خشتەبەندی‌و پۆڵێنکردن

شەن جەزا کەریم

لەزانستی ژمێریاری مۆدێرندا دوو کۆڵەکەی سەرەکی هەن کە یارمەتیدەرن بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی ژمێریاریی، ئەبێت ژمێریاری چالاک پشتیان پێببەستی، ئەویش خشتەبەندی‌و پۆڵێن کردنە Classification and tabulation )).

خشتەبەندی واتە (جدولة)و پۆڵێنکردنیش واتە (التصنیف)، باشتر وایە سەرەتا پۆڵینکردن پێناسە بکەین‌و پاشانیش بێینە سەر خشتەبەندی.

پۆڵین کردن بەواتای جیاکردنەوە بەشێوەیەک کە لەگەڵ پرۆسەی ژمێریاریەکەماندا بگونجێت، بۆ نمونە بمانەوێت لەپرۆسەیەکی بیناسازی یان بازرگانیدا یان هاوردە یان هەناردەدا، پۆڵینی کارەکانمان بکەین بەپێی کوالێتی ئەوا ئەتوانین پۆلێن بکەین‌و پلە دابنێین بەپێی ژمارە لەیەکەوە تا ئەو پلەیەی لەلایەن پسپۆڕانی بوارەکەوە بڕیاری لەسەر ئەدرێت.

یان بەپۆڵێنی پلەی ‌(‌‌‌آ) یان (ب) تا دوایی، لەدوای پۆڵینکردن پێویستمان بەخشتەبەندییە کە ژمێریار ئەبێت گرنگی پێبدات.

خشتەبەندیش مانای ڕێکخستنی خشتەی پێویست بۆ تۆمارکردنی هەموو ئەو زانیاریانەی پێویستن، لەپلەی کاڵاو ڕۆژو کاتی کڕین‌و فرۆشتن‌و نرخی کڕین‌و بەهای فرۆشتن‌و هەرچیەکی تر کە پێویست بێت لەو زانیاریانە پەیوەستە بەو بابەتەوە، تا لەکاتی وردبینی یان گەڕانەوە بۆ بابەتێک یان لیستێک یاخود فاکتۆرێکی کڕین یان فرۆشتن، ئەوا خشتەبەندی بەکەمترین کات ئەمانباتەوە سەر مەبەستەکەی کە ئەمانەوێت.

لێرەدا بۆ بەرچاوڕونی بەپێویستی ئەزانین نمونە بهێنینەوە، نمونە: کۆمپانیایەک (س) کاڵای هاوردە کردوە بەپلەبەندی چوار جۆر کوالێتی، ئەوا پێویست ئەکات ژمێریار خشتەی تایبەتی خۆی ڕێکبخات بەچوار جۆر، واتە دوای پۆلین کردنی پلەبەندی کاڵاکان بەچوار جۆر، ئەوسا ئەچێتە خشتەبەندییەوە، بەپێی پۆڵێنەکە لیستی جیاوازیان بۆ ئامادە ئەکرێت بۆ کڕین‌و فرۆشتن هەریەک بەجیا.

کەواتە لێرەدا ئەبێت ئەوە بزانین خشتەبەندیەکە دوای پرۆسەی پۆڵینکردنەکە دێت، نمونەیەکی تر لەپۆڵێن‌و خشتەبەندی کە پەیوەندی بەو دامازراوانەوە هەیە کە کارەکانیان زیاتر خزمەتگوزاریە، ئەمیش بەهەمان شێوە ئەبێت پۆڵێنی ئەو خزمەتگوزاریانە بکات کە پێشکەشیان ئەکات، پێداویستیەکانی خۆی ڕێکبخات بەپێی گرنگی هەنوکەییان، لەهەردوو بواری خەرجی‌و داهاتدا، پاش پۆڵینکردن خشتەی بۆ ڕێکئەخرێت بەپێی پێداویستی ڕۆژانەو پاشان هەفتانەو تا ئەگاتە مانگانەو ساڵانەش، ئەم دو فاکتە کاری ژمێریار بەجۆرێک ئاسان ئەکات کە هەرکات بیەوێت بگەڕێتەوە بەلیستی حساباتدا، ئەوا بەئاسانی ئەتوانێت بزانێت کام ڕۆژو لە چ مانگێک‌و چ ساڵێکدا بایی چەندی لەکاڵاێ (ب) کڕیوە یان فرۆشتوە، ئەمەش ئەبێتە ئاسانکاریەکی گەورە بۆ گەڕانەوە بۆ حساباتی سەرەکی‌و وردبینی، هەروەها دەرخستنی زیان‌و قازانج‌و بوونی هەر کەمو کورتیەکیش ئەگەر هەبێت.

بەکورتی ئەتوانین بڵێین پۆلێن کردن‌و خشتەبەندی دوو کۆڵەکەی سەرەکی زانستی ژمێریارین کە پێویستە ژمێریاری چالاک پیادەیان بکات‌و کارەکانی خۆی پێ ڕێکبخات، ئاواتەخوازین ئەم زانیاریانە سوودبەخش بن بۆ هەموو ئەوانەی پێویستییان بەژمێریارییەکی سەرکەوتوو بێ گرێ هەیە.