ژووری بازرگانی سلێمانی ڕێزلێنان دەبەخشێتە خاوەنی کارگەی جپسی لینا.
ڕێکەوتی 2025/7/23 ئارام بابان و جەوهەر ستار، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سەردانی کارگەی جپسی لینایان لە پێنجوێن ئەنجامدا و ڕێزلێنانیان بە خاوەنی کارگەکە (ئومێد محمود) گەیاند.
لەم سەردانەدا، نوێنەرانی ژووری بازرگانی لە نزیکەوە بەشی بەرهەمهێنان و پرۆسەی کاری کارگەکەیان بینی، و خۆشحاڵی خۆیان لە پێشکەوتوویی و جۆرایەتی بەرهەمەکانی کارگەی جپسی لینا دەربڕی، سوپاسی و دەست خۆشییان لە خاوەن کارگە کرد کە توانیویەتی بە بەرهەمهێنانی جپسی پێشکەوتوو و گونجاو، بەشداری لە پەرەسەندنی ئابووری ناوخۆیی بکات.
لە بەرامبەردا، ئومێد محمود، خاوەنی کارگەی جپسی لینا، سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری بەردەوامی بۆ کارگە ناوخۆیییەکان، و ئەمەشی وەک هاندەرێک بۆ بەرهەمهێنان و بەردەوامی بە گرنگ زانی.
کارگەی جپسی لینا لە ساڵی ٢٠١١ لە پێنجوێن دامەزراوە بەرهەمی ڕۆژانە: ٦,٠٠٠ هەزار کارتۆنە ژمارەی کارمەندەکان زیاتر لە ٦٠ کەس ڕاستەوخۆ کاری تێدا دەکات.
ئەم سەردانە و ڕێزلێنانە بەشێکە لە کۆششی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ پشتگیریکردن لە کارگە ناوخۆیییەکان و هاندان بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان