کارگەیەک لەکەلار به‌کوالێتی به‌رز کلێنکس به‌رهه‌مده‌هێنیت

ئا: ڕێژەن سەردار


کارگه‌که‌یەک لەکه‌لار به‌کوالێتی بەرز کلێنکس به‌رهه‌مده‌هێنیت‌و خاوەنەکەی دەڵێت "دەمانەوێ‌ کێبڕکێی به‌رهه‌می هاورده‌کراو بکەین".

که‌ریم مه‌جید، خاوه‌نی کارگه‌ی لاین بۆ به‌رهه‌مهێنانی کلێنکس، بەڕۆژنامەی "بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند به‌رهه‌مه‌کەیان له‌ڕووی نرخ‌و کوالێتیه‌وه‌ توانیویەتی کێبڕكێی ئه‌و به‌رهه‌مانەی وڵاتان‌ بکات کە ئێستا له‌بازاڕدا هه‌یه‌، ئەو وتی "لەڕووی کوالێتییەوە‌، تاکو ئێستا دوو جار به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی پیشه‌سازی سلێمانی سوپاسنامه‌ی ئاڕاسته‌ی کارگه‌که‌مان کردوه‌، به‌هۆی به‌رزی کوالێتی به‌رهه‌مه‌کانمان، له‌ڕووی نرخیشه‌وه‌ له‌به‌رهه‌می وڵاتان زۆر هه‌رزانتره‌ له‌ئێستادا له‌بازاره‌کان دوو ده‌سته‌ کلێنکس ده‌فرۆشرێت به‌هاوڵاتیان ته‌نها به‌1000 دینار".
 
وتیشی "بەرهەمەکەمان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ خواستێکی زۆری له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر به‌رزی کوالێتییه‌که‌ی‌و هه‌رزانی نرخه‌که‌ی".
کەریم ئاماژە بەوە دەکات کە له‌ڕووی ژینگه‌‌وه‌ بەتەواوی ره‌چاوی رێنماییه‌کانیان کردووەو دەستخۆشیشیان لێکراوە، ئەو وتی "لیژنه‌کانی ته‌ندروستی به‌رده‌وام سه‌ردانمان ده‌که‌ن‌و چاودێری کاره‌کانمان ده‌که‌ن، لیژنه‌ ته‌ندروستییه‌کان‌و ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێم ده‌ستخۆشی لێ کردوین‌و سوپاسنامه‌ی ئاڕا‌سته‌ کردوین به‌هۆی پابه‌ندبوونی ته‌واومان به‌مه‌رجه‌کانی ژینگه‌پارێزیی".

خاوه‌نی کارگه‌ی لاین بۆ به‌رهه‌مهێنانی کلێنکس ئەوەش روون دەکاتەوە کە به‌رهه‌مه‌کانیان ته‌نها بۆ هه‌رێمی کوردستان نییە بەڵکو ده‌ینێرن بۆ باشورو ناوه‌ڕاستی عێراقیش، ئەو وتی "به‌رهه‌کانمان له‌سه‌رجه‌م شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان‌و باشوورو ناوه‌راستی عێراق هه‌یه‌، توانیومانه‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر باش پێداویستی بازاڕه‌کانی عێراق‌و هه‌رێمی کوردستان پڕ بکه‌ینه‌وه‌، له‌زۆربه‌ی شاره‌کانی باشوری عێراق هاوڵاتیان کلێنکسی کارگه‌که‌مان به‌کارده‌هێنن‌و زۆر لێمان رازین".

کەریم مەجید ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی دامەزراندنی کارگه‌ی لاین بۆ به‌رهه‌مهێنانی کلێنکس توانیویانە هەلی کار بۆ ژمارەیەک لەگەنجانی شاری کەلار بڕەخسێنن کە زیاد لەهەر شتێک پێویستیان پێیەتی، لەبەرئەوەی رێژەیەکی بەرچاو لەگەنجانی ئەو شارە بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن، ئەو وتی "هه‌لی کارمان بۆ 45 گه‌نج ره‌خساندوه‌، هیوادارین له‌داهاتوودا بتوانین کارگه‌که‌مان فروانتر بکه‌ین‌و هه‌لی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بڕه‌خسێنین، کە ئەمە یەکێکە لەئامانجە گرنگەکانمان، بۆ ئەوەی دەستی کاری ناوخۆ بخەینە کارو سوودیان لێوەربگرین‌و نەهێڵین بێکار بن‌و دایاتێکیان هەبێت‌و بیر لەئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە بکەنەوە".

بەڵام خاوەنی ئەم کارگەیەش، وەک زۆربەی خاوەن کارگەو پڕۆژە پیشەسازییەکان سکاڵای ئەوە دەکات کە حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست هاوکاری ناکەن، ئەو وتی "حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هاوکاریمان ده‌کات له‌ڕووی کەمکردنەوەی باج لەسەر ئه‌و ماده‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هاورده‌ی ده‌که‌ین، به‌ڵام تاکو ئێستا کارگه‌که‌مان ئاوی نیه‌ ده‌بێت خۆمان ئاو بۆ کارگه‌که‌ دابین بکه‌ین".



PM:08:58:05/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 382 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌