بەلجیكا دەیەوێ لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكات

پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، رۆژ بە رۆژ پەرە دەستێنێت، یەكێك لەو وڵاتانەش بۆ ئەو مەبەستە شاندی رەوانەی هەرێم كردووە، بەلجیكایە و یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیشی لەگەڵ بەرپرسانی بازرگانی هەرێم واژوو كردووە.

كاروان سوورچی گوتەبێژی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی دا، ئەو شاندەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، هی هەرێمی فلاندەری  بەلجیكا بوون و خوازیارن لە بواری جیاوازدا لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی كوردستان كار بكەن.

ئەو روونی كردەوە، شاندەكە لەگەڵ ژووری بازرگانی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان واژوو كردووە و لە داهاتوودا كاریگەرییەكانی ئەو جۆرە یاداشتانە زیاتر بەدیار دەكەوێت.
بازرگانانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانن لەو بوارەدا سوود لە ئەزموونی بەلجیكییەكان وەربگرن.

بەلجیكییەكان بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵدا ئەزموونێكی زۆریان هەیە، بازرگانانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانن لەو بوارەدا سوود لە ئەزموونی بەلجیكییەكان وەربگرن. 

پێویستە بگوترێ پێشتریش دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، باسی لەوە كردبوو شاندە بازرگانییەكەی بەلجیكا لە سێ بواردان، بریتین لە بەشداریكردن و پێشخستنی كاركردنی ژنان، پەرەپێدان بە بەرهەمی خۆماڵی و كشتوكاڵی و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك و ریسایكلین.

كاروان سوورچی ئاماژەی بەوە دا، پێشانگەی ئەمڕۆی نێودەوڵەتیی هەولێریش كە تایبەتە بە خانووبەرە و بیناسازی، دەرفەتێكی لەبارە بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان، تا پێوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان بەهێز بكەن.
 
وشە


PM:09:41:07/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌