لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وۆرکشۆپێک بۆ خاوەن بیرۆکەی کار بەڕێوەچوو.

ڕێکەوتی 2025/9/17 نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بەشداری کرد لە وۆرکشۆپێکی تایبەت کە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی تالێنت هەب بەڕێوە چوو، دەربارەی چۆنیەتی تۆمارکردنی ناوی کار وە پارێزگاریکردن لە بەرهەمەکان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ڕایگەیاند: گەنجانی خاوەن بیرۆکە سەرمایەی وڵاتن کە دەبێت پشتیوانی بکرێن و دەست گیرۆدەی بکرێن بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان و پرۆژەکانیان، وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوان و هاوکاری تەواوی ئەو گەنجانە دەبین کە دەیانەوێت دەست بە پرۆژەکانیان بکەن.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، داوای لە گەنجان و خاوەن بیرۆکەی کار کرد کە بەردەوام ئاشنا بن بە یاساکان و ڕێنماییەکانی کارکردن لە هەر شوێنێک کە دەیانەوێت ببنە خاوەنی کار بۆ ئەوەی تووشی زیانی مادی و مەعنەوی نەبن.
وۆرکشۆپەکە لەلایەن پارێزەر د. سەلام عبدوڵلە، پێشکەش کرا، کە تایبەت کرابوو بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی ناوێکی بەهێز بۆ براند و پرۆسەی تەواوی تۆمارکردن و مافەکان چین و چۆن دەپارێزین وە دوورکەوتنەوە لە هەڵە باوەکان و تێچووی ڕاستەقینە و کاتی پێویست و پێداویستییە یاساییەکان و بەڵگەنامە پێویستەکان بۆ کارەکانیان.
لە کۆتایدا بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بە وەرگرتنی ئەو زانیاریانە و تێگەیشتن لە یاسا و ڕێنماییەکانی پەیوەست بە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی.
هەوڵەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوامە بۆ ئاشناکردنی گەنجان و خاوەن بیرۆکە بۆ چۆنیەتی بەرەو پێشبردنی دەستپێکی کارەکانیان.