وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان كۆمپانیاكانی نه‌وت ئاگه‌دار ده‌كاته‌وه‌ و مۆڵه‌تی 18 مانگیان پێ ده‌دات

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی نه‌وت كردووه‌، كه‌ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، مۆڵه‌تی 18 مانگی خستوونه‌ته‌ به‌رده‌م تا كۆتایی به‌ سووتانی گاز له‌ ته‌واوی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان بهێنرێت.

ماڵپه‌ڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و بڕیار و هه‌نگاوه‌ی هه‌رێمی كوردستان جێی بایه‌خه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ ژینگه‌ییانه‌ ده‌بێ، كه‌ ڕوویان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ كردووه‌.

هاوكات ڕۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تی، تا ئێسته‌ ڕوون نییه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن كۆمپانیاكان به‌و بڕیاره‌ پابه‌ند ده‌كات و ورده‌كاری به‌فیڕۆنه‌دان و سووتانی گازی سروشتی كه‌ له‌ بیره‌ نه‌وته‌كان دێته‌ ده‌ره‌وه‌ چییه‌ و چۆنه‌، ئه‌مه‌ تا ئێسته‌ به‌ ته‌واوی ڕوون نییه‌.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ نووسیویه‌تی، ئه‌گه‌ر ملیۆنان دۆلار له‌و پرۆژه‌یه‌ خه‌رج بكرێ و كۆمپانیاكان ڕێوشوێن بگرنه‌به‌ر، به‌ڵام ئه‌مه‌یش كارێكی ئاسان نییه‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان تا ئێسته‌یش ده‌یان ملیۆن دۆلاری كۆمپانیاكانی نه‌وت قه‌رزاره‌.

پێشتر كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نه‌رویجی له‌ هه‌نگاوێكی بێ وێنه‌دا، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌و گازه‌ سروشتییه‌ی له‌ ده‌رهێنانی نه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌ك دووباره‌ خستییه‌وه‌ ژێر زه‌وی، تا له‌و كاته‌ی ژێرخانی گازی سروشتی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ ده‌بێ، بتوانرێ سوودی لێ وه‌ربگیرێت.


PM:08:47:30/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌