ڕێکەوتی، 2025/5/6 نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و سابیر ئەمین، ئارام بابان، جەوهەر ستار، بەهمەن عوسمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و لە لایەن کۆمپانیای اطلس الاصیل و بە هاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و دکتۆر ملادن کاریچ سەرۆکی فیدراسیۆنی داهێنەرانی ئەورووپی نوێنەری زانکۆی بەلجیکا و ئیبراهیم جەمیل، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەسریاد و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری وەبەرهێنان و جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجەو سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 کۆمپانیای تورکی، هەروەها بە ئامادەبوونی چەندین بازرگان و کەسایەتی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بە ڕێوە چوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتەیەکی پێشکەش کرد.
تەواوی وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەخێرهاتنی هەمووان دەکەم بۆ بەشداریکردنتان و هاتنتان بۆ شاری سلێمانی.
بەڕێز و پرۆفیسۆر دکتۆر ملادن کاریچ، سەرۆکی فیدراسیۆنی داهێنەرانی ئەورووپی و نوێنەری زانکۆی بەلجیکا، بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکان و بازرگانان و پیشەسازان و وەبەرهێنەران بەخێربێن.
ئەمڕۆ بۆ من جێگەی خۆشحاڵییە کە لەم کۆبوونەوە گرنگە بەشداری بکەم، ئەم دیدارە نیشانەیەکی ڕوونە لە ئەرکی گرنگی هاوکاری نێوان بازرگانانی سلێمانی و تورکیا، و هەروەها هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانیدا.
سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، سلێمانی بەهۆی بوونی ئاسایشی گەورەوە بۆتە شوێنێکی گرنگ بۆ بە گەڕ خستنی سەرمایە و پیشەسازییە نێودەوڵەتییەکان. ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە تەواوی باوەڕمان بە تواناکانی بازرگانان و وەبەرهێنەران و پیشەسازانی پارێزگای سلێمانی هەیە لە بواری بازرگانی و هاوبەشی یە نێودەوڵەتییەکاندا.
بەڕێزان، میوانەکانمان لە وڵاتی کۆماری تورکیا،
تورکیا بە یەکێک لە هاوبەشە ئابوورییە گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت، و ئێمە بە ڕاستی هیوادارین ئەم کۆبوونەوە ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگای فراوانتر بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان بازرگانان و وەبەرهێنەران و پیشەسازان.
لەم دەرفەتەدا دەمەوێت چەند زانیارییەکتان پێ بڵێم لەبارەی ژووری بازرگانی سلێمانی، ژوورەکەمان لەسەر ئاستی عێراق یەکەم ژوورە خاوەنی بینای پێشانگای نێودەوڵەتی خۆیەتی و ساڵانە چەندین پێشانگای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی تێدا دەکرێتەوە، هەروەها خاوەنی گەورەترین پڕۆژەی گەنجینەی هاوچەرخە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لە 605 گەنجینە پێک دێت لەسەر ڕووبەر ٣٨٣ دۆنم بنیاتنراوە و تێچوی پرۆژە ١0٤ ملیۆن دۆلارە کە بووەتە سەنتەری بازرگانی نێوان سلێمانی و پارێزگاکانی عێراق.
لەڕووی پیشەسازییەوە پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق ٪٣٣ پیشەسازی پێکدینێت کە 1197 کارگە لەم شارەدا مۆڵەتیان هەیە و لەو ژمارەیەش 91 کارگەی گەورەن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی مۆڵەتیان پێدراوە، 1106 کارگەش بچووک و پیشەین بەرهەمی ئەم کارگانە پێداویستی عێراق دابین دەکەن و هەندێک جۆر بەرهەمیش هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.
لە ڕووی وەبەرهێنانیشەوە، دیسان سلێمانی پێشەنگە و لە ساڵی ۲٠٠٤ تا ۲٠۲٤ ژمارەی ئەو مۆڵەتانەی دراون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بریتییە لە 339 مۆڵەت بە بەهای 19 ملیار دۆلار، کە لە سەددا 27 بازرگانی و لە سەددا 27 پیشەسازی و لە سەددا 9 گەشتیاری و لەسەددا ١٨ نیشتەجێبوونە وە لە بوارەکانی بانکی و هونەری و گەیاندن و تەندروستی و وەرزشی و خوێندن و کشتوکاڵی مۆڵەت دراوە بە وەبەرهێنەران.
بەڕێزان دەمەوێت ئەوەشتان پێ بڵێم لە ڕووی کشتوکاڵیشەوە شاری سلێمانی بە خاکی بە پیت و دەوڵەمەند لە چەندێتیی و چۆنیەتی بەروبووم ناسراوە، لە پارێزگای سلێمان 22٥٧٤ هەزار خانووی پلاستیکی ٧00 پرۆژەی پەلەوەری گۆشت، 62 پرۆژەی ماسی، ۱۳ پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە، ٤٠ پرۆژەی گاوداری بۆ گۆشت و بەرهەمهێنانی شیرەمەنی هەیە و پێداویستی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق دابین دەکەین.
لە ئێستاشدا دەرفەتێکی زۆری وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی هەیە کۆمپانیاکانی وڵاتی تورکیا دەتوانن بەشداربن لە وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و گەشت و گوزار و کشتوکاڵ خوێندن و بانک و تەندروستی، چونکە ئاسایش و ئەمنییەتی شاری سلێمانی وە یاساکانی وەبەرهێنان کار ئاسانی دەکات بۆ بەشداریکردن و کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان لە پارێزگای سلێمانی.
شاری سلێمانی خاوەنی فڕۆکەخانەی خۆیەتی لە هەردوو بواری گەشتیاری و کارگەی بازرگانی کە ئەمەش بووەتە هۆی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و بازرگانانمان، بەڵام داخستنی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا بەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریگەری هەبووە لەسەر ڕەوتی بازرگانی و گەشتیاری نێوانمان دەمانەوێت لەم دیدارەدا کۆمپانیاکانی دەوڵەتی تورکیا کار بکەن بۆ لابردنی ئەو بەربەستانەی بوونەتە هۆی داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان.
ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئامادەین بۆ پشتگیریکردن لە هەموو بازرگانان و کۆمپانیاکان کە دەیانەوێت لەم هەرێمە کار بکەن. هیوادارم ئەم کۆبوونەوە ببێتە هۆی دروستکردنی زۆرترین دەرفەت بۆ گەشەسەندنی ئابووری.
دووبارە سوپاس بۆ ئامادەبوونتان شاد و سەرفراز بن.