توانای زانستی، گرنگترین سەرچاوەی دەسەڵاتە لەسەدەی 21دا


لەجیهانی پڕ لەگۆڕانكاریی ئەمڕۆدا، زۆرجار ئەو پرسیارە دەورژێنرێت كە سەرچاوەی هێزو دەسەڵات لەچیدایە؟
زۆربەی ئەو بیرمەندو زانایانەی شیكاری‌و راڤەی سەدەی بیست‌و یەكەمیان كردووە بەپێچەوانەی سەدەكانی پێشترەوە كە سەرچاوەی دەسەڵاتیان لەلولەی تفەنگ‌و هێزی سەربازیی‌ یان پارەو بانكدا دەبینی، پێیانوایە ئەوەی خاوەنی نوێترین تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا‌و توانای زانستی بێت خاوەنی هێزو دەسەڵاتیش دەبێت لەسەدەی بیست‌و یەكەمدا.

بەدڵنیایی لەهەڵسەنگاندنی هێزو دەسەڵات‌و پێگەی وڵاتان لەگۆڕەپانی سیاسی‌و ئابوری جیهاندا، چەندین پێوەری جۆراوجۆر هەن، لەتوانای سەربازییەوە بگرە تا دەگات بەكێش‌و قورسایی دیبلۆماسی‌و توانای زانستی‌و تەكنیكی، توانای بەرهەمهێنان، نرخی دراو، رەهەندی بازرگانی دەرەكی‌و چەندانی دیكەش، بەڵام لەنێو هەموو ئەم پێوەرانەدا، توانای زانستی بەگرنگترین سەرچاوەی هێزو دەسەڵات دادەنرێت. توانای زانستی‌و تەكنیكی وڵاتێك، زیاتر لەپێوەرەكانی دیكە هێزو دەسەڵات‌و كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوە بەو وڵاتە پێدەبەخشێت، ئەمەش زیاد لەهەمو فاكتەرەكانی دیكە لەگرەوی توانای خوێندنی باڵاو ئاست بەرزیی زانكۆكانی ئەو وڵاتەدایەو وەك یەكەمین فاكتەری كاریگەریش لەرۆڵ بینینی لەهاوكێشەی سیاسی‌و ئابوری جیهاندا دادەنرێت.

لەم روانگەیەوە مافی خۆمانە بەدیدێكی رەخنەگرانەوە لەئاستی خوێندنی باڵا‌و زانكۆكانی كوردستان بڕوانین، كە زۆربەمان لەسەر ئەوە كۆكین ئەم شێوازی خوێندنە كلاسیكی‌و ئەم شێوە کارکردنەی زانكۆکان ناتوانن كادێرێكی زانستی بەرهەمبهێنن كە بیربكاتەوەو توێژینەوەی وردی زانستی‌و داهێنەرانە ئەنجامبدات.
بێگومان رەگێكی گرنگی گەشە نەكردنی ئابوری لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە خوێندن‌و پەروەردە‌و زانكۆكانی كوردستان لەبازاڕ‌و لەخزمەتكردن بەئابوری دابڕاون، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا‌و زانكۆكان هێشتا درێژكراوەی ئەو سیستەمە ستالینی‌و سۆشیالیستییەن كە وەك جاری جاران ئەركی كورت كراوەتەوە بۆ ئەوەی كارمەند‌و فەرمانبەر بۆ دەوڵەت‌و حكومەت بەرهەم بهێنن. 

وەک ئاشکرایە هێشتا بەشێك لەو رشتانەی كە ساڵانە بەڕێژەیەكی زۆر خوێندكارو قوتابییان تێدا وەردەگیرێت، ئەو رشتە ئەدەبیانەن كە بەكەڵكی بازاڕ‌و پێداویستییەكانی جیهانی ئەمڕۆ نایەن‌و پێویست ناكات بەو رێژە زۆرە لەو بەشانەدا خوێندکار وەربگیرێن. 
جیهانی ئەمڕۆ جیهانی زانست‌و تەكنیك‌و تەكنەلۆجیایە، کێ لەتوانای زانستی‌و تەکنەلۆجیادا بەهێز بێت لەهەمو بوارەکانی دیکەشدا بەهێز دەبێت، بۆ نمونە وڵاتێكی وەك ئیسرائیل كە باڵادەستییەكی تەكنیكی‌و تەكنەلۆژی‌و زانستی بەسەر هەموو وڵاتانی چواردەوریدا هەیە، هۆكارەكەی ئەوەیە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە (كە دامەزرێنەرەكانی زۆربەیان زانای زانستەكانی فیزیا‌و كیمیا بوون)، هاتون سیستەمی خوێندنی باڵایی وڵاتەکەیان بەشێوەیەك داڕشتووە كە ساڵانە 96%ی ئەو بڕوانامایانەی وەردەگیرێن زانستین‌و تەنها رێژەیەكی كەمی تەرخان كراوە بۆ بوارە ئەدەبییەكان، ئەمە جگە لەوەی خوێندکارە زانستییەكانی بەكردەكی فێری توێژینەوەو داهێنانی نوێ‌ دەكرێن‌و هەر ئەمەشە وایکردووە بەراورد بەكەمی ژمارەشیان هێشتا جولەكەكان خاوەنی زۆرترین خەڵاتی نۆبڵی بوارە زانستییەكانن.

بەڵام بەپێچەوانەوە لەزانكۆكانی كوردستاندا، تەنانەت بەشە زانستییەكانیش وەك پێویست كار لەسەر ئەوە ناكرێت خوێنكار‌و قوتابی فێری ئەنجامدانی توێژینەوە‌و دۆزینەوەی زانستی‌و داهێنان بكرێت، بۆ نمونە دەرمانسازانی کوردستان لەبری ئەوەی وەك دەرمانسازانی هەموو دنیا كاری یەكەمیان توێژینەوەی زانستی بێت، دەچن دوكانێكی عەتاری دادەنێن‌و ئیشیان تەنها كورت دەبێتەوە بۆ دەرمان فرۆشتن! پاش ئەوەی دوو سێ‌ ساڵ لەدەرمانحانەیەكدا كار دەكەن دواتر دەچن بۆ خۆیان دەرمانخانەیەك دادەنێن‌و بەتەواوی لەكاری توێژینەوە‌و داهێنانی زانستی دادەبڕێن، كە زیاد لەهەر شتێك بازاڕ‌و ئابوری وڵاتان پێویستی پێیەتی. 

ئەوەی مەبەستمانە: پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت كە توانای زانستی گرنگترین سەرچاوەی دەسەڵاتی ئابوری‌و سیاسی‌و سەربازییە لەجیهانی ئەمڕۆ‌و لەم سەدە هەژێنەرەی بیست‌و یەكدا.


PM:03:54:11/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 681 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌