لە رێکەوتی، 6ی نیسانی 2026، ئەنجومەنی وزاریی ئابووری عێراق بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای عێراق، بەئامادەبونی وەزیری دارای و وەزیری بازرگانی و ژماریەک لە وەزیرانی دیکەی حکومەتی عێراق، بە مەبەستی تاوتوێکردنی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کۆبونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، و سەرۆکانی ژوورەکانی بازرگانیی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك و هەڵەبجە) بەشداریان کرد.
نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وەک نوێنەری کەرتی تایبەت، بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد بۆ گەیاندنی داواکاری و سەرنجەکانی بازرگانانی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە سیستەمی گومرگ.
گرنگترین ئەو خاڵەنی لە کۆبونەوەکەدا باسکران :
• یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان: ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی سیاسەت و پێناسی گومرگی، بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی و ڕێکخستنی کارە گومرگییەکان لە هەموو دەروازەکانی عێراق و هەرێم.
• جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (ASYCUDA): بڕیاردرا لێژنەیەکی تەکنیکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێم پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمەکە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە یاساییەکانی هەرێم.
هاوردەکردنی ئاڵتوون: ئەنجومەن بڕیاریدا “مەرزی نێودەوڵەتی تڕێبێل” وەك دەروازەیەکی رێگەپێدراو بۆ هاوردەکردنی ئاڵتوون بۆ ناو وڵات زیاد بکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییە و قەدەغەی فڕین کە لە ناوچەکەدا هەیە.
لە کۆتاییدا، نەوزاد ڕەباتی دوپاتی کردەوە کە یەکخستنی ڕێکارەکان و ئاسانکارییە گومرگییەکان دەبنە هۆی چالاکترکردنی بازاڕ، پشتگیری لە کەرتی تایبەت، و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان.







