وردەكاریی ئەو پرۆژانەی كۆمپانیای تۆتاڵ لە عێراق جێبەجێیان دەكات

عێراق گرێبەستێك بە بڕی 27 ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیایەكی فەرەنسیدا ئیمزاكرد بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە.

ئەمڕۆ یەكشەممە حكومەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای "تۆتاڵ ئینێرجیز”ی فەرەنسیدا گرێبەستێكی ئیمزاكرد. 

ئامانج لێی وەبەرهێنانە لە كەرتی وزەدا و بوارەكانی نەوت و غازی سروشتی و كارەبا دەگرێتەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ئەو گرێبەستەوە ڕایگەیاند، "بەهای گرێبەستەكە 27 ملیار دۆلارە و گەورەترین وەبەرهێنانە كە كۆمپانیایەكی بیانی لە عێراق-دا كردبێتی”.

ئاشكراشیكرد، یەك لەسەر سێی پارەكە لە ماوەی حەوت ساڵی داهاتوودا خەرجدەكرێت و لەڕێگەی پرۆژەكانی گرێبەستەكەوە، پەرە بە كەرتی نەوت دەدرێت و وەبەرهێنان لە غازی سروشتیدا دەكرێت و سوود لە وزەی خۆر وەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.

وەزیری نەوتی عێراق ڕوونیكردەوە، كۆمپانیا فەرەنسییەكە قۆناغی یەكەمی پرۆژەكان بە سێ تەوەر جێبەجێ دەكات، كە یەكەمیان بریتییە لە ڕاكێشانی ئاوی دەریا بۆ كێڵگە نەوتییەكان كە ئەوەش یەكێكە لە پێویستییە سەرەكییەكانی بەرهەمهێنانی نەوت.

دووەم تەوەری پرۆژەكان، وەبەرهێنانی غازی سروشتییە لە كێڵگەكانی دەرەوەی كۆمپانیای غازی بەسڕە و ڕۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەمدەهێنرێت و بەوەش هاوردەكردنی غازی سروشتی كەمدەكرێتەوە.

وەك وەزیری نەوتی عێراق باسیكردووە، تەوەری سێیەمی پرۆژەكان، پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی ئەڕتاوی دەبێت كە لە باشووری عێراقە و ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو كێڵگەیە لە 85 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە بۆ 210 هەزار بەرمیل بەرزدەكرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، عێراق لەبەرامبەر پەرەپێدانی ئەو سێ بوارەی كەرتی وزەدا، هیچ پارەیەك نادات و دوای خستنەگەڕی پرۆژەكان، كۆمپانیا فەرەنسییەكە پارەكانی وەردەگرێتەوە.

حكومەتی عێراق لەبارەی ئەو پرۆژانەوە دەڵێت، "رۆڵێكی گرنگیان دەبێت لە پێشخستنی كەرتی وزەدا، بەوپێیەی ئێستا عێراق یەك لەسەر سێی كارەبا و غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات و شەش ملیار دۆلار قەرزداری ئێرانە و ئەو قەرزەش پارەی كەڵەكەبووی هاوردەكردنی وزەیە.



PM:07:49:06/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌