بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا درووستبووە، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بازرگانان ئەنجامدا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان و نەبوونی مەترسی کەمی کاڵا یان بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان.
ڕێکەوتی 15/6/2025 نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محەمەد ڕەسوڵ سەفرەی، شێنێ ئیختیار، جێگرانی سەرۆکی ژوور، بورهان علی، سابیر ئەمین، جەوهەر ستار، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و نوێنەرانی عەلوەی سلێمانی و نوێنەری بەنزینخانەکانی سلێمانی و ژمارەیەک بازرگانی هاوردەکردنی کاڵا و خۆراک.
بازرگانان دڵنیاییان دا لە هەبوونی پێداویستی تەواو لە ناو کۆگاکاندا و بەردەوامی هاوردەکردنی کاڵا و نەبوونی هیچ مەتر سییەک لەسەر ڕەوشی بازرگانی.
نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لە کۆ بوونەوەکەدا بەخێرهاتنی جێگری پارێزگاری سلێمانی و بازرگانانی کرد کە ئامادەییان پیشانداوە بۆ لە نزیکەوە گفتوگۆکردن لە سەر ڕەوشی بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی .
ڕاشیگەیاند: “بازرگانان دڵنیاییان داوەتە هاووڵاتییان کە هەموو پێداویستییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لە بازاڕدا بەردەستن و هیچ کێشەیەک لە ڕێگەی هاوردەکردندا نییە.”
لای خۆشییەوە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، سوپاسی بازرگانانی کرد و گوتی: ” سلێمانی بە بازرگان و سەرمایەداری نیشتمانی ناسراوە، و لە هەموو قەیرانەکاندا پشتیوانی هاووڵاتییانیان کردووە. ئێمەش ئامادەین بۆ پشتگیری لە کەرتی تایبەت.”
جێگری پارێزگاری سلێمانی، باناوی بەڕێز(قوباد تاڵەبانی)و حکومەتی خۆجێی سلێمانی، سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانان و سەرمایەدارانی کرد کەبەردەوام پشتیوان و هاوکاربوون لە هەر قەیران و ڕووداوێکی نەخوازراو کە ڕوویانداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها کێشە و گرفتەکانی بازرگانان باسکران بۆ بڕیاردان لە چارەسەرکردنیان.