نەکەن توێکڵی هەنار فڕێ بدەن
نوسینی: شۆخان هیدایت حمەڕەشید/ دکتۆرا لە پاکەتکردنی خۆراك(Food Packaging)
هەرچەندە زۆربهی خەڵك توێکڵی هەنار وەک پاشماوە فڕێ دەدەن، بەڵام لە زانستدا ئەم توێکڵە لەو ماددە گرانبەها و چالاکانە پڕە کە دەتوانێت بۆ تەندروستی مرۆڤ، پێشەسازی خۆراک، دەرمانسازی و بازرگانی پێست سەرچاوەیەکی ستراتیژی بێت. لە مێژوی مرۆڤایەتییەوە تا توێژینەوەکانی سەردەم، توێکڵی هەنار لە هەمیشەوە بەناوبانگ بووە بۆ چارەسەرکردنی هەرەس و سکچوون و هەوکردن. لە ساڵانی دواییدا جێی سەرنجی زانایانی خۆراک و تەندروستی بووە بەهۆی ماددە چالاکە زیندووەکان و توانای دژایەتییەکانی. پسپۆڕانی بواری زانست و پیشەسازی خۆراك بە میوەی هەناردەڵێن (Super fruit) واتە میوەی دەگمەن لەبەرئەوەی میوەیەکی زۆر تەندروستە و ماددە خۆراکییە بەهێزەکانی تێدایە کە پێویستن بۆ جەستەی مرۆڤ. هەنار بە گشتی بە شێوەیەکی تازە دەخورێت یان پرۆسێس دەکرێت بۆ شەربەت. هەنار دەتوانرێت دابەش بکرێت بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا: دەنک و توێکڵ. لەم باسەدا ناچمە سەر سیفات و نرخی خۆراکی دەنکە هەنار تەنها کورتە باسێك دەکەم لە توێکڵی هەنار کە نزیکەی ٣٠-٥٠٪ ی کێشی گشتی هەنار پێکدەهێنن.
پێکهاتە و نرخی خۆراکی توێکڵی هەنار
پێکهاتەی توێکڵی هەنار گەنجینەیەکە لە ماددە چالاکە زیندووەکان و رێژەیەکی بەرز لە فیتۆکیمیایی سودبەخشەکان، لەوانە:پۆلیفینۆل، فلاڤۆنۆید، تانین و ئەنتۆسیانین، ترشە ئۆرگانیکییەکان، پرۆتین، ڕیشاڵ و کانزا (کالیسیۆم، فسفۆر، پۆتاسیۆم، زینک، مەنگەنیز). لێکۆڵینەوەیەك لە گۆڤاری نێودەولەتی Chemical Science (2018) نیشانی دەدات کە بۆ هەر ١٠٠ گرام لە پاودەر لە توێکڵی هەنار پێکدێت لە کاربۆهیدرات: ٦٦.٥٪، پرۆتین: ٣.٧٪، چەوری: ٠.٨٥٪، ڕیشاڵ: ١٧.٣٪، کالیسیۆم (٣٤٢ملگم)، پۆتاسیۆم (١٤٩ ملگم)، فسفۆر (١١٨ ملگم)، ئاسن(٦.٤ ملگم)، ، زینک (٠.٩٣ ملگم)، مەنگەنیز(٠.٧٨ ملگم) وە کۆی فینۆلیک (١٩ ملگم).توێکڵی هەنار سەرچاوەیەکی ناوازەی پێکتین ـ ماددەیەکی کوالێتی کە لە پیشەسازی خۆراک وەک جێڵ یان ئەستوورکەر بەکار دەهاتووە.
سود و تایبەتمەندییە تەندروستییەکان
بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان و توێژینەوە باوەرپیکراوە نوێیەکان کە دڵنیایی دەدەن توێکڵی هەنار دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە بواری تەندروستی بگیڕێت لەوانە:
1. دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێز: پۆلیفینۆلەکان ماددەیەکی سەرەکییە بۆ ڕێگری لە توانای ڕادیکاڵە ئازادەکان و دواتر کەمکردنەوەی مەترسی شێرپەنجە، ئایدز، و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
2. دژە میکرۆب و پارێزەری خۆراك: توێکڵی هەنار دژایەتیی بەرز دەکات دژی بەکتریا، کەڕوو و ڤایرۆس. لە پیشەسازی خۆراکدا دەتوانێت وەک پارێزەری بایۆلۆجی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی هەندێ لە خۆراکەکان بەکاردێت وەکو گۆشت، نان و بەرهەمە دانەوێڵەییەکان.
3. بۆ گۆشت و بەروبومەکانی، پەلەوەر و ماسی بەکاربێت.
4. دژە هەوکردن: ترشی ئیلاجیک و پۆلیفینۆل بەهێزترین ماددە دژە هەوکردنن کە لە توێکڵی هەناردا هەن.
5. ڕێکخەری فشاری خوێن: توێژینەوەکانی 2020 نیشان دەدەن توێکڵی هەنار دەتوانێت ناڕێکی لە پەستانی خوێن ڕێک بخات.
6. پاراستنی جگەر: توانای دژی ژەهری ژینگەیی هەیە و ڕێگری دەکات لە برینداربوونی جگەر لە لایەن زینۆبایۆتیکەکانەوە.
7. پاراستنی دەمارەکان و مێشک: توێکڵی هەنار دەتوانێت کاریگەری دژایەتی هەبێت دژی ئەلزەهایمەر، پارکینسۆن، شەقیقە و جەڵتەی مێشک.
8. یارمەتیدانی گەدە و ڕیخۆڵە: بە هۆی بەرزی ڕیشاڵ یارمەتیدەرە بۆ جوڵەی ڕێکوپێکی ڕیخۆڵە و پاراستنی گەدە لە نەخۆشییەکان و تەندروستی گشتیان.
9. پارێز لە نەخۆشی درێژخایەنەکان: توانای کەمکردنەوەی LDL-oxidation، کە دەبێتە ڕێگر لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و تێکچوونی خوێنبەرەکان.
10. پاراستنی پێست: توانای دژە میکرۆبی و دژە هەوکردنی توێکڵی هەنار وا دەکات بۆ چارەسەرکردنی زیپکە، ئەکزیما و پاراستن دژی تیشکی خۆرو تیشکی سەروبنەوشەیی بەکاربێت.
11. دژە نەخۆشی شەکرە و کۆلیسترۆڵی خراپ: پێکهاتەکانی توێکڵی هەنار دەتوانن کۆنترۆڵی شەکری خوێن و کۆلیسترۆڵی خراپ کەم بکات.
12. چارەسەرکردنی برینی سووتاوی: لە توێژینەوە زانستییە نوێیەکاندا توانای دژە سووتاو لە توێکڵی هەناردا دەستکەوتێکی دڵخۆشکەرە.
شێوازەکانی بەکارهێنانی
یەکەم شێوازی، گۆڕینی بە پاودەر: ئەویش بە وشککردنی توێکڵ لە بەر خۆر کە ٢-٣ رۆژی پێویستە یان فڕن (٣٨ سلیزی) کە ١-٢٤ کاتژمێری پێویستە. دواتر دەدرێت لە وردکەر (Grinder) بۆ بوون بە پاودەر. دەتوانرێ ئەو پاودەرە بەکاربهێنرێ وەک چا بکرێتە ئاوی گەرمەوە و دوای چەند خولەكێك بخورێتەوە یان وەك بەهارات بۆ خواردن بەکاربێت. وشککراوەی توێکڵی هەنار دەتوانرێ ماسکی لێ دروستبکرێ بە تێکەڵکردنی لەگەڵ ماست، شەکر، هەنگوین، ئاوی گوڵ. یان وەك Face Wash بەکارببرێت بۆ شتنی دەموچاو. دووەم شێواز بریتییە لە کوڵاندنی توێکڵی هەنار بە تەڕی لە ناو ئاوی گەرم، بۆ 3–5 خولەک دواتر پالاوتنی و خواردنەوەی دوای ساردبوونەوەی.
ئەوەی گرنگە لە کۆتایدا ئامازەی پێبکەم ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار بەکارهێنان دەبێت بە بڕێکی کەم بخورێت بۆ پاراستن لە هەستیاری گەدە. وە ئافرەتانی دووگیان و شیردەر پێش بەکارهێنان پێویستە لە پزیشك ڕاوێژ وەرگرن. وە هەروەها کەسانی تووشبوی شەکرە یان بەرزفشاری خوێن، نابێت بێ ڕاوێزی پزیشك بەزۆری بیخۆن.
سەچاوەکان:
• Bioactive Edible Film from Pomegranate Peel Extract and Nisin in Sodium Alginate Matrix for Minced Meat Preservation. 2025.( تێزی دکتۆراکەم)
• Pomegranate Peels: A Promising Source of Biologically Active Compounds with Potential Application in Cosmetic Products. The Journal of Cosmetics is an International, Scientific journal.2025.
• Development and nutritional evaluation of pomegranate peel enriched bars. PLOS ONE journal.2025.
• Bioactive compounds from pomegranate peels – Biological properties, structure–function relationships, health benefits and food applications. Journal of Functional Foods. 2024.
• Phytochemical profile, nutritional composition of pomegranate peel and peel extract as a potential source of nutraceutical: A comprehensive review. Journal of Food Science & Nutrition.2024.







