وتەبێژی حکومەت: بودجە بۆ ژمارەیەک پرۆژە تەرخانکرا

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ژماره‌یه‌ك بڕیاردراوه‌ و گوژمەیەکی مانگانە بۆ رووبەربونەوەی کێشەی ئاو تەرخانبکرێ و یه‌كێكی دیکەش له‌بڕیاره‌كان هه‌رزانكردنی نرخی به‌نزین و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نانه‌واخانه‌كانن.

د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتیشی، "لە چەند رۆژی داهاتوو لە عێراقەوە بەنزین دێت بۆ هەرێم و بەو جۆرەش نرخی بەنزین دادەبەزێت، ئەو بەنزینەی دەهات بۆ هەرێم کوالێتی زۆر خراپ بوو، بڕیارماندا لەگەڵ حکومەتی ناوەند ڕێبکەوین بۆ ئەوەی هەم پاڵاوگەی بەرهەم هێنانی بەنزین زیاد بکەین هەم لە عێراقەوە بەنزین بێت بۆ هەرێم بەوەش نرخی بەنزین دادەبەزێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ماوه‌ی رابردودا، كۆدی بێهاوتای فه‌رمانبه‌رانمان راگه‌یاند وله‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كۆدی 460 هەزار فه‌رمانبه‌ر ته‌واو بونه‌ و په‌نجه‌مۆریان وه‌رگیراوه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌قۆناغی یه‌كه‌م ته‌واو بوه‌، ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تی دارایی بۆئه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكیان بۆ بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی كارنامه‌و به‌ڵێنی حكومه‌تدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی مامه‌ڵكردنه‌ به‌ پاره‌، به‌مزوانه‌ش قۆناغی كۆتاییهێنان به‌دروستكردنی كۆدی بێهاوتا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و هه‌ندێك وه‌زاره‌ت و داموده‌زگای ئه‌منی ده‌گرێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، بڕیاریشدرا هه‌ردوو وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان و بازرگانیه‌كان هه‌ڵده‌ستن به‌ هێنانه‌خواره‌وه‌ی نرخی گازی شل بۆ نانه‌واخانه‌ و سه‌مونخانه‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنان، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌رێژه‌ی 20% نرخی كاره‌با له‌سه‌ر سه‌مونخانه‌ و نانه‌واخانه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌، وه‌زاره‌تی بازرگانیش هه‌ڵده‌ستێت به‌هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق بۆ دابینكردنی به‌شه‌ خۆراكی هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت به‌شه‌ ئاردی مانگانه‌.


PM:08:34:01/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌