ڕێکەوتی١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، پێشوازی کرد لە (ئاسۆ محەمەد) بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ (IOM) لە سلێمانی و پەیکار ڕەشید، سەرپەرشتیاری پرۆژەکان لە ڕێکخراوی (IOM).
ئامانج لەم سەردانە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی کاری هاوبەش بوو بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەرتی پیشەسازی و پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان، بە تایبەتی فراوانکردنی پرۆژە تاکەکەسییەکان و گرنگیدان بە کاری ژنان و پشتیوانیکردنیان.
ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری لقی (IOM) لە سلێمانی، ڕای گەیاند کە ڕێکخراوەکەی کار و پرۆژەکانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئەنجام دەگەیەنێت و ئەو پرۆژانەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە، هاوکارییەکی تەواوی مادی بۆ دابین کراوە بە پێی مەرجە داواکراوەکان.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و ڕای گەیاند: “وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، هەمیشە پشتیوانی ئەو ڕێکخراوانە دەکەین کە هاوکارن بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی و پرۆژە مامناوەندەکان لە پارێزگای سلێمانی، کە دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەردولا پێکەوە کار دەکەن لەسەر هاوکاریکردن و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ژینگە و تازەگەری تەکنۆلۆژیا، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرکەوتوو بۆ مانەوە و بەردەوامی پرۆژەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر.
ئەم پەیوەندییانە نیشانەیەکی بەرچاوە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی کاریگەر لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و دابینکردنی دەرفەتی کاری زیاتر لە پارێزگای سلێمانی.