سەرۆکی ژووری بازرگانی پێشوازیکرد لە لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی.

ڕێکەوتی، ۲/٦/۲٠۲٥ نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، عوبێد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیانکرد لە (دارا خەیلانی) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامانج لە سەردانەکە تاوتوێکردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێم هەیە، وە لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی جیهاندا پەیوەندی بەهێزمان هەیە و ساڵانە بەشدار دەبن لە کۆنفرانس و پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک بازرگانی و کۆمپانیای گەورەمان هەیە کە خاوەنی چەندین بریکارنامەی کۆمپانیا جیهانییەکانن لە بوارەکانی خۆراک و پیشەسازی و کشتوکاڵی و کارەبایی کە دابەشی دەکەن بەسەر هەموو عێراقدا.
دارا خەیلانی،ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و هیوای خواست بتوانن بە هەموو لایەک کار بکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرەوپێشبردنی کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی و بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی.
پشتیوانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە هەر کاتێکدا پێویست بە زیاتر و بەهێزکردنی پەیوەندیەکان بدات.