حكومەتی عیراق بڕیاریداوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سیستمی ئەسیكۆدا (ASYCUDA)ی تایبەت بە یەكخستن و بەئەلیكترۆنیكردنی تاریفەی گومرگی جێبەجێ بكات، بڕیارەكەش نیگەرانیی بازرگانان و كۆمپانیا و رێكخراوە بازرگانییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوان داوا دەكەن چاوپێداخشاندنەوەی بۆ بكرێت، لەبەرئەوەی بڕیارەكە ئەگەری زیادكردنی رێژەی تاریفەی گومرگیی لەگەڵدایە كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی شمەك لەسەر هاووڵاتییان.
بەرهەم بورهان بەڕێوەبەری رێگەپێدراو لە كۆمپانیای بورهان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بە پێی ئەم سیستمە نوێیە كە حكومەتی عیراق پەیڕەوی دەكات، تاریفەی گومرگی سەر كاڵاكان زیاد دەبێت و لە نێوانەشدا زیانمەندی یەكەم هاووڵاتییە.
داوا دەكرێت نرخی شمەك بە جێگیریی بمێنێتەوە
ئاماژەی بەوەشكرد، لەم سیستمەدا گومرگی سەر كاڵا خۆراكییەكان بە رێژەی %5 بۆ %15 زیاد دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر پێشتر بارێكمان تاریفە گومرگییەكەی سێ ملیۆن دینار بووبێت، ئێستا دەبێتە حەوت ملیۆن، سەرەنجام ئەگەر كاڵایەك پێشتر لە بازاڕدا نرخەكەی 30 هەزار دینار بووبێت، ئێستا دەبێتە 35 هەزار دینار، ئەمەش وا دەكات كاڵا و شمەكی خۆراكی بە گران بگاتە دەستی هاووڵاتییان، لەبەرئەوە داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین زیادكردنی تاریفەی گومرگی رابگرێت، بۆ ئەوەی نرخی شمەك بە جێگیریی بمێنێتەوە و هەڵاوسان دروست نەبێت.
نەوزاد غەفور سەرۆكی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ گوتی: سیستمی ئەسیكۆدا كە یاساكەی لە ساڵی 2010وە دەرچووە، بەڵام ئێستا كە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، نیگەرانیی ژوورە بازرگانییەكانی بە دوای خۆیدا هێناوە، لەبەرئەوەی خەمڵاندنی نرخەكان زیادیكردووە، بۆ نموونە پێشتر تاریفەی گومرگی سەر جلوبەرگ بۆ هەر كیلۆیەك 1.5 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بە هەشت دۆلار خەمڵێنراوە، جیاوازییەكە زۆرە و دەبوو بەر لەوەی بڕیاری لێ بدرێت، خوێندنەوەی تەواو بۆ بازاڕ و پێداویستیی هاووڵاتییان بكرایە.
كاریگەرییەكەی ئێستا دەرناكەوێت
سەرۆكی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی گوتیشی: كاریگەریی ئەم سیستمە ئێستا دەرناكەوێت، چونكە بازاڕ ئەو خۆراك و پێداویستییانەی تێدایە كە پێشتر هاوردەكراون، بەڵام لە داهاتوودا كاریگەریی جێبەجێكردنی بڕیارەكە بە زەقی دەردەكەوێت.
نەوزاد غەفور داوایكرد، حكومەتی عیراق بە رێككەوتن لەگەڵ ژوورە بازرگانییەكاندا پێداچوونەوە بەو تاریفە گومرگییەدا بكات، بۆ ئەوەی نرخ لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەبێت و خاوبوونەوەش لە پرۆسەی بازرگانیدا روو نەدات.
هەرچەندە حكومەتی عیراق داوایكردووە دەروازە سنوورییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بن بەم بڕیارەوە و سیستمەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام تا ئێستا رەزامەندیی پیشان نەداوە، چونكە تا ئێستاش بە ئەلیكترۆنیكردنی دەروازەكان و بەستنەوەیان بە سیستمی ئەسیكۆداوە جێبەجێ نەكراوە و جێبەجێكردنیشی شەش مانگی دەوێت.
سیستمی ئەسیكۆدا چییە؟
ئەسیكۆدا، سیستمێكی كۆمپیوتەریی تایبەت بە تاریفەی گومرگیی جیهانییە كە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بازرگانی و گەشەپێدانەوە پەرەی پێدراوە، ئامانجی زیادكردنی شەفافیەت و ستانداردكردنی رێكارەكانی تاریفەی گومرگییە لە %5وە بۆ %30 لەسەر كاڵا بازرگانییەكان، لەگەڵ سەپاندنی تاریفەی گومرگیی زیاتر بە رێژەی %15 بەسەر كاڵا جوانكارییەكاندا، ئەم سیستمە سەپاندنی تاریفەی گومرگی لە سەرتاسەری وڵاتدا یەك دەخات و ئاستی شەفافیەت بەرز دەكاتەوە و رێكارەكان دەگۆڕێت بۆ شێوازی دیجیتاڵی و هۆكارێكیشە بۆ زیادكردنی داهاتی گومرگ و كەمكردنەوەی گەندەڵی، بەڵام جێبەجێكردنی بۆ ئەمڕۆی عیراق، كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان دروست دەكات كە ئەگەری هەڵاوسانی لێدەكرێت، هەڵاوسانی نرخیش هەمیشە بە زیانی هاووڵاتییان تەواو دەبێت.
وەرگیراوە لە : کوردستانی نوێ







