گەورەترین پێشانگای بەرهەمەکانی عێراق لە سێمانی کرایەوە.

ڕێکەوتی 3/12/2025 نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئارام بابان ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، ئامادەی کردنەوەی سێیەمین خولی پێشانگای بەرهەمە ناوخۆیییەکانی عێراق بوون.
لە بەڕێوەچوونی سێیەمین خولی (صنع فی العراق) د. هەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و (عادل عکاب) سەرۆکی یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق، عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی و بازرگانان و پیشەسازان بەشداربوون.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەبارەی بەڕێوەچوونی سێیەم خولی پێشانگای (صنع فی العراق) ڕایگەیاند: لەناو بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە سێیەم خولی پێشانگای (صنع فی العراق) دەستی بە کارەکانی کرد، بە بەشداریکردنی نزیکەی ١٠٠ کارگەی ناوخۆی لەو ژمارەیە ٤٠ کارگەیان گەورەن و ٤٠ کارگەی دیکە مامناوەندن وە زیاتر لە ٢٠ گەنجی خاوەن بیرۆکە و داهێنان بەشداربوون.
ڕاشیگەیاند: پێشانگاکە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ خاوەن کار و کارگەکان تا بتوانن سنووری ناساندنی کار و براندەکانیان فراوانتر بکەن و کاڵاکانیان زیاتر بناسێنن، وە صنع فی العراق دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کە کاڵا و پێداویستی بە دەستی یەک بکڕن، یاخود ئەو لایەن و بازرگانانەی دەیانەوێت ببنە بریکاری کاڵای کارگە ناوخۆیەکدان.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەم پێشانگایە ڕووداوێکی ئابووری گرنگە کە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ژمارەیەکی بەرچاو لە کارگە و کۆمپانیا گەورە و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تێیدا بەشدارن کە ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەیان هەیە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و ژێرخانی ئابووری.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختی کردەوە ئەم پێشانگایە ئاماژەیەکە کە ئایندەیەکی گەشی پیشەسازی چاوەڕێی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەکات کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم پیشەسازییە لە فراوانبووندایە.
ئەم پێشانگایە دەبێتە هۆکاری ڕەخساندنی چەندین هەلی کار و واژۆ کردنی ژمارەیەک گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکانی بەشداری ناو پێشانگاکە.
پێشانگای صنع فی العراق ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە ڕێکەوتی 2025/12/3 بۆ 2025/12/6 ڕۆژانە لە کاتژمێر 10 سەرلەبەیانی بۆ 6 ئێوارە کراوە دەبێت.