بە بەشداری سەرۆکی ژووری بازرگانی گەورەترین کۆڕبەندی وەبەرهێنان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

ڕێکەوتی 2025/12/9، بە سەرپەرشتی بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکان و بازرگانان و وەبەرهێنەران و بەرپرسانی باڵای عێراقی و نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی لە هۆڵی کارگەی جگەرە، گەورەترین کۆڕبەندی گفتوگۆی گەشەی ئابووری بەڕێوەچوو. کۆڕبەندەکە لەلایەن ڕێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕێکخراوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناسنامەیەکی نوێی ئابووری بۆ سلێمانی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، کە شارەکە لە قۆناغی ڕۆشنبیرییەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی بوون بە سەنتەری ئابووری و کارسازی.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی وتارێکدا لە کۆڕبەندی گفتوگۆی گەشەی ئابووری ڕایگەیاند: “چیتر سلێمانی تەنیا پایتەختی ڕۆشنبیری نییە، بەڵکوو ئێستا سلێمانی پایتەختی داهێنان و کارسازییە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو عێراق.” وە “شارەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ و بەهێز.”
سەبارەت بە چاکسازییە ئیدارییەکان، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامن لە بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان، بە ئامانجی نەهێشتنی ڕۆتین و زیادکردنی شەفافییەت و خێراکردنی پرۆسەی کارکردن و وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەشدا ستراتیژیی حکومەت بریتییە لەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازی تەنیا لە سەنتەری شاردا نەبن، بەڵکوو گرنگیی زیاتر دراوە بە فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکان بۆ شارەدێ و شارۆچکەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی تایبەتمەندییەکانی سلێمانی خستەڕوو کە وای کردووە ببێتە شوێنێکی لەبار بۆ وەبەرهێنان وەک چەندین دەیەیە سەقامگیرترین شارە وە خاوەنی بەهێزترین کەرتی ئاسایش و تەندروستییە و هێزێکی کاری بەهێزی هەیە و ژنانی شارەکە ڕۆڵی کارایان لە ئابووریدا هەیە.
ئامانجی کۆڕبەندەکە بەستنەوەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی بە ڕێکخراوی IFC و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، وە ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی و تەکنیکی، پشتگیریکردن لە هەمەچەشنکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت.
ڕێکخراوی IFC کە ئەندامێکی سەرەکیی بانکی جیهانییە، مێژوویەکی 20 ساڵەی لە عێراقدا هەیە کە بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتەکانی بانک، بازرگانی و کشتوکاڵ کردووە کە بووەتە هۆی ڕەخساندنی 28 هەزار هەلی کارگە 5 هەزاریان بۆ ژنان بووە.
ڕێکخراوی (IFC) کە ساڵی 1956 دامەزراوە و لە زیاتر لە 100 وڵات کار دەکات، تەنیا لە ساڵی 2025دا بە بەهای 71 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بەشداریی لە کاری وەبەرهێنانی جیهانیدا کردووە، بەتایبەت لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی، داهێنان و گەشتیاری.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، کۆنفرانسەکەی بە پێشکەوتنێکی گرنگ ناو برد بۆ شاری سلێمانی و خستنە ڕووی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاندانی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ بەشداریکردن و دەستپێکردنی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی.