کۆڕبەندی بازرگانی نێوان تورکیاو سلێمانی بەڕێوەچوو

بەبەشداری زیاتر لە ٤٠ کۆمپانیای ووڵاتی تورکیا لەشاری سلێمانی کۆڕبەندێکی هاوبەشی بازرگانی و پیشەسازی بەڕێوەچوو.

یاسین رەحیم، جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند "ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە هاوکاری کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی لەشاری سلێمانی توانیان کۆڕبەندێکی بازرگانی ئەنجام بدات".

راشیگەیاند "لەکۆڕبەندەکەدا ٤٠ کۆمپانیای بوارە جیاوازەکانی لەووڵاتی تورکیا بەشداربون لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیەکانی شاری سلێمانی لە نزیکەوە یەکتریان بینی و توانیویانە گرنگی بەکاری هاوبەش بدەن ئەمەش لەدوای ئەوەی کۆمپانیا ناوخۆیەکانی سلێمانی لەماوەی ڕابردودا سەردانی شاری مێرسینیان کردبوو لە ووڵاتی تورکیا  بەمەبەستی دروستکردنی کاری هاوبەش".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرا، بازرگانی کردن و هاوردەکردنی پێداویستی لەووڵاتی تورکیاوە لەپلەی باڵادایە لە دوای ووڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

کۆمپانیا بەشدارەکان لە بواری خۆراکی و  پیشەسازی و کشتوکاڵی پاکەرەوە و جوانکاری و کۆزماتیک و گەشتوگوزا و چەند بوارێکی دیکە زانیاریەکانیان کاڵاکانیان نمایشکردبوو.
 
نەواف کیلیچ، سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی رایگەیاند" ئەو پەیوەندیانەی کە هەمانە لەگەڵ بازرگانان و خاوەن کارانی هەرێمی کوردستان دەمانەوێت زیادی بکەین و بەهێزتری بکەین".

راشیگەیاند" توانیومانە بۆ ئەم کۆربەندە ٤٠ کۆمپانیا لەبوارە جیاوازەکاندا بهێنینە شاری سلێمانی و ئاشنایەتی دروستبکەین لەنێوان کاری هاوبەشی بازرگانی و پیشەسازی".

ئاماژەی بەوەشدا کۆمپانیا تورکییەکان ئامادەن بۆزیاتر کاری هاوبەش و گرنگیدان بە توانای کاری سلێمانی، تابتوانین کاری بازرگانی بەرەو پێش بەرین و هاوکاری زیاتری کاری هاوبەش بین.

جەختیکردەوە لە ئێستادا ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کە بڕی بازرگانی کردن لە گەڵ عێراق بەرز بکەینەوە بۆ ٥٠ ملێۆن دۆلار.

لەکۆڕبەندەکەدا کە پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لەبازرگانانی شاری سلێمانی و خاوەنکاران تیایدا بەشداربون لەنزیکەوە باس لە کارە بازرگانیەکان و پتەوکردنی پەیوەندیەکان کرا.

هەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند "لەم جۆرە کۆبونەوانەدا بازرگانانی هەردولا ئاشنادەبن بەکاری یەکتری و پەیوەندی بەهێزدروست دەکەن وە توانیومانە لەناو شاری سلێمانی بازرگانی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا بکرێت بەهۆی چاوکراوەی بازرگانەکانمان کەتوانیویانە پەیوەندی بەهەمو لایەکەوە بکەن".

راشیگەیاند" پشتیوانی لە ئابوری سەوز دەکەین کە خۆی لە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پیشەسازی دەبینێتەوە تا هەناردەکردن زیادبکەین و پشت بەکەرتی نەوت نەبەستین کە دەرفەتی کارکردن زیاد دەکات".

ئاماژەی بەوەشدا لەهەوڵداین کە بتوانین لەڕوی خوێندنەوە پیەوەندیەکان بەهێزتربکەین و زەمالەی خوێندن لە ووڵاتی تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان بکرێتەوە کەئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردولا.


PM:02:43:15/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌