مەرجەکانی تۆمارکردنی ناوی بازرگانی

چۆنیەتی تۆمارکردنی ناوی بازرگانی
تۆمارکردنی ناوی بازرگانی لە ژوورەکان بە یاسا ڕێکخراوە، وە ئەو یاسا یانەی لە تۆمار کردنی هەرناوێکی بازرگانی بە هەند وەردەگیرێن بریتین لە:
1. یاسای بازرگانی ژمارە ٣٠ ساڵی ١٩٨٤،
2. پەیڕەوی ناوە بازرگانییەکان و تۆماری بازرگانی ژمارە ٦ ی ساڵی ١٩٨٥،
3. ڕێنماییەکانی یەکێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم،
4. ڕێنمایەکانی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق.

‌هەندێک ڕێنمایی گشتی لەسەر تۆمارکردنی ناوی بازرگانی لە ژووری بازرگانی سلێمانی:
بازرگان چ کەسی سروشتی بێت یان معنوی (کۆمپانیا) دەبێت بۆ چالاکییە بازرگانییەکەی ناوێک بەکاربهێنێت کە بە ڕوونی جیاواز بێت لە ناوە بازرگانییەکانی تر کە تۆمار کراون بۆ هەمان ئەو جۆرە بازرگانییە لە چوارچێوەی سنووری ئەو پارێزگایە یان ئەو پارێزگایانەی تیادا تۆمارکراوە (سنوری پاراستنیان بۆ كراوە).
داوای تۆمارکردنی ناوەکە لە لایەن خاوەن کارەکە، یان خاوەنی پرۆژە پیشەسازییەکە، یان بەڕێوبەری کۆمپانیاکە پێشکەش دەکرێت، وە دەکرێت ئەو ناوە بازرگانییەی تۆمار دەکرێت (١) ناوی کەسی خۆی بێت، یان (٢) ناوێکی دا‌هێنراو بێت بەمەرجێک گونجاو بێت بە گۆێرەی یاساو ڕێنماییەکان.
(١) گرنگترین مەرجەکانی تۆمارکردنی ناوی سیانی کەسی وەک ناوی بازرگانی:
1. بازرگان بۆی هەیە ناوی سیانی خۆی یان ناو نازناوی خۆی تۆمار بکات وەک ناوی بازرگانی، بەڵام نازناو بە تەنها بە بێ ناو تۆمار ناکرێت.
2. ناسنامەی کارتی نیشتمانی (بطاقة الهویة الشخصیة) بە کاردەهێنرێت بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان وەک خۆیان.
3. ناوی بازرگانی کەسی بیانی مۆڵەت پێدراو لە عێراق تۆمار دەکرێت بە هەمان شێوەی تۆمارکراو لە ووڵاتەکەی خۆی
4. ناوی بازرگانی کۆمپانیای هاوبەش، سادە، یان پرۆژەی کەسی دەبێت بە لایەنی کەم ناوی کەسی یەکێک لە هاوبەشەکان لە خۆ بگرێت
5. ناوی کەسی و نازناو وەک ناوی بازرگانی بۆ کۆمپانیای سنوردار ڕیگەنادرێت.

(٢) گرنگترین مەرجەکانی تۆمارکردنی ناوی بازرگانی داهێنراو یان خوازراو:
1. بازرگان بۆی نیە جگە لە ناوی کوردی و عەرەبی ناوی بازرگانی تۆمار بکات بۆ بازرگانییەکەی، وە لە کاتی گومان لە ناوێکی بازرگانی داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت سەردانی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری بکات بۆ ڕاستاندنی ناوەکە.
2. دەکرێت ناوی بازرگانی ئینگلیزی تۆمار بکرێت لەهەرێم بەڵام سنووری پاراستنی تەنها لەهەرێم بۆ دەکرێت نەک لە بەشەکانی تری عێراق.
3. ڕێگە نادرێت بە تێکەڵکردنی دوو زمان یان زیاتر لە ناوێکی بازرگانیدا
4. لقی کۆمپانیای بیانی مؤڵەت پێدراو لە عێراق تۆمار دەکرێت وەک خۆی لەگەڵ زیادکردنی دەستەواژەی ( لقی عێراق).
5. ناوی بازرگانی نابێت پێچەوانەی داب و نەریتی گشتی بێت.
6. ووشەی ئایینی ناگونجێت وەک ناوی بازرگانی بەكاربهێندرێت
7. بازرگان نابێت ناوێکی بازرگانی بەکاربهێنێت کە ببێتە هۆی بە هەڵەبردنی خەڵک یان سەلێشێواندنیان دەربارەی ڕاستی و دروستی جۆری چالاکییە بازرگانییەکەی یان پیشەسازییەکەی، بۆ نمونە بەکارهێنانی ناوی ‌هێمایەکی بازرگانی بەناوبانگ (علامة تجاریة مشهورة).
8. ناکرێت ناوی بازرگانی واتایەکی وا بگەینێت کە بەشێکە لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت .
9. ناوی بازرگانی دەبێت واتای جۆری کۆمپانیا بەگەیەنێت
10. هتد..

بۆ زانیاری ژووری بازرگانی بۆی هەیە هێڵ بەسەر هەر ناوێک دا بهێنێت لە هەر کاتێک دا ئەگەر دەرکەوت تۆمارکردنەکە پێچەوانەی یاسایە.