دەکرێت ئاوی ئاوەڕۆ نۆش بکرێت؟!

وەسفی خه‌لیل

دیارە کەسانێک هەن یەکەم وەڵامیان نەخیر دەبێت، بەڵام ئەم بابەتەمان لەئەنجامدا وەڵامەکەی بەپیچەوانەیە، واتا بەڵێیە.

لەوانەیە کەسانێک هەبن توشی سەرسورمان بن‌و بگرە توشی هێڵنجدان بن، لەوانەشه‌ توشی ڕشانەوەش بن ئەگەر بڵێن تەنانەت لەهەندی وڵات دەخورێتەوە، بەڵام ئەگەر تا کوتایی ئەم باسە بەوردی سەرنج بدەین لەوانەیە هەبێت بۆچونی  بگۆڕێت.

پیش ئەوەی بچینە کرۆکی بابەتەکە، سەرەتا ده‌بێت هەشت ڕاستی لەبارەی ئاوی سەر زەوی‌و لەشی مرۆڤ بزانین:
یەکەم: ئاو بەڕێژەی لە ٧٠٪ زەوی دادەپوشێ‌.
دووەم: لە ٩٧٫٥% ئاوی سەر زەوی سوێرە، تەنها ٢٫٥٪ ئاوی شرینە، لەو ئاوە شرینە تەنها ۰٫٣ لەژیر رکیفی مرۆڤدایە بۆ بەکارهێنان.
سییەم: تەنها بەقەبارەی ۷ حەوزی مەلەوانگەی ئوڵمپی پشکی هەر کەسێکە بەدرێژایی ژیانی.
چوارەم: چونکە ڕێژەی ئاوی شیرین لەشوێنێک بۆ شونێکی تر دەگۆڕێت بۆ نمونە پشکی کەسێک لەئەمریکای لاتین پێنج ئەوەندەی کەسێکه‌ لەڕوژهەڵاتی ئاسیا.
پێنجەم: کەمتر لەنیوەی گوندنیشنەکانی باشوری بیابانەکانی ئەفریقا سەرچاوەی ئاویان بەباشی دەستدەکەوێت.
شەشەم: ٧٠٪ ئاوی شیرینی سەرزەوی بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت  .
حەوتەم: لەبەر ناسازگاری ئاوی خواردنەوەو ئاوی ئاواڕو کومەڵگای مروڤایەتی ساڵانە بڕی٢٥٠ ملیار  دۆلار زیانی پێدەگات.
هەشتەم: مرۆڤ وەکو پیکهاتەی لەشی ئاو زۆرترین ڕیژەی پێکدینێت لەنێوان ٧٠٪ تا ٩٠٪، واتە لەهەر بارودوخێک نەتوانێت ئاوی پێوستی دەستکەوێت لەڕوی تەندروستیەوە ئەنجامەکەی زۆر خراپ دەبێت.

لێردا دەبێت ڕۆڵی ئاوی ئاوەڕۆ دیاری بکەین لەپیسبونی ژینگە لەلایەک‌و بەفیڕۆدانی ئاو لەلایەکی تر، وایکرد پسپۆڕانی ژینگە بیر لەوە بکەنەوە ئاوی ئاوەڕۆ ڕیسایکلین بکەن‌و سودی هەبێت  بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەو لەهەمانکات دوبارە بەکارهێنانەوەی چ بۆ کشتوکاڵ یان بۆ خواردنەوە وەکو ئیستا لەوڵاتانی ئیسپانیاو سەنگافوراو هەندیک لەولایەتەکانی ئەمریکاش جگە لەکشتوکاڵ بۆ خواردنەوەش بەکاردێت، لەسه‌نگافورا بەهۆی ریسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆ توانراوە لە ٣٠٪ ئاوی خواردنەوە دابین بکەن.

لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات بۆ ئێستا بیر لە ڕیسیکلینی ئاوی ئاوەڕۆ دەکرێتەوە؟
دیارە چەند هوکاری سەرەکی هەن بوەتە مایەی ئەوەن مروڤ بیر لەڕیسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆ بکاتەوە:
١/ زیادبونی دانیشتوانی سەرزەوی بەشێوەیەکی بەرچاو.
۲/ فروان بوونی ئاوەدانی‌و گەشەکردنی شارەکان لەڕوی زیادبونی دانیشتوان.  
٣/ بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زەوی کە لەئەنجامدا بوەتە هۆی وشکەساڵی‌و کەم بونی ئاو.
٤/ نزمبونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.

گرنگترین سودەکانی ڕیسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆ:
١- لەبری ئەوەی ئه‌م ئاوە دەبێتە مایەی پیسبونی ژینگە دووبارە بەکاردەهێنرێت.
٢- لەبەرئەوەی ئەم جۆرە ئاوە لەبەردەستدایە بۆیە جگە لەوەی بەئاسانی دەستدەکەوێ لەهەمان کات تێچونی کەمترە بەراورد بەسەرچاوەکانی تری ئاو بۆ ئەوەی سودی لێوەربگیرێت.
٣- بەمجۆرە دەتوانین پارێزگاری لەئاوی ژێر زەوی بکەین، هەروەها لەمەترسی سوێر بون‌و تێکچونی دووری دەخەینەوە بەنەهێشتنی دابەزینی ئاوی ئاوەڕۆو تیکەڵ بونی بەئاوی ژێر زەوی.
٤- ئەم کارە دەبێتە هۆی دابین کردنی ئاو بۆ ناوچە بێ ئاوەکان.
٥- ئەمە دەبیتە هۆی بوژانەوەی ئابوری کاتێک بەشێوەیەکی ئاسان ئاو دابین بکرێت بۆ کەرتە جیاجیا کانی ئابوری وەک دابین کردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ‌و پیشەسازی، ئەمەیش دەبیتە مایەی دابینکردنی خۆراک.
 ٥- لەهەمانکات دەبێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ ئەوەش بەسود وەرگرتن لەو مادە خۆراکیانەی لەئاوی ئاوەڕۆدایە.

دیارە هەموو پرۆسەیەک لەسەرەتاوە چەندین گرفت ڕوبەڕوی دەبێتەوە بەڵام بەهیمەتی هەموولایەک گرفتەکانی چارەسەر دەکرێت لەوانەش:
– هەر کەمتەرخەمیه‌ک لەپڕۆسەکە دەبێتە مایەی دەرهاویشتەیەکی ترسناک.
– زۆرجار جێگه‌ی ڕەزامەندی هاوڵاتیان نابێت لەبەرئەوەی سەرچاوەکەی ئاوێکی پیسە.
– دەبێت ئەوەش بزانین ئەم پڕوسەیە لەسەرەتاوە تێچونی زۆرە بەڵام لەبەرئەوەی پڕۆسەکە ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت بۆیە بەوە قەرەبووی تێچونەکەی دەکاتەوە.

هەرچەندە ڕێگری هەیە لەجێبەجێ کردنی، بەڵام دەکرێت چ لەڕوی ئەنجامدانی بەوردی گرنگی پێبدرێ، چ لەڕوی ڕاگەیاندنەوە هاوڵاتی هوشیار بکرێت بۆ ئەوەی نەبێتە مایەی ڕێگریی لەجێبەجێکردنی.

یه‌کەم وڵات کە بەم کارە هەڵساوە وڵاتی نامیبیا بوە لەئەفریقا، زۆرجاریش شانازی پێوە دەکەن لەدوای ئەوان سه‌نگافورا بوە کە لەساڵی ٢٠٠٣ یەکەم سستمی لەم جۆرە دامەزراوە، هەروەها لەناوچەیەک لەولایەتی کالیفۆرنیا توانراوە لەئاوی ئاوەڕۆ زیاتر لە ٢٠ ملیۆن مەتر سیجا ئاو بەرهەمبهێنن کە بەکارهاتووە بۆ ئاوەدانی زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆنمی چێنراو بە بەروبومی سەوزە، لەکاتێکدا ئەم ناوچەیە بەئاوی ژێر زەوی ئاو درا بوو.

لای خومان چ لەکوردستان یان لەعێراق ئایا ئەم جۆرە پرۆسەیە گرنگە؟ بێگومان زۆر گرنگە لەچەند ڕویەکەوە:

یەکەم، عێراق بەگشتی بەکوردستانیشەوە بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زەوی، ئەمە چەند ساڵیکە ڕوبەڕوی وشکەساڵی بوەتەوە.

دووەم، وڵاتانی دراوسێ کە زۆربەی سەرچاوەی ئاوی عێراقن بەکوردستانیشەوە لەئیستادا تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگرن لەهاتنی پشکی عێراق لەئاوی ڕوبارە هاوبەشەکان ئەمەیش بۆتە هۆی دابەزینی ئاوی سەرزەوی‌و ئەگەر وابڕوات ئاستی ئاوی ژێرزەویش دادەبەزێت، بەوەش عێراق بەگشتی تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕوبەڕوی کەمئاوی دەبێتەوە، تەنانەت لەهەندی شوێن ئاوی خواردنەوەیش دەسناکەوێت. دواین زانیاریەکان ڕایدەگەینن ئەم دوو ساڵەی رابردوو لە ٥٠٪ دانیشتوانی زۆنگاوەکانی باشوور لەبەر کەمئاوی ماڵ‌و حاڵی خویان جێهیشتوەو ڕویان کردوەتە شارەکانی تر. لەهەمانکات لەبەرئەوەی ئاوی شیرین کەم ئەڕژێتە شەتوالعرب ئەمەیش وای کردوە ئاوی شاری بەسرەش لەبەر سوێری بەکەڵک نەماوە بۆ خواردنەوەو کشتوکاڵ، بەڵام ئەوەی جێگه‌ی نیگەرانییە حکومەتی عێراق تا ئێستا بیری لەوە نەکردوەتەوە ئاوی به‌کارهاتوی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دانیشتوی عێراق ڕێسایکلین بکات، ئەگەر پێوستی هەر کەسیک لەڕۆژێکدا بە ٣٥٠ لیتر دابنرێت بەپێی ستانداری جیهانی، ئەو بڕە ئاوەی لەڕۆژێکدا لەڕیسایکلین دەستدەکەوێت لای کەمەوە بەشی چەند پارێزگایەکی باشور دەکات بۆ بەکارهێنانی لەکشتوکاڵدا.

سێهەم، بەداخەوە لەعێراق بەگشتی تا ئیستا بیریان لەوە نەکردوەتەوە سیسته‌می نوێی ئاودێری بەکاربهێنن بۆ کشتوکاڵ، لەهەمانکات کاری جدی نەکراوە بۆ زیادکردنی ڕوبەری سەوزایی بەتایبەت دوای جەنگەکانی عێراق لەگەڵ ئێران‌و کوێت کە ئەنجامەکەی لەناوچونی چەندین ملیۆن دارخورما بووە.

لەهەرێمی کوردستانە نەک تەنها حکومەت نەیتوانیوە سود لەئاوی ئاوەڕۆکان ببینیت، بگرە ئەو بڕە بارانەش دەبارێت ئاوەکەی بەفیڕۆ دەڕوات بێ ئەوەی بەربەستی بۆ دروست بکرێت، پارێزگای سلێمانی لەئایندەدا ڕوبەڕوی دوخێکی زۆر نالەبار دەبێتەوە، نەک تەنها لەڕوی کەمی ئاو بەڵکو پیسبوونی ئاوەکەشی، چونکە ئاوی زێی بچوک سەرچاوەی ئاوی شارەکەیە کە دوای ئەوەی ئاوی ئاوەڕۆی چەند شارو شاروچکەیەک دەڕژێتە ناوی‌و لەهەمانکات ڕێژەی ئاوی پاک کەم دەبێتەوە بەهۆی ڕێگریی ئێران لەهاتنی ئاوی زێکان، لەهەمانکات کەم بونەوەی رێژەی ئاوی سیروان‌و ئەمە وادەکات بەزەقی پیسبۆن ئاوی ڕوبارەکە دەرکەویت وەکو چون ئەمە چەند ساڵیکە  شاروچکەی دەربەندیخان بە دەستیوە دەناڵیت لە بەر ئەوەی ئاوی تانجەڕۆش ساڵ بەساڵ رێژەی پیسبونی زیاد دەکات، ئەم دیاردەیەش چاوەڕوان کراوە بۆ شاری سلێمانی‌و شارۆچکەکانی تر.

بۆیە لێرەوە داواکارین حکومەت هەوڵی جدی بدات سستمی ڕێسایکین بەکاربهێنێت بۆ ئەو شارانەی ئاوەڕۆیان دەڕژێتە ناو ڕوبارەکان، بەمەش ڕێژەی پیسبونی ئاوی ڕوبارەکان کەم دەبێت‌و لەهەمانکات سود لەئاوی ئاوەڕۆکان وەردەگیرێت بۆ مەبەستی تر.
دەبێت ئەو مەترسیە گەورەیەش بزانین لەئەنجامی پیسبونی ئاو بەئاوی ئاوەڕۆ جگە لەلایەنە  مەترسی مایکرۆبایلۆجیەکەی، لەلایەنە کیمیاویه‌کەش مەترسی گەورەی هەیە، چونکە هەندی کانزا هەیە کە پێدەوترێت کانزا قورسەکانی heavy metals وەک زەیبەق Hg، کادمیومCd ، زرنیخ Zs ، کڕومCr  ، ثاليوم Ti، قورقوشم Pb بەشێکیان لەتوانەوەی بەردی شاخەکان لەسروشتەوە پەیدا دەبێت، بەشەکەی تریشی لەپاشماوەی کارگەکانەوە وەکو ئەوەی لەناوچەی پیشەسازی تانجەرۆ بەدیدەکرێت، لەکاتی خواردنەوەی لەوانەیە یەکسەر کاریگەری دیار نەبێت، بەڵام بەتێپەڕ بوونی کات‌و زیاد بۆنی ئەو مادە ژەهراویانە لە لەشی مرۆڤ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین نەخوشی ترسناک.