سلێمانی: پێشانگای وەبەرهێنان خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازی کرایەوە

ڕێکەوتی ۲۸/٥/۲٠۲٥ نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محەمەد ڕەسوڵ، جێگری سەرۆک و ژماریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، لەناو بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، پێشوازییان کرد لە بەڕێز (عەتا محەمەد) نوێنەری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و بازرگانان و پیشەسازان بۆ کردنەوەی خولی یەکەمی پێشانگای وەبەرهێنان خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازی لە شاری سلێمانی.

(عەتا محەمەد) نوێنەری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پێشانگاکە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق چونکە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گەیاندنی کڕیار بە فرۆشیار.

ئاماژەی بەوەشدا، لەم پێشانگایەدا توانای بەرزی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی تیادا دەرکەوت کە توانیویانە بە باشترین و بەرزترین کوالێتی بەرگەمەکانیان نمایش بکەن، ئەمەش قۆناغێکی نوێیە لە کردنەوەی پێشانگا.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ڕایگەیاند، کردنەوەی ئەم پێشانگایە بۆ ئاشنابوونی کەرتی وەبەرهێنان و خانووبەرە و پیشەسازی کەرەستەی بیناسازی پارێزگای سلێمانییە کە دەتوانێت نوێترین کار و پێشکەوتنەکانی تێدا نمایش بکرێت کە دەبێتە هۆی ناساندن و لەنزیکەوە ئاشنابوون بە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەرانی شارەکانی دیکەی خوارووی عێراق کە سەردانی ئەم پێشانگایە دەکەن.

پێشانگای وەبەرهێنان خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازی سلێمانی، بە بەشداری زیاتر لە ۱۲٠ کۆمپانیا دەستی بەکارەکانی کرد کە بڕیارە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بێت ڕۆژانە لە کاتژمێر ۱۱ پێشنیوەڕۆ بۆ کاتژمێر ۷ ئێوارە کراوە دەبێت.

کە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی یەکە نیشتە جێبووەکان ئۆفەری تایبەتیان بۆ هاووڵاتییان ئامادە کردووە.