تارمایی بێ ئاویی‌و وشکەساڵی بەسەر کوردستانەوە!

ئاراس عەبدولکەریم مەعروف

وا بەرەو چلەی هاوێن ئەچین، گڕەو گەرما لەلایەک‌و قەیرانی کەم ئاویش لەلایەکی دیکەوە، ژیانی لەبەشێکی بەرچاو لەهاوڵاتیانی کوردستان هەراسان کردوە.
 
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دوکان‌و دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەکەن کە رێژەی ئاوی ئەمساڵی ئەو دو بەنداوە بەراورد بەساڵانی رابردو لەنیوە کەمترە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش زەنگی مەترسی لێئەدەن کە ئاوی خواردنەوە نەک رو لەکەمیی، بەڵکو بگرە رو لەنەمانیشە! دابەشکردنی ئاو لەبەشێکی فروانی شارەکانی کوردستان بوە بەهەفتانە، خەڵک لەتاو بێ ئاوی بەتەنکەر ئاو دەکڕن‌و بەهۆی زیادبونی خواستی هاوڵاتیانیشەوە لەسەر ئاو، نرخی تەنکەری ئاو تا دێ گرانتر دەبێت. لەئێستادا گەورەترین کێشەی دانیشتوانی‌ بەشێک لەگوندەکانی  گەرمیان‌و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش نەبوونی‌ ئاوی‌ خواردنەوەو ئاوی‌ كشتوكاڵكردنە. 
 
ئێستا ئەم وڵاتە، کە رۆژگارێک بەوڵاتی "نێوان دو روبارەکە" ناودەبراو گرنگترین شارستانیەتە دێرینەکانی رۆژهەلاتی لەسەر بنیاتنراوە، تینوویەتی‌و رووبەڕووی قەیرانێكی مەترسیداری ئاو بۆتەوە.
 
گەرمبونی زەوی‌و گۆڕانکارییەکانی کەش‌و هەواو گەشەی خێرای دانیشتوان‌و فراوانبونەوەی شارەکان‌و کەمی رێژەی باران بارین، کوردستان‌و عێراق‌و ئەم ناوچەیەی گیرۆدەی قەیرانی کەم ئاویی‌و وشکەساڵی کردوەتەوە، بەئەندازەیەك کە لە ٥٠ ساڵی رابردودا وشکەساڵی بەمجۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئاوی شیرین، کە تا رابردوییەکی نزیک وەک کاڵایەکی زۆرو زەبەندو خۆڕایی سەیر دەکرا، ئێستا رۆژ بەڕۆژ بەنرخترو دەگمەنتر دەبێ‌و وەک کاڵایەکی ستراتیجی بواری ئابوری‌و سیاسەت هەژمار دەکرێت. 
 
ئەمڕۆ زێڕی شین زیاتر لەزێڕی رەش کاریگەری لەسەر بەشێکی گەورەی دانیشتوانی جیهان‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروستکردوەو بەپێی ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر بیست ساڵ جارێك بەهۆی زۆربوونی دانیشتوانەوە پێویستی ئاو لەجیهاندا دوو هێندە زیاد دەكات. زۆرێک لەشارەزایان پێیانوایە ئە‌گە‌ر نە‌وت پێشتر ڕۆڵێكی سە‌رە‌كی بینبێت لەداڕشتنی سیاسە‌تی ڕۆژهە‌ڵاتی ناوە‌ڕاستدا، ئە‌وا لەمەودوا ئاو دە‌بێتە ئە‌و كاڵا ستراتیجییەی رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت لەداڕشتنی سیاسە‌ت‌و پلانی ئابوریدا. 
 
قەیرانی ئاو یەکێکە لەگرنگترین پرسەکانی ئێستای کوردستان، کە پێشبینی دەکرێت لەساڵانی ئایندەدا ببێتە خەمی گەورەو پلە یەکی هاولاتیان، ئەوەی جێی نیگەرانیشە بەرپرسانی وڵات‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و هاوڵاتیانیش وەک پێویست درک بەقەبارەو مەترسی ئەم قەیرانە ناکەن‌، بەجۆرێکیش لێیدەڕوانن‌و روبەروی دەبنەوە وەک ئەوەی سەرچاوە سروشتی‌و ئاوییەکانی کوردستان سەرچاوەیەکی لەبڕان نەهاتو بن‌، هەر لەم روانگەیەشەوە زۆربەی ئاوی شیرینی کوردستان بەفیڕۆ دراوە.
 
لەکاتێکدا كەم بونەوەی ئاو‌و خراپ بەڕێوەبردنی‌و بێ پلانی‌و بێ بەرنامەیی بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاولاتیان‌و لەسەر کەرتەکانی گەشتیاریی‌و كشتوكاڵ‌و سامانی ئاژەڵداری‌ دروست کردوە، بەسەرنجدان لەوەی بەرهەمهێنانی هەر كیلۆیەك لەمیوەو سەوزەو گۆشت‌و خۆراكێك پێویستی بەسەدان لیتر ئاوە.
ئێستا لەیەک کاتدا ئاوی سەرزەوی‌و ژێرزەوی كوردستان لەمەترسیدایە، چونكە بیرلێدان بەشێوەی هەڕەمەکی‌و بەنایاسایی‌و زیاد بەکارھینانی ئاوی ژێر زەوی‌و شاردنەوەی‌ زبڵ‌و خاشاكی كۆكراوەی‌ رۆژانەو دواتر ژێرخاككردنی، هەڕەشە لە‌پیسبوونی‌ سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ ژێرزەوی‌ دەكەن. بەمەرچێک حەوزی ئاوی ژێرزەوی دەشتی هەولێر‌و شارەزور‌و ئاكرێ‌و بازیان لەڕووی چەندایەتی‌و چۆنایەتییەوە بەگرنگترین حەوزی گلدانەوەی ئاوی ژێر زەوی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژمێردرێن.و حەیفە بەم بێباکییە بەفیڕۆ بدرێن.
 
بەرپرسیاریەتیی ئەم قەیرانەش هەم دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت‌و هەم هاوڵاتیانیش، چونكە مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئاودا ناكەن‌و بڕێكی زۆر لەم كاڵا ئابورییە بەنرخە رۆژانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەفیڕۆ دەدرێت، چارەسەری ئەمەش پێویستی بەدەركردنی یاسایەكی تایبەتە بەپاراستنی ئاو، تا بەمەبەستی نەهێشتنی زیادەڕۆیی لەبەکارهێنان‌و بەهەدەردانی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، بەپێی میکانیزمێکی نوێ ئاو بەهاوڵاتیان بدرێت.
 
بایەخ‌و گرنگی ئاو بەهیچ جۆرێك بەراورد ناكرێت بەسەرچاوە سروشتیەكانی دیكەی وەك نەوت، چونكە ئاو لەزۆربەی بوارەكانی بەكارهێنانیدا ئەڵتەرناتیڤی نییە، بەتایبەتی بۆ بەردەوامی ژیانی مرۆڤ‌و بۆ چاندنی بەروبومە خۆراكییەكان‌و بۆ بنیاتنان‌و مانەوەی شارستانیەتەكان.
 
ئەمڕۆ هەموو وڵاتانی ئەم ناوچەیە زۆر بەگرنگییەوە لەقەیرانی كەم ئاویی دەڕوانن‌و لەخەمی گلدانەوەی ئاو‌و بەكارهێنانیدان وەك كارتێكی بەهێز لەململانێكانیاندا، چونكە پێشبینی دەكرێ‌ ئەم ناوچەیە نەك روبەڕوی وشكە ساڵی بەڵكو روبەڕوی وشكە سەدەیی ببێنەوەو سەدەی بیست‌و یەكەم سەدەی قەیرانی ئاو بێت لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە حەق وایە حكومەت‌و لایەنە پەیوەندایدارەكان‌و هاوڵاتیانی كوردستانیش ئامادەكاریی پێشوەختە بكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەم قەیرانە‌و وەك كارەساتێكی نیشتمانی لەکوێربونەوەو وشک هەڵگەڕانی روبارو کارێزو کانیاوەکان بڕوانن.
 
لەدێرزەمانەوە خەڵكی ئەم ناوچەیە لەبایەخی ئاو تێگەیشتون كە ئاویان یەكسان كردوە بەئاوەدانی، تەنانەت لەنەخش‌و نیگارە دێرینەکانی کێوی بێستوندا نزاو پاڕانەوەی پاشایەکی سەردەمی چاخی کۆن لەئاهورامزدا سەرنجڕادەكێشێت، کە لێی دەپارێتەوە تا ئەم خاک‌و سەرزەمینە لەسێ شت بپارێزێت: دوژمن، درۆو وشکەساڵی.


AM:12:35:12/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 739 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌