لەم مانگەدا، پەیامێك بۆ بازرگانان


مانگی رەمەزانی پیرۆز، جگە لەوەی مانگی رۆژ ‌و خواپەرستییە، هاوكات مانگی لێبوردەیی‌و خێر‌و بەخشندەییە، ئەو مانگەیە كە خودای پەروەردگار لەسەر مسوڵمانانی پێویست كردووە كە دەبێت دەوڵەمەندەكان هاوكار ‌و یارمەتیدەربن بۆ هەژار‌و كەمدەرامەتەكان، بۆیە كاسبكاران‌و بازرگانان فرۆشیاران لەم مانگەدا نرخ زیاد نەكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە خۆراك‌و خواردەمەنی رۆژانە بەنرخی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتیان.

هەمیشە شاری سلێمانی بەناوبانگ بووە بەوەی كە پیاوچاكان‌و دەوڵەمەندەكان لەم مانگەدا پێداویستییەكانی هەژار‌و كەمدەرامەتەكانیان دابین كردووە، هاوكاری‌و هەماهەنگی تەواو هەبووە لەنێوان چین‌و توێژەكانی ئەم شارەدا، شاری پڕ مزگەوت‌و تەكیە‌و خانەقایە كە ئەو شوێنە پیرۆزانە شوێنی هاوكاری هەژاران‌و كەمدەرامەتەكان بووە، جگە لەوەی شوێنی خواپەرستی بوون.

دەوڵەمەند‌و سەرمایەدارەكان لەكۆنەوە لەمانگی رەمەزان‌و بۆنە ئاینییەكاندا هاوكاریی تەواوی هەژاران‌و كەمدەرامەتەكانی شاری سلێمانی بوون، جگە لەوەی ئەم مانگە مانگی زەكاتە كە مسوڵمانان‌و ئەوانەی زەكاتیان لەسەرە دەبێت ئاگایان لە نەخۆش‌و پیرو پەككەوتە‌و خێزانە هەژارەكان بێت، هیوادارین كۆمەڵگەی كوردەواری ئەم نەریتە جوانە فەرامۆش نەكات‌و رێچكەی كۆنی پیاوچاكان لەیاد نەكەن بەتایبەتی كاسبكاران‌و بازرگانان‌و فرۆشیاران نرخ لەسەر هاووڵاتیان زیاد نەكەن‌و خۆراك‌و خواردەمەنی بەسەرچوو نەهێننە بازاڕەوە، بەڵكو ژینگە‌و تەندروستی هاووڵاتیان‌و مسوڵمانان بپارێزن.

گەلی كوردستان دەبێت گەلێكی هاوچەرخ بێت‌و هاوكار‌و پشتیوان بێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا‌و رێساكانی هەرێم‌و ئەنجامدانی بەرنامە‌و رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم.

AM:02:29:21/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌