێته‌وه، ئه‌وان هاتوون سه‌د ده‌ر سه‌د پابهندبوونهكانییان خستووه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 60 له‌سه‌دی مافه‌كانی كوردستانییان داوه.
جگه له‌هه‌موو ئه‌وانه بڕگه‌یه‌ك هه‌یه جاران كه ده‌مانگوت 17 له‌سه‌د له كۆی خه‌رجییه‌كان بوو پاش ده‌رهێنانی خه‌رجی سیادی و حاكیمه، ئێستا ئه‌وه‌یان زیادكردووه به‌وه‌ی كه رێژه‌ی وشه‌ی فیعلییان بۆ زیادكردووه كه ئه‌مه ئه‌سڵه‌ن شتێكی زۆر نایاساییه و بۆ گورز وه‌شاندنه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر نا بوودجه هه‌میشه تهقدیریی تهختیتییه، نابێت باسی وشه‌ی فیعلی بكه‌یت، ئه‌گه‌ر فیعلی دابنێت كه‌وایا به‌های بوودجه‌كه له‌ده‌ست ده‌دات، به‌داخه‌وه به‌گشتی سته‌مێكی زۆر له هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان كراوه له‌و ره‌شنووسی بودجه‌یه.
پێشبینی ده‌كه‌یت ئەم ره‌شنووسه به ئاسانی له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێت؟
فازڵ نه‌بی: پێش هه‌موو شتێك پێویسته ئێمه‌ی كورد له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كه رۆژی سێشه‌ممه تاوتوێی پڕۆژه‌كه ده‌كات نه‌هێڵین تێپه‌ڕێت بێت، هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕگانه‌ی له دژی هه‌رێمی كوردستانن، ئه‌گه‌رچی ئێمه ته‌نها دوو وه‌زیرمان هه‌یه، به‌ڵام ده‌كرێت له‌رێگه‌ی كوتله و حزبه‌كانه‌وه كارییان له‌سه‌ر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه په‌سه‌ند نه‌كرێت تا پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، به بۆچوونی من به پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ و ناردنی خه‌ڵكی باش بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وا ده‌كرێت ئه‌و كێشانه تێپه‌ڕێنین، ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه بچێته په‌رله‌مان كاره‌كه زه‌حمه‌تتر ده‌بێت و چاككردنه‌وه‌كه قورستتر ده‌بێت.
هێشتا به‌شێكی زۆری بوودجه‌ی عێراق بۆ مووچه، بۆ ئاسایش و به‌رگری ده‌ڕوات، ئه‌م پرسانه له ره‌شنووسه‌كه‌دا چۆنن؟
فازل نه‌بی: عێراق وڵاتێكی ناجێگیره، ئه‌گه‌ر جێگیربا ئه‌وه ده‌بوو به پله‌ی یه‌كه‌م گرنگی به خزمه‌تگوزاریی بدات تا ئاسایش و ئه‌و شتانه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاتێكی ناسه‌قامگیره و ئاسایش هێشتا به‌رقه‌رار نییه و ته‌نانه‌ت دوای ده‌ركردنی داعش له عێراق ده‌بینین هێشتا داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه و ته‌قینه‌وه له به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ش روو ده‌دات، واتا ناچاری گرنگی به‌به‌رگری و ئاسایش بده‌یت و وه‌زاره‌تی ناوخۆش بڕێكی زۆری بۆ ته‌رخانكراوه. جگه له‌وانه‌ش بڕی هه‌ره زۆری پاره‌كه‌ش بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ته‌رخانكراوه، ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه، چونكه تا ئێستا عێراق ده‌یه‌وێت به‌رهه‌می خۆی زیاد بكات و گرنگیی پێ بدات، چونكه زیاتر له 90 له‌سه‌دی پشت به داهاته نه‌وتییه‌كانی ده‌به‌ستێت، به‌داخه‌وه ساڵانی پێشووتر له عێراق له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی سیاسی و موزایه‌ده‌ی سیاسیی لایه‌نه‌كان بوودجه‌ی تهشغیلیان زۆر زۆر زیاتر بووه.