کۆڕبەندی ئابووری و بازرگانی هەرێمی کوردستان – تورکیا بەڕێوەچوو
نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور بەشداریانکرد لە کۆڕبەندی ئابووری و بازرگانی هەرێمی کوردستان تورکیا کە تێیدا سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی بازرگانان و پیشەسازانی نێودەوڵەتیی – USİAD لە باکووری کوردستان و تورکیا بەشداربوو، وە سەرۆک و ئەندامانی یەکێتی هاوردە و ناردن کارانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لقی سلێمانی و یەکێتی کۆمپانیاکانی دابەشکاری و ژمارەیەک لە بازرگانانی پارێزگای سلێمانی ئامادەی کۆڕبەندەکە بوون.
نواف کلیچ، سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی بازرگانان و پیشەسازانی نێودەوڵەتیی – USİAD لە با کوڕی کوردستان و تورکیا لە کۆڕبەندی ئابووری و بازرگانی هەرێمی کوردستان – باکووری کوردستان (تورکیا) ڕایگەیاند” پارێزگای سلێمانی گرنگە بەلامانەوە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەین سەردانی ئەم جارەمان بۆ هاوبەشی کردنی کارە لەگەڵ بازرگانان و پیشەسازانی پارێزگای سلێمانی تا لە نزیکەوە ئاشنا ببن بە کارە بازرگانییەکانی هەر دوو لا”.
نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆڕبەندەکەدا وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند” بەخێرهاتنی کۆمپانیاکانی کۆماری تورکیا دەکەین بۆ شاری سلێمانی ئەمەش یەکەمین سەردانی کۆمپانیا بازرگانییەکانە لەدوای هەڵگرتنی ئابڵۆقە لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی کۆماری تورکیا”.
ڕاشیگەیاند”شاری سلێمانی دەرفەتی کار و وەبەرهێنانی زۆر تێدایە لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزار و خۆراکی کە دەتوانرێت کۆمپانیا تورکییەکان سوودی لێوەرگرن و کارەکانیان لەگەڵ بازرگانانی پارێزگای سلێمانی هاوبەشی بکەن”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، هیوای خواست ئەم سەردانانە بەردەوامی هەبێت و هەر دوو لا هاوکار بن لە پێشخستنی کەرتی ئابووری.
لە کۆتای کۆڕبەندەکەدا کۆبوونەوەی B2B بازرگانی بەڕێوە چوو لە نێوان کۆمپانیاکانی شاری سلێمانی و وڵاتی کۆماری تورکیا.
لە بوارەکانی: –
1-پیشەسازی پاڵاوگە
2-بیناسازی و هەناردە کردن
3- بەرهەمەکانی گەرم کەرەوە و فێنک کەرەوە
4-پێداویستییەکانی مەلەوانگە
6-کشتوکاڵی و پێداویستی خانوو پلاستیکی
7-خۆراک و خواردنەوە غازیەکان
8-پێداویستی جوانکاری
9-مۆبیلیات
10-دروستکردنی بۆیاخ







