سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی: ئارامی‌و سەقامگیریی، گرەنتی گەشەی ئابورییە

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

سەرۆکی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد ئاماژە بەوە دەکات كە "هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا هەرێمی کوردستان روبەڕوی قەیرانی ئابوری‌و کێشەی نەدانی موچەو بودجەو دۆسیەی کۆرۆناو وشکە ساڵی‌و پاشەکشەی وەبەرهێنان بووەتەوە، بەلام ئەگەر ئارامی‌و سەقامگیریی روبەڕووی هەڕەشە بێتەوە، لەهەموو ئەو قەیران‌و دۆسیانەی تر مەترسیدارتر دەبن بۆ گەشەی ئابوریمان".

سەرۆکی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد بەرۆژنامەی "بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەزۆر بواردا پێویستی بەڕێكخستنەوەیەكی تۆكمە‌و بەردەوامە بۆ ئەوەی باشتر توانای روبەڕوبونەوەی قەیرانەكانی هەبێت، بەتایبەتی ئەو كێشەو گرفتانەی كە روبەڕوبەری كاری بازرگانی‌و پیشەوەران دەبنەوە، ئەو وتی "زۆر ئاشكرایە كە بەبێ‌ ئاسایش‌و ئارامی توانای چارەسەری ئەو دۆسیە جیاوازانەمان نابێت، تەنها لەسایەی باشکردنی بارودۆخەکەو دابین کردنی کەشێکی ئارام‌و سەقامگیر، دەتوانین قەیرانە ئابورییەكان‌و كێشەكانی بازرگانان‌و وەبەرهێنەران تێدەپەڕێنین".

وتیشی "كوردستان وڵاتێكی پڕ لەتوانای مرۆیییەو دڵنیاین هەموو ئەو گرفت‌و قەیرانە ئابورییانەی ئەمڕۆ کوردستانی تیا دەژی، دەبن بە بەشێک لەرابردو گەربێتوو کەسانی دڵسۆزو كارامەو شارەزا بێنە پێشەوە بۆ چارەسەر کردن".

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە په‌ره‌پێدانی ئابوری دەتوانێت ببێتە بنه‌مایه‌كی پتەو بۆ ئاسایش‌و ئارامییەكی جێگیرو به‌رده‌وام، ئەو وتی "لەهەموو وڵاتانی جیهاندا ئامانج لەئاسایش‌و ئارامییەكی چەسپاو، بەرزكردنەوەی ئاست‌و چۆنییه‌تیی ژیان‌و دەستەبەر كردنی خۆشگوزه‌رانیی تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌كان‌و پێشخستنیانە، لەهەر كات‌و شوێنێكیشدا ململانێ‌و ناڕەزایەتی‌و توندوتیژیی كۆمەڵایەتی سەرهەڵبدات، توانای ئەو شوێنە لەئاستی ناوخۆو لەگەڵ دەرەوەشدا لاواز دەبێت بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی‌و ئابورییەكەشی دادەڕوخێت".

سیروان محەمەد ئەوەشی روونكردەوە كە هەروەك چۆن گەشەی ئابوری، ئاسایشی وڵات بەهێز دەكات، بەهەمانشێوەش ئاسایش‌و ئارامی دەرفەت بۆ گەشەو پەرەپێدانی ئابوری دەرەخسێنێت، ئەو وتی "ئێمە خوازیارین هەموو بەرپرسان‌و لایەنە سیاسی‌و حكومییەكانی سلێمانی‌و كوردستان لەم سۆنگەیەوە بڕواننە پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان گەشەی ئابوری‌و ئاسایش، كە دوو دیوی یەك دراون".

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش كرد كە "زۆر باسی کاری قاچاغچێتی دەكرێت لەسنورەکان، ئەم جۆرە كارانە ناچنە چوارچێوەی كاری بازرگانی یاساییەوە، وەك ژووری بازرگانی بەدواداچون‌و زانیاریی تەواومان لەسەر ئەم بابەتە نییە، بەڵام رای ئێمە ئەوەیە كە ئەمە كارێكی نایاساییی‌و خراپەو زیان بەئابوری كوردستان‌و بەرهەمهێنانی كوردستان دەگەیەنێت، لەمبارەوە بەڕێوەبەری دەروازەکانی دەتوانن زیاتر بدوێن‌و پەرلەمانتارانی کوردستانیش درێغیان نەکردوەو بەردەوام بەدواداچون‌و باسی ئەوە بابەتەیان کردوە".

وتیشی "کۆمەڵێک کێشە هه‌ن روبەڕوی بازرگانان بونەتەوە بەتایبەتی لەدەروازە سنورییەكان، بۆ نمونە هەر بازرگانێک کە کاڵا لەدەروازەکان دەهێنێتە هەرێم بەڕێژەی 3% باجی لێوەردەگیرێت، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو کاڵایە دەفرۆشرێت یاخود نا، بۆیە ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەروازەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ناتوانین بڵێین زۆر باشە یان زۆر خراپە، لەبەرئەوەی کۆمەڵێک گرفت‌و کێشە هەیە لەدەروازەکان کەوا ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو یاساو رێسایانەی لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دەردەچێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شپرزەییەی کە لەدەروازەکانی خواروی عێراقدا هەیە بەتایبەتی ئوم قەسر کەوا کاڵایەکی زۆری لێیەوە دێت، یاساکان بەتەواوەتی جێبەجێ ناکەن‌و هاوکاری خەڵک دەکەن گومرگەکان کەم وەردەگرن، ئەوە وایکردوە کاریگەری بکاتە سەر دەروازەکانی ئێمەو ئەو مامەڵەی بازرگانیانە بگەڕێتەوە بۆ دەروازەکانی خوارووی عێراق".
  
سەبارەت بەدوبارە كردنەوەی ئەو رەخنەیەش كە ئاڕاستەی ژوورە باوزرگانیەكانی كوردستان دەكرێت، كە لەساڵی 2006ەوە هەڵبژاردنیان ئەنجام نەداوە، سیروان محەمەد وتی "ئێمە بەشێكین لەیەکێتی ژورە بازرگانییەکانی عێراق، یەكێتی ژوورە بازرگانیەكانی عێراق، تا ئێستا هەڵبژاردنێكی راستەقینەیان نەكردوەو ئەو هەڵبژاردنەی کردیانە، تەنها شکڵی بوە، ئێستا لەگەڵ یەکێتی ژورە بازرگانییەکانی عێراقدا لەسەر ئەوە رێككەوتوین‌و بڕیارمانداوە لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان بە یەک پاکێج هەڵبژاردن بکەین". 

وتیشی "یاسای ژوورە بازرگانییەكان ئێمە دەڵێت پاش تەواو بوونی ماوەی یاسایی چوار ساڵ، چوار ساڵی تریش قابیلی نوێکردنەوەیە، نەیوتوە هەر چوار ساڵ‌و دواتر هەڵبژاردن بکرێت، رەنگە واش پێویست بووبێت‌و کۆبونەوەمان لەسەر کردوەو رای حکومەت‌و رای کۆمەڵێک خەڵک وابووبێت کە رەنگە مانەوەمان باشتر بووبێت، لەبەرئەوەی ئێمە کۆمەڵێک بازرگانین لەژورە بازرگانییەکان کار دەکەین، بەڵام پێشمانوایە هەڵبژاردن‌و گۆڕانکاریی بونی باشترە لەنەبونی، هاوكات ئێمە ئەوەی لەدەستمان هاتووە بۆ پێشخستنی كاری بازرگانی درێغیمان نەكردوەو ئێستا ماندوو بوین‌و خوازیارین کۆمەڵێک بازرگانی راستەقینە بێنە ژورە بازرگانییەکان‌و دەستاو دەستی دەسەڵات بکرێت‌و دەورو تەسلیمیان لەگەڵ بكەین".

سیروان محەمەد جەغتی لەوەش كردەوە كە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەشانازییەوە توانیویەتی ئیدارەی ئیش‌و كارەكانی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە بدات‌و یەكێكە لەباشترین ئەو ژوورانەی كە توانای خۆژیاندنی هەبووە بەبی ئەوەی چاوەڕوانی یارمەتی بووبێت لەحكومەت‌و لایەنی تر، بگرە لەزۆر بۆنەی گرنگ‌و چارەنوسسازدا كۆمەك‌و هاوكاری پێشكەش بەهێزی پیچشمەرگەو ئاراوەو لێقەوماوانی كارەساتە مرۆییەكانی لەكوردستان كردووە، ئەو وتی "ئێمە لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی داهاتمان هەبوە، لەكاتێكدا ژوورە بازرگانییەکانی عێراق داهاتیان نیەو لاواز بون‌و توانای خۆبژێوییان نیە، زۆرجار ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هاوکاریان بوین بۆ ئەوەی نەکەون، یەکێک لەوانە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی کەرکوک بووە کە دۆخی ئابوری زۆر خراپ بوو،  کە کۆمەڵێک بازرگانی کوردی تێدایەو بەتوانان، وایلێهاتبو زۆر لاواز ببون ئێمەو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی هەولێرو دهۆکیش هەر لایەکمان بڕی 50 ملیۆن دینارمان پێدان بۆ ئەوەی نەکەون، تەنانەت ژورە بازرگانییەکانی هەرێم وەك قەڵغانێک وابوون بۆ مانەوەو پارێزگاریی كردن لە ژوورە بازرگانەکانی عێراق". 

دەربارەی یاسای نوێی باج، کە زۆرێك لەبازرگانان ناڕەزایی بەرامبەر دەردەبڕن بەو پێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لەسەرەتای ساڵەوە باجیان لێوەردەگیرێت، سیروان محەمەد وتی "هەر بازرگانێک کە کاڵا لەدەروازەکان دەهێنێتە هەرێم بەڕێژەی 3% باجی لێوەردەگیرێت، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو کاڵایە دەفرۆشرێت یاخود نا، تەنانەت هەندێک کاڵا بەهۆی بونی وادەی بەسەرچونییەوە رەنگە توشی زیان بووبێت، ئێمە نوسراومان کردوەو بەڕێوەبەری گشتی گومرگ وەڵامی داوەتەوەو دەڵێت ئەو پارەیە گومرگەو پەیوەندی بەباجەوە نیە، لەکاتێکدا لەروی یاساییەوە نایاساییە، هەروەها دەیان‌و سەدان کۆمپانیامان هەیە بەهۆی ئابوری کوردستانەوە وەستاون‌و کاریان نەماوە، بەڵام بەپێی ئەو یاسایەی کە دەریان کردوە دەبێت باج بدەن ئیتر قازانج بکەن یان نا، لەکاتێکدا لەدنیادا کە کۆمپانیایەک کاری نابێت هاوکاری دەکرێت بۆ ئەوەی نەکەوێت نەک باج بدات‌و پارەی لێبسەنرێت".
 
وتیشی "لەهەمو دونیادا بازرگان‌و وەبەرهێنەران گرنگی‌و رێزی تایبەت بەخۆیان هەیە، دەبێت ئێمە ئاسایش‌و ئارامی بۆ خاوەنكار‌و سەرمایەداران دابین بكەین، ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین کە پارەی ئەم وڵاتە نەچێتە دەرەوەو پارە لە پڕۆژەكانی پیشەسازی، گەشتیاریی‌و کشتوکاڵی خەرج بکرێت، لەو پێناوەشدا زیاد لەهەر شتێك خوازیاری ئەوەین ئاسایشی شار دەستەبەر بكرێت‌و سەقامگیریی شار بپارێزین، ئەوەی جێی دڵخۆشییە تا ئێستا ئاسایش‌و ئارامیمان پارێزراوە، ئەگەر ئەم ئاسایش‌و ئارامییەمان نەبوایە ئەوا نەماندەتوانی كارو كاسپی‌و وەبەرهێنان‌و بازرگانی بکەین، هەر لەسایەی ئەم ئاسایش‌و سەقامگیرییەدایە كە سەرمایە لەم وڵاتەدا كەڵەكە بووەو کۆمەڵێک خەڵکی سەرمایەدار دروستبوە، هەربۆیە هەموومان لەسەر ئەوە كۆكین كە ئارامی‌و سەقامگیریی لەشاری سلێمانی‌و هەموو كوردستاندا، گرەنتی گەشەی ئابورییە".



PM:04:49:16/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 330 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌