گرنگیی پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان
کارگەکان شادەماری ئابووری و زامنی ئاسایشی خۆراکن
جەلال سەید کەریم گەڕاوی.
پیشەسازی خۆراک پایەیەکی بنەڕەتی ئابووری وڵاتانە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕێگەی داهاتی بەرز و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراک و سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
سوودەکانی بەڕێوەبردنی ئەم کەرتە لە دابینکردنی خۆراک تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ڕەهەندە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ستراتیژییە دوور مەوداکان لەخۆ بگرێت.
سوود و کەڵکی ئابوری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەڕێوبردنی کارگەکان:
- بەهای زیادکراو و زۆرترین قازانج: پیشەسازییەکانی خۆراک بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەتاییەکان (وەک سەوزە، میوە، دانەوێڵە و گۆشت) دەگۆڕن بۆ بەرهەمێک کە بەهای زیادکراوی زیاتریان هەیە.
بۆ نموونە لەبری ئەوەی گەنم وەک دانەوێڵەی خاو بفرۆشرێت، دەگۆڕدرێت بۆ ئارد و دواتر بۆ نان و هەویرکاری، بەهای ئابوورییەکەی لە هەر قۆناغێکی بەرهەمهێنانیدا چەند هێندە زیاد دەکات. ئەم گۆڕانکارییە ڕێژەی قازانجی زیاتر بۆ بەرهەمهێنەران دروست دەکات و داهات و کەڵکی ئابووری گشتی کەرتی کشتوکاڵ بەرز دەکاتەوە.
- ڕەخساندنی هەلی کار:
پیشەسازی خۆراک یەکێکە لەو کەرتانەی کە زۆرترین چاوی هێزی کاریان لەسەرە. هەلی کاری جۆراوجۆر دەڕەخسێنێت، لە کرێکارانی هێڵی بەرهەمهێنانەوە تا تەکنیکاران و پسپۆڕانی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی، تا ئەوانەی لە بواری پاکەتکردن و بەبازاڕکردن و دابەشکردندا کاردەکەن. ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی تاکەکان.
- هاندانی کەرتە ئابوورییەکانی تر: پیشەسازی خۆراکی گەشەسەندوو هاندەری کۆمەڵێک کەرتی پشتیوانی بەرفراوانە. کارگەکانی خۆراک پێویستیان بە کەرەستەی پاکەتکردن هەیە وەکو (پلاستیک، شووشە، کارتۆن)، کەرەستە و ئامێر، خزمەتگوزاری گواستنەوە و لۆجستی، هەروەها خزمەتگوزاری بەبازاڕکردن و ڕیکلام. ئەم پەیوەندییە بەیەکەوە کاریگەری چەند هێندەکەر لە ئابووری نیشتمانیدا دروست دەکات، چونکە گەشەی کەرتی پیشەسازی خۆراک دەبێتە هۆی گەشەکردنی کەرتە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
- باشترکردنی هاوسەنگی بازرگانی: بە دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە خۆراکییە ئامادەکراوەکان، پیشەسازی خۆراک بەشداری دەکات لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن، کە دراوی قورس بۆ وڵاتەکە دابین دەکات. لە قۆناغێکی دواتردا ئەم پیشەسازییانە دەتوانن بەرەو هەناردەکردن بگۆڕدرێن و ببنە سەرچاوەیەکی گرنگی ڕاکێشانی دراوی بیانی و هاوسەنگی بازرگانی وڵات بەهێزتر بکەن.
کاریگەری پیشەسازی خۆراک و کارگەکان لەسەر ئابووری نیشتمانی
پیشەسازی خۆراک بەشدارییەکی بەرچاو لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتی وڵاتان دەکات. تا بەهای زیادکراو زیاتر بێت کە ئەم کەرتە دروستی دەکات، زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر گەشەی ئابووری گشتی. هەروەها سەقامگیری و گەشەی ئەم کەرتە متمانەی وەبەرهێنەران بەرزدەکاتەوە و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی زیاتر بۆ خۆی ڕادەکێشێت.
پیشەسازی خۆراک ڕۆڵێکی ستراتیژی دەگێڕێت لە گەشەپێدانی گوندەکاندا، بەو پێیەی بازاڕێکی سەقامگیر و پارێزراو بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دابین دەکات، هانی جووتیاران دەدات بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان و باشترکردنی کوالیتییەکەی، ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و باشتربوونی ئاستی ژیان و بەشدارە لە گەشەپێدانی هاوسەنگ لە نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکاندا.
دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی نیشتمانی
ئاسایشی خۆراک بە دابینکردنی خۆراکی سەلامەت و دروست بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا لە هەموو کاتێکدا پێناسە دەکرێت. پیشەسازی خۆراک ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە گەیشتن بەم ئامانجە بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
1- پاراستنی خۆراک لە خراپبوون: پرۆسەکانی ئامادەکردنی خۆراک وەک قوتوکردن و بەستن و وشککردنەوە و پاستوریزەکردن بەشدارن لە درێژکردنەوەی تەمەنی ڕەفەی بەرهەمە کشتوکاڵییە وەرزیەکان و کەمکردنەوەی لەدەستدان و بەفیڕۆدانی خۆراک و دڵنیابوون لە بەردەستبوونی بە درێژایی ساڵ.
2- دابینکردنی خۆراکی هەمەچەشن و سەلامەت: پیشەسازی خۆراک ڕێگە بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوە خۆراکییەکان دەدات کە لەبەردەستی بەکارهێنەراندایە. هەروەها پرۆسەکانی بەرهەمهێنان کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی تەندروستی توند و ستانداردە تایبەتەکانی کوالیتی، دڵنیابوون لە سەلامەتی بەرهەمە خۆراکیەکان و ڕزگاربوونیان لە پیسکەرەکان.
3-دامەزراندنی کۆگایەکی ستراتیژی: پیشەسازییە خۆراکیەکان وا لە وڵاتان دەکەن کە کۆگایەکی ستراتیژی لە کاڵا خۆراکییە سەرەکییەکان بونیات بنێن، کە دەتوانرێت لە کاتی نائاسایی وەکو جەنگ و قەیرانەکاندا بەکاربهێنرێن، هەروەها لە کاتی کارەساتی سروشتی یان هەڵاوسانی توند لە بازاڕە جیهانییەکاندا، ئەمەش توانای خۆڕاگری وڵات لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا بەرز دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە وەبەرهێنان لە پیشەسازی خۆراک و پەرەپێدانی تەنیا بژاردەیەکی ئابووری نییە؛ بەڵکو پێویستیەکی ستراتیژییە بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و بەردەوام، لە ڕێگەی گێڕانەوەی داهاتی بەرز و کاریگەری قووڵی لەسەر ئابووری نیشتمانی و توانای دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک، پیشەسازی خۆراک سەلماندوویەتی کە بزوێنەرێکی سەرەکی گەشەکردن و خۆشگوزەرانییە.