نمایشی بیرۆکە نوێیەکانی پاراستنی ژینگە لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

ڕێکەوتی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، نمایشێکی تایبەت بە بیرۆکەکانی پاراستنی ژینگە و سەوزکردنی شار بەڕێوەچوو.
چالاکییەکە بە ئامادەبوونی محەمەد ڕەسوڵ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، و سابیر ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، هەروەها پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە خاوەن بیرۆکە و پسپۆڕانی بوارەکە ڕێک خرا.
ماڵی داهێنانی سولی میوانداری ئەم نمایشەی کرد، کە تێیدا ژمارەیەک لە پرۆژە داهێنەرەکان و بیرۆکە نوێیەکانی گەنجانی شار لەسەر پاراستنی ژینگە، باشتر بەکارهێنانی سامانی ئاو، و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی پێشکەش کرا.
محەمەد ڕەسوڵ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، ڕایگەیاند: “خۆشحاڵین کە کۆمەڵێک گەنجی بەهرەمەند و داهێنەری بیرۆکەی پێشکەوتوو هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و سامانی ئاو، و ڕێگە نوێیەکانی سەوزکردنی شارەکەمان لە ڕێگەی پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیاوە پێشکەش دەکەن. ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ شاری سلێمانی. ئێمە هیوادارین ئەم کارە باشانە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، تا جارێکی تر شاری سلێمانی هەنگاوێکی تر پێش بکەوێت لە بواری ژینگەدا.”
هەروەها پشتیوانی بەردەوامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیی خستە ڕوو بۆ هاندانی گەنجان و پاڵپشتی کردنی ماڵی داهێنانی سولی، بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە ئەم بیرۆکانە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕۆڵێکی کاریگەر لە باشترکردنی ژینگەی شاردا ببینن.