هاتوچۆی ئاڵو گۆڕی بازرگانی لە مەرزی باشماخ دەبێتە 24 کاتژمێری.
پاش ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا هاتوچۆی کاڵا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان خاوبونەوەی بەخۆیەوە بینی هەوڵەکان چڕکرانەوە بۆ لابردنی ئاستەنگیەکان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت کە هاتوچۆی ئاڵو گۆڕی بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بۆتە ٢٤ کاتژمێری.
نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند”بە هەوڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ کارمانکرد بۆ بەردەوامی هاوتوچۆی کاڵای بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ ٢٤ کاتژمێر کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر خێرایی و توانای هاتوچۆی بازرگانی”.
راشیگەیاند” لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران قسەمانکردووە لای خۆیان کاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ هاتوچۆی باری بازرگانان بکەنە ٢٤ کاتژمێر بە خۆشحاڵیەوە ڕەزامەندیان پیشاندا و کارەکانیان کردۆتە ٢٤ کاتژمێری، کە ئەمەش “جێگەی خۆشحاڵی”یە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا کۆبونەوەیەکی فراوان لە هەفتەی داهاتودا لەگەڵ بەرپرسانی مەرز لە لایەنی بەرپرسانی هەردوو لاوە بەڕێوەدەچێت بۆ زیاتر کارئاسانی بازرگانی لەمەرزەکەدا.